Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
05-10-2026

تۆمەتبارانی شەهیدکردنی دوو هاوڵاتییە کوردەکەی پردێ، دەستگیرکران

ئامر فەوجی دژەتیرۆری کەرکووک و ئەو ئەفسەر و چەکدارانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی دژی داعش تەقەیان کردووە و بوونە هۆی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتیی کورد، هەموویان دەستگیر کران. شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛ موقەدەم روکن ئامر فەوجی دژە تیرۆری کەرکووک و ئەفسەری هەواڵگری دژە تیرۆر و ئەو چەکدارانەی لە ئۆپەراسیۆنی رووبەڕوونەوەی داعش تەقەیان کرد و دوو هاووڵاتیی کوردیان شەهید کرد، هەموویان دەستگیرکراون و لە زیندان و دۆسییەکەیان رەوانە دادگای سەربازی کراوە. موقەدەم روکن ئامر فەوجی دژە تیرۆری کەرکووک، تەنیا دوو هەفتە بوو لە پۆستەکەیدا دەست بەکاربووە، بەهۆی دەستگیرکردن و ئەنجامدانی ئەم کارە، بڕیارە عەقیدی پشوو بگەڕێندرێتەوە شوێنەکەی. ڕووداوەکە لە 27/9/2026 روویدا، تێیدا پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە سنووری نێوان کەرکووک و پردێ روویدا. لە ئەنجامدا دوو چەکداری داعش و دوو هاووڵاتی کوردیش کوژران.

هەواڵ
04-10-2026

ئاماری خنکان لە چەم و ڕووبارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە

  رووداوەکانی خنکان لە چەم و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان روویان لە زیادبوون کردووە. لە زۆر شوێندا تابلۆی "مەلەکردن قەدەخەیە" دانراوە، بەڵام بەشێکی هاوڵاتییان پابەند نەبوون و ئەمساڵ، تاوەکو ئێستا 77 کەس گیانیان لەدەستداوە. لەم بارەیەوە سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 77 کەس لە ئاوی رووبار و چەمەکاندا خنکاون و تیمەکانیان توانیویانە تەرمی 76 کەس بدۆزنەوە. بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، ژمارەی رووداوەکانی خنکان بەسەر شار و ئیدارە سەربەخۆکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون:  هەولێر: 21 کەس.  سۆران: 13 کەس. زاخۆ: 11 کەس.  سلێمانی: 9 کەس.  دهۆک: 7 کەس.  راپەڕین: 5 کەس. گەرمیان: 5 کەس. ئاکرێ: 1 کەس. بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لە تەواوی ساڵەکەدا تەنیا 68 رووداوی خنکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هێشتا دوو مانگ بۆ کۆتایی ساڵ ماوە و ئامارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 77 رووداو.  

هەواڵ
04-10-2026

هەرێمی کوردستان و کرواتیا زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کرواتیا دەکاتەوە  ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە ئیڤان یوریچ، باڵیۆزی کرواتیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا . لە کۆبوونەوەکەیاندا، باڵیۆزی کرواتیان خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە دۆستایەتی و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان کوردستان و کرواتیا کرد و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.

هەواڵ
04-10-2026

ئەنجامی زانکۆلاین ڕادەگەیەنرێت

ئەمڕۆ ئەنجامی وەرگرتنی ده‌رچووانی پۆلی 12ـی ئاماده‌یی له‌ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌نجامی وه‌رگرتنی ده‌رچووانی پۆلی 12ـی ئاماده‌یی له‌ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ‌بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027) ڕاده‌گه‌یه‌نێت. بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین، ده‌ست ده‌کرێت به‌ پرۆسه‌ی خوێندنی قۆناخی یه‌که‌م له‌ زانکۆکان، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌رگیراوان له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ زانکۆکانیانەوە بکه‌ن. لە 17ـی ئەیلوولی 2026،  سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارا کرا. بۆ ئەمساڵ 40 هەزار و 716  دەرچووى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان) مافی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاینیان هەبوو، بە شێوەیەک 30 هەزار و 847 دەرچوو لە بەشى زانستى، حەفت هەزار و 923  دەرچوو لە بەشى وێژەیی، 706 دەرچووى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و  هەزار و 240 دەرچووى ئامادەیی پیشەیی.

گشتی
02-10-2026

یۆرۆ گەورەترین زیانی هەفتانەی لە ماوەی چوار مانگدا تۆمار دەکات

بۆ چوارەمین هەفتەی لەسەریەک دراوی یۆرۆ لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی رووبەڕووی دابەزین بووەوە و گەورەترین زیانی لە ماوەی نزیکەی چوار مانگی رابردوودا تۆمار کرد؛ هۆکاری سەرەکیش بۆ کێشە داراییەکانی فەرەنسا و سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ هەینی، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، دراوی یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار کەمێک بەرزبووەوە و گەیشتە 1.126 دۆلار، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بە رێژەی 1.17% دابەزی، لە بەرامبەردا، پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی بۆ سێیەم هەفتەی لەسەریەک رێڕەوێکی ئەرێنی گرتووەتەبەر و بە رێژەی 0.85% بەرزبوونەوەی هەفتانەی تۆمار کردووە. چاودێرانی ئابووری هۆکاری لاوازبوونی یۆرۆ بۆ دۆخی نالەباری بودجە و ناڕوونیی سیاسیی لە فەرەنسا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی وزە و نیگەرانییەکان لە کەمیی گازی ئەوروپا دەگەڕێننەوە، هاوکات مەترسییەکان لەسەر قەواڵە داراییەکانی فەرەنسا زیادی کردووە و جیاوازیی سوودی نێوان قەواڵەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتووەتە 150 خاڵ، بەرزترین ئاستە لە دوای قەیرانی قەرزەکانی ساڵی 2011ـەوە. ئەم دۆخەش ترسی دروستکردووە کە پەنگخواردنەوەی قەرزەکان بگاتە وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و یۆنانیش. لەلایەکی دیکەوە، سەرنجی بازاڕەکان لەسەر راپۆرتی هەلی کار لە ئەمریکایە کە پێشبینی دەکرێت رێژەی بێکاری لە ئاستی 4.1% جێگیر بمێنێتەوە، هەروەها بەپێی ئامرازی "فید وۆچ"ی گرووپی CME، لە 72%ی چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی تشرینی یەکەمدا سوودی بانکی بە جێگیری بهێڵێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا پێشبینی دەکرێت پێش کۆتاییهاتنی ئەمساڵ جارێکی دیکە رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە.

هەواڵ
02-10-2026

هێزی ئاسمانیی عێراق دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی F-16 بڵاودەکاتەوە

سەرچاوەیەک لە هێزی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند: هیچ فڕۆکەیەک لە نمایشی هێزی ئاسمانی نەکەوتووەتەخوارەوە. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئێف 16ـی عێراق لە نمایشی هێزەکانی عێراق بە بۆنەی رۆژی سەروەری و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان، سەرچاوەک لە هێزی ئاسمانیی عێراق  رایگەیاند: دەنگۆی کەوتنەخوارەی فڕۆکەیەکی F-16 لە مووسڵ راست نییە. سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، دوای نمایشی ئەمڕۆ سەرجەم فڕۆکەکانمان بە سەلامەتی نیشتنەوە. ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی عێراق بە بۆنەی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و گرتنەدەستی دۆسیەی ئەمنیی وڵات، نمایشی ئاسمانیان لە سەرجەم شارەکانی عێراق هەبوو.

هەواڵ
02-10-2026

بەهۆی بەرکەوتنی هەورەبرووسکە ژنێک گەیندرایە نەخۆشخانە

بەهۆی کەوتنەوەی هەورەبرووسکە لە ماڵێکی گوندی "دێڵزیان" لە سنووری باڵەکایەتی، ژنێک لە هۆش خۆی دەچێت و دەگەیەنرێتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە. ئەمڕۆ هەینی 2ـی تشرینی دووەمی 2026، د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان رایگەیاند "هەورەبرووسکە لە ماڵێکی گوندی دێڵزیانی سنووری قەزای چۆمان داوە، بەهۆیەوە ژنێکی تەمەن 55 ساڵان کە لەو کاتەدا سەرقاڵی قاپشۆردن بووە، بە بێهۆشی گەیەنراوەتە بەشی فریاکەوتنی چۆمان." بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان گوتیشی "دەستبەجێ چارەسەری پزیشکیی پێویست بۆ ژنەکە کرا، هیچ ئاسەوارێکی برینداربوون یان سووتان بە جەستەیەوە نییە، پێدەچێت لە ترسی دەنگی بەهێزی هەورەبرووسکەکە بێهۆش بووبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی تەندروستیی ژنەکە جێگیرە و بەرەو باشتربوون دەچێت.

هەواڵ
02-10-2026

کوردەکان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

کاروانێکی دیکەی عەرەبە هاوردەکان لە عەفرین و جێندرێس بەڕێکەوتن بەرەو شوێنەکانی پێشووی خۆیان لە پارێزگاکانی، دێرەزوور، ڕەققە، حەلەب، ئیدلب، حەما، دەرعا.  بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی عەفرین، 43 خێزانی عەرەب کەمپەکانی عەفرین و جێندرێسیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ شارەکانیان، لە 26ـی ئابی ڕابردووشدا، 20 خێزانی دیکەی عەرەبی هاوردە کەمپی جێندرێسیان چۆڵ کرد و گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، دوای ئەوەی سەرجەم پێداویستیی و کەرەستەی گەڕانەوەیان بۆ دابینکرا. ٠ پرۆسەی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی عەفرین و بە هاوکاریی کۆمیتەی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگی سووری عەرەبیی سووری، ڕێکخراوەکانی گەورەی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەڕێوەچوو.  گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 59ـی ساڵی 2026 ـدا بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی داخستنی تەواوی کەمپەکانە لە سەرتاسەری سووریادا. گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەر خاك و زێدی خۆیان لە سەرێکانی، عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامیی هەیە. لە بەرامبەردا، کاروانی ئەو عەرەبە هاوردانەی لە کەمپەکانی سنوورەکەدا نیشتەجێ کرابوون، دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکە و گەڕانەوە بۆ شار و گوندەکانی خۆیان کردووە.  سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئەوکاتی سووریا، بە پاساوی دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە ساڵی 2019ـدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەژێر ناوی "کانیی ئاشتی" بۆ سەر هەردوو ناوچەی گرێ سپی و سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، دوای هەشت ڕۆژیش لە شەڕ و پێکدادان، سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان، توانییان ناوچەکان کۆنترۆڵ بکەن و هەسەدە لێیان کشایەوە بەوهۆیەش دەیان هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارەبوون.

گشتی
02-10-2026

عەگید کابایێل شەڕێکی گەورەی لەپێشە

عەگید کابایێل، بۆکسێنەری کورد و هەڵگری پشتێنی کێشی قورسی ئەنجوومەنی جیهانیی بۆکسێن (WBC)، بە فەرمی وادەی یەکەم بەرگریکردن لە نازناوەکەی لە یاریگەیەکی گەورەی شاری دوسڵدۆرف لە وڵاتی ئەڵمانیا راگەیاند. کابایێل لە پەیامێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، رۆژی 28ـی مانگی 11ـی ئەمساڵ یەکەم شەڕی خۆی بۆ بەرگریکردن لە پشتێنی کێشی قورسی جیهان ئەنجام دەدات. ئەم رووبەڕووبوونەوەیە ئەمجارە لە یاریگەیەکی گەورە لە شاری دوسڵدۆرف بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی لە شەڕی پێشوویدا سەرجەم تکتەکانی هۆڵەکە لە ماوەی تەنیا 5 رۆژدا تەواوبوون. بۆکسێنەرە کوردەکە ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی داواکارییەکی زۆر لەسەر تکتەکان، بڕیاریانداوە شەڕەکە بگوازنەوە یاریگەیەکی گەورەتر، داواشی لە هاندەران کرد بەشداری لە ناونووسینی پێشوەختەدا بکەن و گوتی "با هەموو جیهان ببینێت ئێمە چەند گەورەین". عەگید کابایێل یەکێکە لە دیارترین بۆکسێنەرانی کێشی قورسە لە جیهاندا و خاوەنی تۆمارێکی بێ شکستە لە یارییە پیشەگەرەکاندا، پێشتریش بە بردنەوەی لە چەندین پاڵەوانی بەناوبانگی جیهانی پێگەی خۆی لە ریزی یەکەمی بۆکسێنی جیهان چەسپاندووە.

هەواڵ
02-10-2026

دوو هاونیشتمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ هەینی بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە نزیک فەلووجە لە پارێزگای ئەنبار، دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی سنووری قەزای کۆیە گیانیان لەدەستدا. تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە رایگەیاند: "ئەو دوو هاونیشتمانییە لە رێگەی بەغدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست داوە". رووداوەکە نزیک شاری فەلووجە بووە لە پارێزگای ئەنبار و نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، هەردوو هاونیشتمانییەکە ئۆتۆمبێلێکی تەکسییان پێبووە و وەرگەڕاون. کەسێکی ئاگادار لە رووداوەکە رایگەیاند: "ئەو دووانەی گیانیان لەدەست داوە زاوا و خەزوورن". ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ناویان شۆڕش کاکە رەسووڵ و محەممەد ئەحمەد عەزیزە. کەمێک لەمەوبەر کەسوکاریان لە قەزای کۆیەوە بەڕێکەوتوون بۆ هێنانەوەی تەرمەکانیان.

هەواڵ
02-10-2026

کالیفۆرنیا پشووی بۆ موسوڵمانان راگەیاند

گافن نیوزۆم، پارێزگاری ویلایەتی کالیفۆرنیا پڕۆژەیاسایەکی ئیمزا کرد و بە فەرمی جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان وەک پشووی فەرمی لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا دەناسرێن. بەم هەنگاوەش کالیفۆرنیا دەبێتە دووەم ویلایەتی ئەمریکا دوای ویلایەتی واشنتن کە بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات، ئەمەش هاوكات دەنگۆ و رەخنەی سیاسیی لەلایەن کۆمارییەکانەوە لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"، پڕۆژەیاسای (AB 2017) جەژنی رەمەزان و جەژنی قوربان دەخاتە ریزبەندی پشووە فەرمییەکانەوە، کە رێگە بە قوتابخانە گشتییەکان و زانکۆکان دەدات لەو رۆژانەدا دەوام رابگرن، هاوکات ماف بە فەرمانبەرانی ویلایەتەکە دەدات بەشداری لە خۆشییەکانی جەژندا بکەن. بەڵام یاساکە قوتابخانەکان و کۆمپانیاکان پابەند ناکات بە داخستنی زۆرەملێ، هەروەها دادگاکانیش بەردەوام دەبن لە کارەکانیان. بڵاوبوونەوەی ئەم بڕیارە دروستبوونی ناڕەزایەتی و رەخنەی لەناو بازنەی کۆمارییەکاندا لێکەوتەوە، چونکە پارێزگار نیوزۆم پڕۆژەیاسای جەژنە ئیسلامییەکانی رۆژی یەکشەممە ئیمزا کرد، لە کاتێکدا پڕۆژەیاساکانی تایبەت بە جەژنی جووەکانی وەک (رۆش هاشناه) و (یۆم کیپۆر) تا رۆژی چوارشەممە هێشتبووەوە. لەو چوارچێوەیەدا، ئۆپۆزسیۆنی کۆماری تۆمەتباریان کرد بەوەی جیاکاری کردووە و لەسەر حسابی بۆنە ئایینییەکانی دیکە ئیسلامییەکانی پێشخستووە. ئێلیزابێت بارکۆهانا، بەرپرسی بەشداریی جووەکان لە حزبی کۆماری لە کالیفۆرنیا راگەیاند: "ئەم بڕیارەی نیوزۆم لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیەتی و ئامانجی دروستکردنی بنگەیەکە بۆ خۆکاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2028." لە بەرامبەردا دەیڤد بۆکارسلی، سەرۆکی جێبەجێکاری رێکخراوی "جۆی کالیفۆرنیا" سەرقاڵبوونی بە کاتی ئیمزاکردنی بڕیارەکان بە ناپێویست زانی و پشتیوانیی خۆی بۆ هەنگاوەکەی پارێزگار دەربڕی. بۆکارسلی بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد: "لە کاتێکدا زیاتر لە 1000 پڕۆژەیاسا لەسەر مێزی پارێزگار بوون، ریزبەندیی ئیمزاکردنەکە جێی نیگەرانیی ئێمە نییە مادام یاساکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێمە دڵخۆشین بە پەسەندکردنی ئەم دوو یاسایە کە خزمەت بە ئازادیی بیروباوەڕ دەکەن و بۆ یەکەمجارە سێ جەژنی جووەکان لە یاساکانی کالیفۆرنیادا بە فەرمی دەناسرێن."

هەواڵ
02-10-2026

لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام دەبێت و کاریگەریی زیاتری لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، سێشەممەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین ناوچەکە بگرێتەوە بارانی زیاتر ببارێ. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران بارانی زیاتر دەبارێت و ئێوارەی ئەمڕۆ کاریگەریی باران لاواز دەبێت. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاند، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان "کەمێک" نمەباران دەبارێت. بەگوێرەی کەشناسی، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین بڕی باران لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە باریوە. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "سبەی ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت، لە 6ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بارانی زیاتر لەم شەپۆلە دەبارێت". ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، لە شەپۆلی نوێی بارانباریندا لە زۆرینەی شارەکان نزیکەی 20 ملیمەتر باران ببارێ. ئاماژەی بەوەش کرد: "هەورەبرووسکەی زۆر دەبێت و پێویستە هاونیشتمانییان نەچنە ژێر دار و ستوونی کارەبا و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان". پلەی گەرمای سبەی بەگوێرەی کەشناسی:   هەولێر: 29 پلەی سیلیزی سلێمانی: 25 پلەی سیلیزی دهۆک: 27 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 28 پلەی سیلیزی سۆران: 27 پلەی سیلیزی پیرمام: 24 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 28 پلەی سیلیزی زاخۆ: 30 پلەی سیلیزی ئاکرێ: 27 پلەی سیلیزی گەرمیان: 33 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی

1 2 3 4 5 6 ... 1142 1143