Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
13-10-2026

قوباد تاڵەبانی: لە چەند ڕۆژی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەردەوامە و پەیوەندیی نێوانیان نەپچڕاوە. جەختیش لەوە دەکاتەوە گرفتی نێوانیان لەسەر دابەشکردنی وەزارەت و پۆست نییە.  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە دیداری مێری وتی، "لە چەند ڕۆژی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووش لەگەڵ کاک مەسرور کۆبووینەوە و گفتوگۆیەکی جددیمان لەسەر شێوازی حکومڕانی کرد".  لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ پارتی کێشەیان لەسەر دابەشکردنی پۆست و وەزارەت نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە لەسەر سیستەمی حکومڕانی.  لەبارەی بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، كۆبونه‌وه‌كان نه‌وه‌ستاون، چ كۆبوونه‌وه‌ی ڕە‌سمی یان كۆبونه‌وه‌ی فسكه‌ فسك، كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتیی هه‌ر ده‌كرێت، ناونیشانی كۆبونه‌وه‌كان موهیم نین، تێگه‌یشتن له‌ موعاناتی یه‌كتر موهیمه‌، تێكه‌یشتن له‌و دڵنیاییه‌ی كه‌ هه‌ردوولا پێویستی بێت بۆ تێپه‌ڕبوون له‌م قۆناغه.

هەواڵ
13-10-2026

بریکاری وەزارەتی پیشەسازیی دەستگیر کرا

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانیان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر کرد. سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق (واع)ی راگەیاندووە، ناسر کازم جبر، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، دەستگیر کراوە. بەپێی زانیارییەکان، هێزێکی دەستەی دەستپاکی ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە و لەناو ماڵی خاوەنی کارگەیەکی چیمەنتۆ لە سەماوەی سەر بە پارێزگای موسەننا، ئەو بەرپرسەیان دەستگیرکردووە. دەستگیرکردنەکە بە تاوانی ئاشکرای وەرگرتنی بەرتیل بووە، کە لەسەر بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ خاوەنی کارگەکە بە مەبەستی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و بەخشین بووە. هێزەکان لەو چوارچێوەیەدا هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنەکە و دەستیان بەسەر پارەکاندا گرتووە. دواتر دەستگیرکراوەکەیان گواستووەتەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەری بگیرێتە بەر.

گشتی
13-10-2026

داهاتی عێراق پشت بە چی دەبەستێت؟

بەڕێوەبەری ئامار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەهای دۆلار بۆ ئابووریی عێراق گرنگییەکی لەڕادەبەدەری هەیە، بەوپێیەی عێراق وڵاتێکی بەکاربەرە و 93%ی داهاتەکەشی پشت بە نەوت دەبەستێت. هاوکات جەختی کردەوە, ئەرکی سەرەکیی بانکی ناوەندی پاراستنی بەهای دینارە و یەدەگی دارایی بانکەکەش موڵکی تەواوی وڵاتە نەک تەنیا حکوومەت. سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەمیر فەخری، بەڕێوەبەری ئامار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند: بەهای دۆلار بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە، چونکە عێراق وڵاتێکی بەکاربەرە و داهاتەکەشی بە دۆلارە، پرسی ئاڵوگۆڕی دراو تەنیا پرۆسەیەکی سادەی گۆڕینەوەی پارە نییە. فەخری روونی کردەوە کە خەرجییەکانی حکوومەت بە تەواوی بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوتەوە و گوتی: "93%ـی داهاتەکانمان بەهۆی نەوتەوە دابین دەکرێت و حکوومەتیش لە رێگەی ئەو داهاتەوە پارەی خەرجییەکانی بەکاربردن و پرۆژەکانی وەبەرهێنان دابین دەکات." سەبارەت بە ئەرک و پێگەی بانکی ناوەندیش، بەڕێوەبەری ئامار جەختی کردەوە: ئەرکی سەرەکیی بانکی ناوەندی، پاراستنی بەهای دینارە بەرانبەر بە دراوە بیانییەکان؛ دەتوانم بڵێم یەدەگی دراوی بیانیی بانکی ناوەندی موڵکی تەواوی دەوڵەت و وڵاتە نەک تەنیا حکوومەت.

هەواڵ
13-10-2026

هێرشکرایە سەر کۆمپانیای نەوت

کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان رایگەیاند، هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە سەنعای پایتەخت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکە بیسترا و حووسییەکانیش هۆشدارییان دابوو لە ئەگەری هەر بۆردومانێکدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز و دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لەناو خاکی سعوودیە دەکەنە ئامانج. سێشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەناڵی مەسیرەی زمانحاڵی گرووپی حووسییەکان لە هەواڵێکی بەپەلەدا پشتڕاستی کردەوە کە کۆمپانیای نەوتی یەمەن لە شاری سەنعا کراوەتە ئامانجی هێرشی سەربازی. پێشتریش کەناڵی حەدەس لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانی یەمەنەوە بڵاوی کردبووەوە، فڕۆکە جەنگییەکان چەندین هێرشی ئاسمانییان لەناو پایتەخت ئەنجام داوە و بەهۆیەوە دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە. هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاندبوو: هێزە چەکدارەکانی یەمەن داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکەن دەستبەجێ ئەو ئامانجانە چۆڵ بکەن و لێیان دوور بکەونەوە کە هێزەکانمان بەئامانجیان دەگرن، ئەگەر دوژمنی سعوودی هێرش بکاتە سەر پێگەیەک لە سەنعا. گوتەبێژی حووسییەکان بە روونی سێ ئامانجی سەرەکیی لەناو خاکی سعوودیە دەستنیشان کرد بۆ تۆڵەسەندنەوە، کە بریتی بوون لە: بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری دەمام، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز، و پاڵاوگەی نەوتی ئارامکۆ لە هەمان شار. هەروەها داوای لە سەرجەم کارمەندان، ئەندازیاران، گەشتیاران و هێڵە ئاسمانییەکان کردبوو لەو شوێنانە دوور بکەونەوە. ئەم بۆردوومانە پاش چەند کاتژمێرێک دێت لە هەنگاوێکی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، کە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکەوە وێستگەی ناوەندیی نەوتی سەباحە سەر بە کۆمپانیای نەوتی یەمەنی لە ناوچەی بەنی مەتر لە شاری سەنعا دیاری کردبوو و داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی مەدەنی کردبوو دەستبەجێ شوێنەکە چۆڵ بکەن، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی جۆری". ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتوونەتە لووتکە؛ پێشتر سعوودیە تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستیی لە ئاسمانی ریاز ڕاگەیاند و بەو هۆیەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە راگرتنی گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز درێژ کردەوە، کە لە هێرشەکانی شەممەی رابردوودا زیانی بەرکەوتبوو و قوربانیی لێ کەوتبووەوە. لە بەرانبەر پەرەسەندنی ئەم هەڕەشانەدا، فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ئەمریکا (FAA) داوای لە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان کردووە لە کاتی گەشتکردن بۆ سعوودیە و بەکارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتەدا وریایی تەواو بگرنەبەر. هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە ریاز گەشتی کارمەندانی حکوومیی وڵاتەکەی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی سعوودیەوە سنووردار کردووە و بەستوویەتییەوە بە مۆڵەتی تایبەت.

هەواڵ
13-10-2026

مەسرور بارزانی و وێندی گرین جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی کوردستان و...

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 10/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گوێندەلن (وێندی) گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.  لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.  هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پەیوەندیی و دۆستایەتیی و هاپەیمانیەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و بە تایبەتی پەرەپێدانی لە بواری بازرگانی و فراوانکردنی زیاتری وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها جەخت لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و گرنگیی چارەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و شایستە داراییەکان و تەرخانکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، تاوتوێ کرا.

هەواڵ
13-10-2026

ئیلهام ئەحمەد چ پۆستێک لە حکومەتی سووریا وەردەگرێت؟

ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، 90٪ـی پڕۆسەی تێکەڵبوونی سەربازیی هەسەدە جێبەجێکراوە، ئێمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا مافەکانمان لە دەستوور جێبەجێ دەکەین.  ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە دیدارێکی تایبەت ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێشتا لە قۆناغی تێکەڵبووندان، پڕۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ دیمەشق قۆناغی باشی بڕیوە و لە 90%ـی پڕۆسەی تێکەڵبوونی سەربازیی جێبەجێکراوە، لەم هەنگاوانەی تێکەڵبووندا مافەکانی کوردیش دەدرێن و کورد لە بواری سەربازیی، ئیداری و بەڕێوەبردن لە سووریا بەشدارە، لەو چوارچێوەیەشدا مەڕسومەکانی پەیوەست بە کورد بناغەی جێگیرکردنی مافەکانیانە. ئیلهام ئەحمەد وتیشی: ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە ئیدارەی خۆسەر نییە، بەڵکو پۆستەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەڕێوەدەبرێن دەربارەی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی لە قۆناغی داهاتووی سووریا، ئیلهام ئەحمەد، وتی: بەپێی ڕێککەوتنی کۆتایی من دەبمە ئەندامی پەرلەمانی سووریا. ئیلهام ئەحمەد باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد، لەوانە: - هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هاوکاریکردنی ڕۆژئاوا. - لە زۆربەی پارێزگاکانی سووریا بۆشایی ئەمنی هەیە، تایبەت بە بارودۆخی حەسەکەش پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنیی بەرپرسیارن لە دۆخی ناوچەکە. - گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام یەکێک لەو کێشانەی لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خانەوادەی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین ماون، لە بەرانبەر پێدانەوەی خانووی ئاوارەکان، چەکدارەکان داوای پارە لە ئاوارەکان دەکەن. - دەربارەی ئاوارەکانی سەرێ کانی چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بگەڕێنەوە - پڕۆسەی ئاشتیی پەکەکە و تورکیا لەم کاتەدا زۆر گرنگە، ئێمە تا ئێستا هیچ دیدارێکمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەبووە، بەو بە هیواین سەردانی تورکیا بکەین. - زۆر هەوڵمان دا تەواوی سیستمی خوێندن لە ڕۆژئاوا بەکوردی بێت، بەڵام ئەو خواستەی ئێمە بەدی نەهات، هاوکات ئێمە تەئکید لەوە دەکەینەوە پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە ڕۆژئاوای کوردستان. - لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا مافەکانمان لە دەستوور جێبەجێ دەکەین.

هەواڵ
13-10-2026

سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا کرد و گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد. دەقی ڕاگەیەندراوەکە: ئەمڕۆ سێشەممە 10/13، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەزلووم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا کرد. لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتی و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی سووریا و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و مافەکانی کورد و گشت پێکهاتەکان کرد.

هەواڵ
13-10-2026

بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران گفتوگۆ دەکرێت

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستەییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ی عێراق دەکەن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت: گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و دەستپێکردنی هەنگاوەکانی پلەبەرزکردنەوە لە بەغدا، لە هەرێمی کوردستانیش پرۆسەکە دەست پێ دەکات. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە، لە ماوەیەکی دیاریکراودا زانیارییەکانی تایبەت بە خشتەی پلەبەرزکردنەوە، سەرمووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران ئامادە بکەن، ئێستا پرۆسەکە بەردەوامە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوە کە ماوەی 11 ساڵە ڕاگیراوە. بەپێی زانیارییەکان، لەبارەی پلەبەرزکردنەوە لێکتێگەیشتی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو داهاتوو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکەنەوە.

هەواڵ
13-10-2026

ژنێک دوای وەرگرتنی دەرزیی تێکەڵە گیانی لەدەست دا

ژنێک لە کەرکووک بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەردانی دەرمانخانەیەکی کردووە، دوای بەکارهێنانی دەرزییەکی تێکەڵە، گیانی لەدەستداوە. قوربانییەکە ناوی، ئەحلام خەڵەف حەمزە، تەمەن 35 ساڵە و دانیشتووی کەرکووکە. بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن سەردانی دەرمانخانەیەکی لە گەڕەکی نیدائی شارەکە کردووە، بەڵام پاش لێدانی دەرزییەکی تێکەڵە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. لە لایەن پۆلیسی کەرکووکەوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە و تەرمی قوربانییەکەش بە مەبەستی توێکاریی پزیشکی و دیاریکردنی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی، رەوانەی بەشی پزیشکیی دادوەری لە نەخۆشخانەی ئازادی کراوە، هاوکات پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ رووداوەکە کراوەتەوە تا رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر.

هەواڵ
12-10-2026

هاوسەرگیری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 10% کەمی کردووە

بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان، ڕێژەی هاوسەرگیری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا 10% کەمی کردووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیەش بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی کڕینی پێداویستییەکانی ناوماڵ دەگەڕێتەوە کە لەسەر شانی بنەماڵەی بووکە.بەپێی نەریت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، کڕینی تەواوی کەلوپەلی ناوماڵ لەسەر بنەماڵەی بووک دەمێنێتەوە. بەهۆی قەیرانی ئابووری و گرانیی بێڕادەی بازاڕەوە، کڕینی کەلوپەلە سەرەکییەکان بووەتە بارگرانییەکی زۆر قورس لەسەر بنەماڵەکان.ئەگەر ڕێککەوتنی هەردوولا بەجۆرێک بێت کە بنەماڵەی بووک تەواوی کەلوپەلەکان دابین بکەن، ئەوا تێچووی کڕینی جیاز دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن تمەن. قەرزی هاوسەرگیریی حکومەت تەنیا 300 ملیۆن تمەنە ئەم جیاوازییە گەورەیە وایکردووە کە  توانای پرکردنەوەی تێچووە سەرەکییەکانی پرۆسەکەی نەبێت.

هەواڵ
08-10-2026

گوتەبێژی سوپای پاکستان: هێزمان ناردووە بۆ سعودییە

گوتەبێژی فەرمیی سوپای پاکستان: دروستبوونی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لە خۆڕایی نەبووە، هێزەکانی وڵاتەکەی بە فەرمی لە ناو خاکی سعوودیەن. لیوا ئەحمەد شەریف چاودری، گوتەبێژی سەربازیی سوپای پاکستان "سەرباز و کەرەستە سەربازییەکانی پاکستان لە چەندین بواری جۆراوجۆر و پسپۆڕیی بەرگریدا ئێستا لە ناو خاکی سعوودیە جێگیرن و بەشدارن لە ئەرکە ئەمنییەکاندا" لیوا چاودری لەبارەی ڕێککەوتننامەی مەککە گوتی: ئامادەیی هێزەکانی پاکستان لە سعوودیە مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە؛ بەدرێژایی دەیان ساڵ هێزەکانمان بە توانست و ئەزموونی جیاوازەوە لە سعوودیە بوون. هاوپەیمانیی مەککە شتێک نییە لە خۆڕایی هاتبێتە ئاراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی بەردەوامی دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازی و کولتووری لەنێوان گەل و دەوڵەتەکانی پاکستان، سعوودیە و تورکیادا بنیات نراوە. گوتەبێژی سوپای پاکستان دووپاتی کردەوە، ئیسلامئاباد بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هاوبەشەکانی و هێزەکانیان لە تەواوی بوارە سەربازییەکاندا لەگەڵ سوپای سعوودیە هاوئاهەنگن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسی و ئاڵنگارییەکی ئەمنی

هەواڵ
07-10-2026

دوو ملیار دینار لە هاتوچۆی سەڵاحەدین دزراوە

دەستەی دەستپاکی لە ڕایگەیاند: تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە نووسینگەی سەڵاحەددین، گەندەڵییەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاکەدا بە بەهای دوو ملیار دینار ئاشکرا کرد . بەرپرسی هۆبەی سزاکان کە ئەفسەرێکە بە پلەی عەقید، بڕی 1 ملیار و 853 ملیۆن و 200 هەزار دیناری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە، دەستی لە یارییکردن بە 34 هەزار و 164 پسوولەی سزاداندا هەبووە و لەو رێگەیەوە. تیمەکانی دەستەی دەستپاکی بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند هەڵیانکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە و دەستیان بەسەر سەرجەم ئەو پسوولانەدا گرتووە کە ساختەکارییان تێدا کراوە. لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمەکان گەندەڵیی ئەفسەرێکی دیکەیان بە پلە عەقیدیان ئاشکراکردووە، ئێستا دەستبەسەرە، ئەو ئەفسەرە یاری بە پسوولەکانی سزای تیژڕۆیی کردووە و بڕی 339 ملیۆن و 135 هەزار دیناری بردووە، هاوکات دەست بەسەر 22 هەزار پسوولەدا گیراوە کە لەو کارە نایاساییەدا بەکارهێنراون. لێکۆڵینەوەکان سێ ئەفسەری باڵای دیکەشی گرتووەتەوە کە یەکێکیان بە پلەی عەمید و دووانیان بە پلەی عەقید بوون. ئەوان بەهۆی کەمتەرخەمی لە وردبینیکردنی داتاکانی تایبەت بە سزاکان و رێگری نەکردن لەو تاڵانییە، رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە.

1 2 3 4 5 6 ... 1142 1143