بەپێی بەدواداچوونێک لە قوتابخانەیەکی شاری سلێمانی، کچە قوتابییەک خۆی کێشاوە بە جامخانەیەکدا و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە و گیانی لەدەستداوە. سەرچاوەیەک زانیارییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و لەبەردەمی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی وتی: منداڵەکە بە خێرایی ڕایکردووە و خۆی کێشاوە بە جامخانەیەکدا و شووشەکەی شکاوە و ڕاستەوخۆ چووە بە سنگی منداڵەکەدا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە. ڕووداوەکە لەپاش کاتژمێر 03:30 خولەک ڕوویداوە و لەکاتی تەواوبوونی دەوامی قوتابخانەکە بە پەلە ڕایکردووە و خۆی بە دەرگاکەدا کێشاوە و دەستبەجێ گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانە. سەرچاوەکە وتی: منداڵەکە ناوی یارا ئاریان مەحموودە و تەمەنی 10 ساڵە و لە قوتابخانەیەکی نا حکوومی ناو یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێ بوون بووە، پاش ئەوەی وانەکانی تەواو دەبێت و بەڕێ دەکەون بۆ ماڵەوە، لە ڕاڕەوی قوتابخانەکە زۆر بە خێرایی ڕادەکات بۆئەوەی بڕواتەوە بۆ ماڵەوە، خۆی کێشاوە بە دەرگایەکی شووشەدا و لەبەرئەوەی کواڵیتی شووشەکە بەشێوەیەک نەبووە کە ببێتە پارچەی ورد، هەر بۆیە بە پارچەی گەورەی شووشەکە دەچێت بە چەند جێگەیەکی سنگ و سەریدا و بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ڕووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ئەهلی ڕوویداوە و تەمەنی قوتابییەکەش 10 ساڵ بووە، لەکاتی ڕاکردندا خۆی کێشاوە بە جامخانەی ڕاڕەوی قوتابخانەکەدا و بەسەختی بریندار بووە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. ئێستاش بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ووردی هۆکاری ڕووداوەکە.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مۆڵەتێکی دیکە بداتە هاوبەشانی کارەبا بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%ی قەرزی کۆنی کارەبا. دوای ئەم بڕیارە، لە سبەی 24/9/2026 تا 18/10/2026 بەردەوام دەبێت و مەرجی سوودمەندبوون لەم داشکاندنە ئەوەیە، هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزە داشکێندراوەکە بە یەکجار لەرێگەی سیستمی (ئی پسوولە) یان هۆبەکانی فرۆشتنی وزە بدات. بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای رێکەوتی 18ـی تشرینی یەکەم، هەر قەرزێکی کۆن لەسەر هاوبەشان مابێت، بە شێوەیەکی خۆکارانە و بەبێ هیچ داشکاندنێک دەکرێتە قیستی مانگانە. پێشتر حکوومەت چەندین جار بڕیاری لێخۆشبوونی رێژەیی بۆ قەرزی کارەبا دەرکردووە تاوەکو هانی هاووڵاتییان بدات قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بدەنەوە و داهاتی گشتی بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 9/22 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیان ئۆلفکە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد. سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەکاربوونی ، پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە. کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی دۆخیی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق موژدەی هەرزانبوونی سوتەمەنی ڕاگەیاند و دەڵێت: نرخی بەنزین و نەوت لە هەرێم هاوشێوەی عێراق دەبێت. سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند: ئەمرۆ لێژنەكەی پەیوەست بە سوتومەنی هەرێم دەرهاوێشتەكانی ئامادەكردن، سەرجەم پێشنیارەكان لە بەرژوەندی هاوڵاتیانی هەرێمن، یان دەبێت كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمی نەوتی وەزارەتی نەوتی عێراق بەنزین و سوتەمەنی بۆ هەرێم دابین بكات بە هەمان پێوەر و نرخی پارێزگاكانیتر بەرامبەر ٥٠ هەزار بەرمیلەكە یانیش ئەگەر نەوتی خاو بۆ هەرێم زیادكرا دەبێت دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق تێچووی بەرهەم و پالاوتن لە ئەستۆ بگرێت تا بە هەمان نرخی ناوچەكانیتر بەنزین بگاتە هەرێم. سیپان شێروانی وتیشی: لە هەردوو حالەتدا چ منتوج دابین بكرێت چ نەوتی خاو دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێوازێك دابینی بكات كە بە هەمان شێوە و نرخی پارێزگاكانی عێراق بێت لە كاتیدا دابینكردنی ئەم خالانەی سەرەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پابەندە بە دابەشكردنی سوتەمەنی بەهەمان نرخی پارێزگاكانی عێراق چ پێوەرێك بۆ دیاریكردنی بڕ بۆ پارێزگاكان بەكار دێت هەمان پێوەر بۆ هەرێمیش بەكار بهێندرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ داوای قەدەخەکردنی هاوردەکردنی ماسی دەکات و رایدەگەیێنێت، بەرهەمی ساڵانەی ناوخۆ 30 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە.قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایاگەیاند: "ئێستا زیاتر لە 11 هەزار حەوزی ماسی، 11 پڕۆژەی قەفەسی لەنێو رووبارەکان و 11 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسیی ئاوی سارد (سەلەموون) لە هەرێمی کوردستان هەن؛ ئەمەش وایکردووە بەرهەمی ساڵانە بگاتە سەرووی 30 هەزار تۆن."بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێویستیی ساڵانەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە ماسی 35 هەزار تۆنە؛ لە کاتێکدا لە وەرزی گەرمادا خواست لە نێوان 12 بۆ 15 هەزار تۆنە.گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "پێشتر خۆبژێویی وەرزیمان هەبووە، بەڵام ئێستا زۆر نزیکین لە گەیشتن بە خۆبژێویی ساڵانە، بۆیە وەزارەت پابەندە بە قەدەخەکردنی هاوردەکردن تاوەکو بەرهەمی جووتیاران و پڕۆژە ناوخۆییەکان بپارێزێت."سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ، هێشتا بەشێک لە پێداویستیی بازاڕ بە هاوردەکردن پڕدەکرێتەوە. ئێران سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەکردنی ماسیی زیندوو و، قەبارە گەورەیە. تورکیا لە پلەی دووەمدا دێت، بەتایبەت بۆ هاوردەکردنی ماسیی سەلەموون.هەروەها پارێزگاکانی عێراق لە هەندێک وەرزدا ماسی لێوە دەهێنرێت، بەڵام لە کاتی پێویستدا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە سنووردار دەکرێت.بەپێی بەدواداچوونێک، ماسیی "کارب" خواستی زۆرترین کڕیاری لەسەرە و نرخی هەر کیلۆیەکی لەنێوان 4 بۆ 6 هەزار دینارە. بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، بەکارهێنانی ماسی بۆ هەر تاکێک لە ساڵێکدا لەنێوان 2.5 بۆ 3 کیلۆگرامە، بەجۆرێک لە هاویندا بەهۆی گەرماوە خواست کەم دەبێتەوە و لە پاییز و زستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.لەڕووی جوگرافییەوە، پارێزگای دهۆک لە پێشەنگی بەرهەمهێنانی ماسیدایە لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەویش پارێزگاکانی سلێمانی (بەتایبەت شارەزوور، دەربەندیخان و دووکان) و هەولێر (کۆیە، مەخموور و دەشتی هەولێر)، لەگەڵ هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان دێن.
دیپلۆماتێکی باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت؛ تاران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان ئەگەر واشنتن هەنگاوی کرداری بنێت، ئاشکراشی دەکات کە پرۆژەیەکی نوێیان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ڕادەستی ئەمریکا کردووە. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتێکی ئێرانییەوە، شاندی وڵاتەکەیان لە نیویۆرک دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ دووبارە بووژاندنەوەی دیپلۆماسییەت لەگەڵ ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە کە پرۆژەی ڕاگرتنی هێرشەکان لە (16)ی ئەم مانگەدا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ڕادەستی ئەمریکا کراوە و دەکرێت لە نیویۆرک گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی بکرێت. لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی کیۆدۆ لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە، پرۆژە نوێیەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز، لەلایەن ڕێبەری باڵا و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە پەسەند کراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر ئەمریکا هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی فشارە سەربازییەکانی بنێت، تاران ئامادەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن. هاوکات، تاران دەیەوێت کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بقۆزێتەوە، ئەوەش بەمەبەستی ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن لە نێوان تاران و واشنتندا.
لە حەفتەی سێیەمی مانگی ئەیلولی (2026-09-22) دەست پێدەکات کە بە "هەفتەی ئاست-بەرز" ناسراوە و 6 ڕۆژ دەخایەنێت. سەرۆک و نوێنەرانی باڵای 193 وڵاتی ئەندام کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو قەیرانە قووڵانەی کە بەرۆکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان گرتووە, کەشوهەوای کۆبوونەوەکانی ئەمساڵ بە بارودۆخێکی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی دەورەدراوە، کە تێیدا ململانێ چەکدارییەکان، کێبڕکێی تەکنەلۆژیی، و قەیرانە ئابووری و ژینگەییەکان تێکەڵ بەیەک بوون و پێویستییان بە بڕیار و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە هەیە لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە. پاشاخانی لوتکەکە دانیشتنەکان بە وتاری بەرایی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێدەکات، کە تێیدا هۆشداریی توندی دا لە پەرەسەندنی جەمسەرگیریی نێودەوڵەتی و نەبوونی متمانە لەنێوان وڵاتاندا، پاشان وەک نەریتی ساڵانە و بەپێی پڕۆتۆکۆڵ، سەرۆکی بەڕازیل یەکەم وتاری پێشکەش دەکات و دوابەدوای ئەویش سەرۆک یاخود نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک وڵاتی میواندار وتاری وڵاتەکەی پێشکەش دەکات. لە ساڵەکانی سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوەکەدا (بە دیاریکراوی لە دەوروبەری ساڵی 1947ەوە)، کاتێک کاتی پێشکەشکردنی وتاری گشتی دەهات، زۆرجار سەرکردەی وڵاتان دوودڵ بوون و هیچ وڵاتێک نەیدەویست دەستپێشخەری بکات و یەکەم کەس بێت کە بچێتە سەر سەکۆکە، لەو کاتانەدا، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی بەڕازیل بەردەوام خۆبەخشانە دەستپێشخەرییان دەکرد و یەکەم وتاریان پێشکەش دەکرد بۆ ئەوەی بێدەنگییەکە بشکێنن و دانیشتنەکان دەست پێبکەن. کۆبوونەوەکان کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی پێوانەیی لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیا بەڕێوەدەچێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دیداری دووقۆڵیی چارەنووسساز لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا لە نێوان سەرکردە زلهێزەکانی وەک شی ژینپینگی سەرۆکی چین و بەرپرسانی باڵای ڕۆژئاوا ئەنجام بدرێت بۆ هێورکردنەوەی ناکۆکییە بازرگانیی و سیاسییەکان. لەسەر ئاستی ئەجێندای سیاسیی، گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران باڵی بەسەر بەشێکی زۆری گفتوگۆکاندا کێشاوە، زۆربەی وتارەکان تیشک دەخەنە سەر مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی جەنگ لە ناوچەکەدا و جەخت لە دۆزینەوەی دەرچەی دیپلۆماسی دەکەنەوە. جەنگی ڕووسیا و ئوکڕانیا شەڕی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا هێشتا وەک برینێکی کراوە لە جەستەی ئاسایشی ئەوروپادا ماوەتەوە و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنن بۆ زیاتر پەراوێزخستنی مۆسکۆ و فشارهێنان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەوروپا هۆشدارییان داوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی تاقیکاریی لەلایەن ڕووسیاوە بۆ سەر سنوورەکانی ناتۆ. چارەنووسی ژیری دەستکرد AI؟ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، پرسی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆجیا و بەتایبەت زیرەکیی دەستکرد (AI) بووەتە خاڵێکی سەرەکیی ململانێ و نیگەرانییەکانی ئەمساڵ، سەرکردەکان لە هەوڵی چڕدان بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی ڕێکخستنی نێودەوڵەتی تاوەکو ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە بۆ مەبەستی تێکدەریی، هێرشی ئەلیکترۆنیی و چەواشەکاریی زانیاری. گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا هاوکات، قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و خاوی لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (SDGs) بەشێکی گرنگی ڕاپۆرت و کۆبوونەوە لاوەکییەکان پێکدەهێنن، بەتایبەت دوای ئەو کارەساتە سروشتی و لافاوانەی کە ئەم دواییە زیانی گەورەیان بە چەندین وڵات گەیاندووە. ڕووداوەکانی ئەم حەفتەیە ئەوە دەسەلمێنن کە دیپلۆماسییەتی ڕاستەقینە تەنیا لەسەر مینبەری هۆڵی سەرەکی نییە، بەڵکو لەو ڕێککەوتنانەدایە کە لە ژوورە داخراوەکاندا و لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا واژۆ دەکرێن. دەرئەنجام لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پرسی زیرەکیی دەستکرد (AI) بە یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکان دادەنرێت، چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی جیهان هەنگاو بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ئاژانسێکی جیهانی بنێن بۆ رێکخستن و چاودێریکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە. هاوکات، ئەگەری زۆرە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی AI لە بواری سەربازیدا، بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ساختە و چەواشەکاری، هەروەها یارمەتیدانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ سوودوەرگرتن لێی بە مەبەستی کەمکردنەوەی بۆشایی دیجیتاڵی. چارەنووسی زیرەکیی دەستکرد لەم لوتکەیەدا بەندە بە لێکتێگەیشتنی وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و چین، گەیشتنیان بە رێککەوتن زامنی گەشەسەندنێکی سەلامەت دەکات بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ڕێکنەکەون جیهان رووبەڕووی کێبڕکێیەکی مەترسیدار و قۆرخکارییەکی کۆنترۆڵنەکراو دەکاتەوە. هەروەکو جەیکەب کۆکسن، توێژەری کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic)لە چاوپێکەوتنەکانی ئەم دواییەدا هۆشداریی دا کە پێشکەوتنە خێراکانی زیرەکیی دەستکرد دەکرێت لە ماوەی دەیەیەکدا هەڕەشەی مان و نەمان بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر پەرەپێدانی ئەم بوارە خاو نەکرێتەوە، ئەوا رەنگە مەترسییە سەختەکان تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا سەرهەڵبدەن.
پرۆسەی ئەنجامدانی تیروپشکی ناوی حاجییان بە ئەگەرێکی زۆر لە هەفتەی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت و ناچێتە مانگی داهاتوو ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی هەندێک کێشەی داتا و تەکنیکی دواکەوتبوو. بەپێی زانیاری سەرچاوەیەک: لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆسەکە یەکلا دەبێتەوە. بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، زیاتر لە 116 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار کردووە. ئەمساڵ بەهۆی زۆریی رێژەی خوازیاران، پڕۆسەی ناونووسین و تیرووپشکەکە بە سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت، تاوەکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ناوی حاجییان دیاری بکرێت. هەروەها ئەمساڵ پێنج ههزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی سعوودییەیان کردووە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، کە دوو هەزار و 368 ئافرەت و دوو هەزار و 752 پیاون.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند، دەستبەجێ رووماڵی هەریەکە لە کەناڵەکانی "سی ئێن ئێن"، "ئێم ئێس ناو (ئێم ئێس ئێن بی سی پێشوو)"، و ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" لە کۆشکی سپی قەدەخە دەکرێت، بە تۆمەتی ئەوەی بەردەوام هەواڵی ساختە لە دژی ئیدارەکەی بڵاودەکەنەوە. هەینی 18ی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەمەودوا رێگە بە پەیامنێرانی کەناڵی "سی ئێن ئێن"، کەناڵی "ئێم ئێس ناو" کە پێشتر ناوی ئێم ئێس ئێن بی سی بوو، لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی "پۆلیتیکۆ" نادرێت پێ بنێنە ناو باڵەخانەی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە. سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هێرشی کردە سەر شێوازی کارکردنی ئەو کەناڵانە و تۆمەتباری کردن بەوەی کە هەمیشە هەواڵی درۆ، خەیاڵی و ناڕاست لەسەر کەسایەتیی سەرۆک، ئیدارەکەی و تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاودەکەنەوە. هاوکات ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ و باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆ بایدندا بە شێوەیەکی نایاسایی بڕی هەشت ملیۆن دۆلاری لە بودجەی حکوومەت پێدراوە بە ناوی بەشداریکردنی خوێندنەوەوە تا لە مایەپووچبوون رزگاری بکەن، کە بە گوتەی ئەو ئەم کارە نموونەیەکی تەواوی گەندەڵییە. لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک نابێت رێگە بدرێت دەزگاکانی راگەیاندن بەردەوام بن لە پەخشکردنی زانیاریی هەڵبەستراو کاتێک رووماڵی هەواڵەکانی دەسەڵاتی واشنتن دەکەن. ترەمپ هۆشداریشی دایە سەرجەم میدیاکانی دیکە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە تەنیا سەرەتایە و بەم نزیکانە دەزگای راگەیاندنی دیکەش کە هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، بە هەمان شێوە لە کۆشکی سپی دەردەکرێن و قەدەخەیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کرد، بەپێی بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی وەزارەتی جەنگ، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە کاتی جەنگی ئێراندا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە لەوەی پێنتاگۆن بە فەرمی بڵاوی دەکاتەوە، لە کاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار دەکرێت بە شاردنەوەی زیانە گیانییەکان بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول. هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیاریی شەش بەرپرسی باڵای ئەمریکا کە بۆ واشنتن پۆست قسەیان کردووە، لانیکەم 22 بۆ 23 سەربازی سوپای ئەمریکا شانبەشانی سێ بەڵێندەری مەدەنی لە دەستپێکی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتەوە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا سیستمی فەرمیی پێنتاگۆن (DCAS) تەنیا ناوی 18 کوژراوی تۆمار کردووە. راپۆرتەکەی واشنتن پۆست دەریخستووە کە لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 820 سەربازی ئەمریکی لە بەرەکانی جەنگدا بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی مووشەکبارانی ئێران لە بنکەکانی کەنداو تووشی زەبر و زیانی سەختی مێشک هاتوون. هاوکات بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، تێچووی جەنگەکە تا سەرەتای مانگی ئەیلوول 43.6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، کە 28 ملیاری تەنیا بۆ کڕین و بەکارهێنانی تەقەمەنی بووە، ئەمەش وایکردووە ژەنەراڵە باڵاکانی سوپا هۆشداری بدەنە پێت هێگسێت وەزیری جەنگ کە درێژەکێشانی ئۆپەراسیۆنەکان لە توانای سەربازیی ئەمریکادا نەماوە و مەترسیی لەسەر پاراستنی خاکی ئەمریکاش دروست دەکات. هەروەها ئاژانسی بلومبێرگ لە شیکارییەکی ئابووریدا ئاشکرایکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە دەریاییەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێران لە کانوونی دووەمی 2026 دەستیپێکردووە، تا ئێستا 7.1 ملیار دۆلاری لە خەزێنەی ئەمریکا تێچووە. ئاشکرابوونی ئەم داتایانە هاوکاتە لەگەڵ راپرسییەکی نوێی رۆیتەرز و ئیپسۆس کە دەریخستووە 62%ی هاووڵاتییانی ئەمریکا دژی سیاسەتەکانی ترەمپن بەرامبەر بە ئێران، ئەمەش بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پارتی کۆماری بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەمدا. لە کۆنگرێسیشدا ناڕەزایەتییەکان تەقیونەتەوە؛ 12 پەرلەمانتاری سەربازیی پێشوو پڕۆژەیاسایەکیان پێشکەش کردووە بۆ ڕێگریکردن لە پێنتاگۆن لە دەستکاریکردنی ئاماری سەربازە کوژراوەکان، هاوکات تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ لێسەندنەوەی متمانە و دادگاییکردنی پێتی هێگسێت بەهۆی بەڕێوەبردنی جەنگێک کە مۆڵەتی دەستووریی لە کۆنگرێس وەرنەگرتووە.
لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک، سەرۆکوەزیرانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، ئەو کاتەی کوردستان بەهێز بێت، عێراق بەهێزە، ئەو کاتەشی عێراق بەهێز بێت کوردستان بەهێزە. بۆیە ئێمە یەک داهاتوومان هەیە. لە سەرەتای وتارەکەیدا، مەسرور بارزانی، سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆی کرد و وتی، ئێوە بوونەتە هۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخەی ئێستا کە ئێمە لێرە ئاهەنگ دەگێڕین. سەرۆکوەزیران وتیشی، سەری ڕێز بۆ شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان دادەنوێنین. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی سەرۆکوەزیران سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پرۆسەی خوێندن لەم زانکۆیە و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا هاوکار بووە. لە وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی کوردستان ئەمانەی وت: دەرچووانی خۆشەویست ئاوڕێک بدەنەوە و بڕواننە ئەو کەسانەی لە پشتتانەوەن؛ دایک و باوک، خوشک و براکانتان، مامۆستایان و هاوڕێیانێک کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە، ئەمشەو، شەوی ئەوانیشە، بۆیە چەپڵەیەکی گەرمیان بۆ لێ بدەن. بەشێکتان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون، هەندێکتان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، هەندێکیشتان لە دەرەوەی عێراقەوە. لە شاری جیاواز، بە بڕوا و زمانی جیاوازەوە لەسەر یەک مێز کۆ بوونەتەوە، سەرباری چیرۆکی جیاوازی هەر یەکێکتان، بەڵام ئێوە لێرەن وەک یەک پۆل، یەک سەکۆ و یەک ئایندە، ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو ئەم زانکۆیە ڕێک بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە. وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی زانکۆ و وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەردەمتاندا وەستاوم، بەڵام ئەمشەو وەک کەسێک قسەتان بۆ دەکەم کە بڕوای پێتانە. 12 ساڵ پێش ئێستا، زانکۆی ئەمریکیی کوردستان خەونێک بوو، ئەمشەو ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە خەونەکە شایستەی ئەوە بوو بۆی تێ بکۆشین. دەرچوونی ئێوە لە ساتەوەختێکی گرنگدایە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیداری ناسەقامگیرییەوە، عێراق لە جەرگەی ئەو هاوکێشەیەدایە و ڕووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە، لێرە لە کوردستان، زوو هەستمان بەو مەترسییانە کرد و بە خێرایی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا کەوتینە جووڵە، ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران بەڕێز عەلی زەیدی، هەوڵە هاوبەشەکانمان پایەی عێراقێکی نوێی دامەزراندووە، حکوومەتێک کە بڕیارمان داوە بە تەواوی و چالاکانە پاڵپشتی بکەین، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە دەبێتەوە. پاڵپشتیی ئێمە تەنیا قسە نییە، چونکە کاتێک سەرهەڵدانی جەنگ لە گەرووی هورمزدا ناوچەکەی شڵەژاند، هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ بەشداریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق. کاتێک هاووڵاتییانی عێراق لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە کارەبا بوو، ئێمە بۆمان دابین کردن، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەرێمی کوردستان خۆیشی پێویستی بە کارەبا بوو. هاوبەشی بەم شێوەیەیە، بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە کرداردا بەم شێوەیەیە، چونکە ئێمە تێ دەگەین کە دامەزراوەی بەهێز بۆ هاووڵاتیی ئاسایی واتای چییە، واتا دادپەروەری، سەقامگیری و ئایندەیەک کە لەسەر بەهرە بنیات نرابێت نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەرژەوەندی. ئەم کارانەمان لە کاتێکدا کردووە، لەژێر هێرشدا بووین، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی چڕی تیرۆریستی بووەوە، زیاتر لە 1000 درۆن و مووشەک ئاراستەی ژێرخان، ئابووری و پێشکەوتنی ئێمە کران، ئامانجیان ئەوە بوو کوردستان لە پێشکەوتن بخەن، بەڵام شکستیان هێنا، ئێمە خۆڕاگر بووین و ئاراممان گرت. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا لەپێناو هەموو عێراق لە کارکردن بەردەوام بووین. ئێمە ڕووبەڕووی داعش بووینەوە و لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانماندا، داعشمان تێکشکاند. ئێستاش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی ئەم هەڕەشەیە دەبینەوە و تێکی دەشکێنین. عێراقێکی بەهێز، پێویستی بە کوردستانێکی بەهێز هەیە؛ کوردستانێکی بەهێز ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ تەواوی ئەم ناوچەیە دەهێنێت. کوردستانێکی بەهێزیش پێویستی بە یەکڕیزییە، ئەم ڕاستییە بنەمای ڕێنمایی و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییە و بە هەمان شێوە، بنەمای ڕێبەری نیشتمانی و باوکی دامەزرێنەر مستەفا بارزانی بوو، کە ناوەکەی لەسەر باڵەخانەی دامەزراندنی ئەم کەمپەسە هەڵکۆڵراوە و ئەو بنەمایەشە کە ئێمە ڕۆژانە کاری پێ دەکەین. ئێمە پێشڕەوی ناوچەکەین لە کولتووری دابەشکردنی دەسەڵات، هاوبەشیمان هەڵبژارد لە کاتێکدا ئەوانی دیکە باڵادەستییان هەڵبژارد، لە داکۆکیکردن لەم بنەمایە بەردەوام دەبین، لە هەولێر، لە بەغدا و لە هەر شوێنێک کە دەنگمان بگاتێ. زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بەهۆی لێهاتوویی ئەکادیمییەوە، دانپێدانانی بەدەست هێناوە، 1ەمین زانکۆیە لە عێراقدا کە پێگەی بەربژێریی لەلایەن دەستەی دانپێدانانی دامەزراوەیی ئەمریکاوە پێ دراوە، 1ەمین زانکۆی عێراقیشە دانپێدانانی ئەمریکای لە پرۆگرامی پەرستاری بەدەست هێناوە. هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی ورد کە ئێمە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە؛ ئاسانکاری و ئامرازی پێشکەوتوو، زانکۆیەک کە بە سیستەمەوە بەڕێوە دەچێت نەک تەنیا بە کەسەکان، زانکۆیەکی بەدامەزراوەییکراوە و بۆ مانەوە بنیات نراوە، ئەم دەستکەوتانە بە 1 دەیە بەدی هاتوون و شانازییان پێوە دەکەم. بەڵام هەر بەمە ناوەستین، چونکە باشبوون لە شتێکدا، بە واتای دروستکردنی کاریگەریی ویستراو نایەت، بۆیە ئەرکمان لە دەیەی داهاتوو ئەمەیە: لە نایابییەوە بۆ کاریگەری بڕۆین، بۆیە چیتر ستانداردەکانی خۆمان ناکەینە پێوەری هەڵسەنگاندن، بەڵکوو دەستکەوتەکانمان بەو جیاوازییە دەپێوین کە لە خۆشگوزەرانی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و ژیانی گەلان دروستی دەکەین. زانکۆی ئەمریکیی کوردستان دەبێتە نموونە، وەک چۆن ئێستا بۆ گەلێک دەستپێشخەریی دیکە نموونەیە. تا ساڵی 2035، ڕوانینمان سادە و ئازایانەیە: زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک دەبێتە بژاردەی 1ەمی قوتابییان. ئەمڕۆ، بەشەناوخۆیی نوێی کوڕانم کردەوە، کە 1ەمین باڵەخانەیە لە تەواوی عێراقدا بڕوانامەی زێڕینی (LEED) بەدەست بهێنێت، ئەوانەی دەزانن بۆ بەدەستهێنانی (LEED Gold) دەبێت چی بکرێت، لە گەورەیی ئەم دەستکەوتە تێ دەگەن، چونکە پێوەرەکان توانایی وزە، دەستگیرۆیی ئاو، جۆری کەرەستەکان و تەنانەت تەندروستیی نیشتەجێبووان و ئەوانەی لە باڵەخانەکەدا کار دەکەن دەگرێتەوە. ئەم باڵەخانەیە، بە بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتی، لێرە لە دهۆک بنیات نراوە و دەبێتە نموونە بۆ تەواوی وڵات، وەک سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و سەرۆکوەزیران، پابەندم بە پاراستنی ژینگە و دەمەوێت دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بنیاتنەری ئەم ڕەوتە بن. دەرچووانی ئازیز، با ڕاشکاو بم لەگەڵتان، خواست و ئەرکمان بۆ کوردستان مەزن و بەرزە، بۆ زانکۆی ئەمریکیی کوردستانیش بە هەمان شێوە. ئاستەنگی سەختمان لە بەردەمە، هیچ کەسێک ئەم ئایندەیەمان پێ نابەخشێت، دەبێت خۆمان بە پابەندی و خۆڕاگرییەوە بنیاتی بنێین، بەڵام دەزانم ئێوە هەم پابەندن هەم خۆڕاگرن و بە ڕێکەوت نەگەیشتوونەتە ئەم ئاستە، بەڵکوو بە تێکۆشان و بە هەوڵدانتان، ئەمە لە کاتێکدا کۆڵدان ئاسانتر بوو. ئێستا کوردستان ڕێک پێویستی بەمەیە، کاتێک کوردستان گەشە دەکات، ئەوکاتە عێراقیش گەشە دەکات، کاتێک عێراق گەشە دەکات، کوردستانیش گەشە دەکات، ئێمە 2 ئایندەمان نییە، بەڵکوو یەکمان هەیە، ئێوەش بنیاتنەری ئەو ئایندەیەن. ئەوەی لێتان دەخوازم ئەمەیە: پابەندی بەرزترین بەها ئەخلاقییەکان بن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە کەس چاودێریتان ناکات. لە هەر شوێنێکی جیهان بن، نیشتمان و ناسنامەی خۆتان لە یاد بێت، وەفادار بن بۆ ئەو کۆمەڵگەیەی وەبەرهێنانی تێدا کردوون، بیرتان بێت، بەر لەوەی خۆتان درکی پێ بکەن، کەسانێک متمانەیان بە ئێوە هەبوو، ڕێز و خۆشەویستیتان بۆ ئەم خاک و هەسارەیە هەبێت، بنەماکانی دیموکراسی، دادپەروەری، و یەکسانی بەرجەستە بکەن، سەرەتا لە ژیانی خۆتان پاشان لەو کۆمەڵگەیەی بنیاتی دەنێن. بۆ ئەوەی سەرکردایەتی و پێشڕەوایەتی بکەن چاوەڕێی مۆڵەت لە کەس مەکەن، چاوەڕێ مەکەن کەسێک شتێک چاک بکاتەوە کە بە ئێوە چاک دەکرێتەوە، ڕێگە بە هیچ کەسێک مەدەن گومان لە تواناکانتان بکەن، یان ئەوانەی ڕەشبینن، تەنانەت ڕێگە بە ترسی ناو ناخی خۆشتان مەدەن پێتان بڵێت ئەم ناوچەیە پێش ناکەوێت. بەڵکوو دەتوانێت و پێش دەکەوێت، پێشکەوتنیشی لەسەر دەستی کەسانی وەک ئێوە دەبێت. ئێوە هاتنە ئێرە بۆ ئەوەی فێر بن، ئێستا کە ئێرە جێ دەهێڵن بە جیهانی پیشان دەدەن کە دەتوانن چی بکەن.
داواکاری گشتیی ئیلام دەڵێت، بە تۆمەتی گەندەڵییەوە، 10 کارمەند و بەڕێوەبەر لە شارەوانی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی شاری ئیلام لە ئەرکەکانیان هەڵپەسێردراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سێ ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی شارەکەش دەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، عەبدولوەهاب بەخشندە، داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و خستنەڕووی بەڵگەی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە رێڕەوی یاسایی دۆسیەی گەندەڵیی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیلام، 10 کارمەند و بەڕێوەبەر لە شارەوانی، هەروەها ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەکەش لە دۆسیەکەوە گلاون. بەگوتەی عەبدولوەهاب بەخشندە، دۆسیەکە بۆ تێپەڕاندنی رێکارە یاساییەکان رەوانەی دادگە دەکرێت و "تۆمەتباران تاوەکو دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگە، لە ئەرکە کارگێڕییەکان هەڵپەسێردراون." وەک داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلام دەڵێت، جیا لەو 11 کەسە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی سێ ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی شاری ئیلامیش دەکرێت، کە گومان دەکرێت لە دۆسیەی گەندەڵییەوە گلابن، "بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری هەڵپەساردن لە ئەرکەکانیان بۆ دەرنەچووە." شاری ئیلام 220 هەزار دانیشتووی هەیە و ئەنجوومەنی شارەکە لە حەوت ئەندامی سەرەکی و پێنج ئەندامی یەدەگ پێکدێت. رۆژی سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی شاری ئیلام بۆ تاوتوێکردنی پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە ئەفشین موزەفەری، سەرۆکی شارەوانیی ئیلام کۆبووەوە، کە بە تۆمەتی گەندەڵی، وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیر کراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجوومەنی شاری ئیلام، لە کۆبوونەوەکەدا بە دەنگی هەر حەوت ئەندامی ئەنجوومەن، ئەفشین موزەفەری لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیلام لادرا. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی محەممەد نووری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئیلام بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، وەکو سەرپەرشتی شارەوانییەکە دانرا.