Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
گشتی
07-10-2026

بەهای 100دۆلار دەگاتە 170 هەزار دینار؟

بەهای دۆلار ئەمڕۆ نرخێکی پێوانەیی تۆمار کرد و 100 دۆلار 163 هەزار دیناری تێپەڕاند. بەجۆرێک لە ساڵی 2023 ەوە دۆلار بەم ژمارەیە نەگەیشتووە. بەهای دۆلار لەم ڕۆژانە زۆر خێرا بەرزدەبێتەوە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەر 100 دۆلارێک سێ هەزار دیناری چۆتە سەر. د. مستەفا مەلا حەسەن، پسپۆڕی ئابووریی ئاڤا دەڵێت، چەند هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە: - یەکەم: بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستكاریكردنی بەهای فەرمی دینار بەرامبەر دۆلار لە پرۆژە یاسای بوودجە و جێگیركردنی 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار. دووەم: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و سەنگەرگرتنی بەشێکی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران. - سێیەم؛ کەمکردنەوەی نرخی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجە، بەرمیلێک نەوت بە 58 دۆلار دانراوە. چوارەمیش کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بە دینار، ئەمەش بەهۆی دەنگۆی لابردنی سفرەکان و گۆڕینی شێوەی دینار.  بەگشتی دینار بەرامبەر دۆلار دۆخی خراپە، لەبارەی پێشبینییەکانیش بەهای 100 دۆلار بەفەرمی بکاتە 150 هەزار دینار، ئەوا دۆلار زیاتریش بەرزدەبێتەوە و دەگاتە 170 بۆ 175 هەزار دینار. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵە ڕاستە کە دەڵێن لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە، ئێمە وەکو بانکی ناوەندی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حکومەتی عێراق ڕێککەوتنمان لەسەر کردووە لەبەر دوو هۆکار: - یەکەم: حکومەتی عێراق پارەیەکی زۆری بانکی ناوەندی قەرزارە و ئەمساڵ بۆ مووچە پارەی یەدەگی ڕاکێشاوە، تواناشی نییە پارەکە بداتەوە. تەنها ئەمساڵ یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە 106 ملیار دینارەوە دابەزیوە بۆ 79 ملیار دینار، واتا 27 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. - دووەم: لە بودجەی ساڵی داهاتوو کورتهێنانێکی زۆر هەیە و بە 64 تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، بودجەی 2027 بە نزیکەی 218 تریلیۆن خەمڵێنراوە، کەچی مەزەندە دەکرێت حکومەت تەنها 154 تریلیۆنی دەست بکەوێت. بۆ دانەوەی قەرزی بانکی ناوەندی و پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ بەرزکردنەوەی بەهای فەرمیی دۆلار دراوە، چونکە عێراق کە نەوت دەفرۆشێت پارەکە بە دۆلار وەردەگرێت، لەم رێگەیەوەش لە هەر 100 دۆلارێک 18 هەزار دینار قازانج دەکات، لە ملیارێک دۆلار قازانجەکەی 180 ملیار دینار دەکات. جگە لەم هەنگاوە، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی و خاوەن داهاتی داوەتە بانکی ناوەندی، بۆ ئەوەی پارەی ئەم پڕۆژانە بۆ خۆی ببات لەجیاتی قەرزەکە.  ئینجا بەرزکردنەوەی بەهای دینار بڕیاری کۆتایی نییە، پڕۆژە یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمان و لەوێ مشتومڕێکی زۆری لەسەر دەکرێت، بڕگە بە بڕگە دەبێت پەرلەمانتاران دەنگی پێ بدەن و پەسەندی بکەن، بۆیە جارێ کەس نازانێت بەهای دۆلار چی لێدێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕین و فرۆشتن بە دینار، باشترین ڕێگەچارەش ئەوەیە پارەکە نیوە بە نیوە هەڵبگیرێت، دەفتەرێکت هەیە 50 وەرەقەی با دۆلار بێت ئەوەی تریشی بکە بە دینار.

هەواڵ
07-10-2026

عەباس عێراقچی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکرێت تاوەکوو ڕوونکردنەوە لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەمریکا بدات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بانگ دەکرێتە پەرلەمانی ئێران و تاوەکوو ڕوونکردنەوە لەسەر ئەوە بدات بۆچی بێ پرسی بەرپرسانی وڵاتەکەی لە نیویۆرک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ کۆبووتەوە. داواکارییەکە پەرلەمانتارێکی ئێران پێشکەشی کردووە، بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی کارەوە و عەباس عێراقچی بانگێشت بکەن. هاوکات بڕیارە 18 ئەم مانگە، کاندیدی وەزیری بەرگریی ئێران کە مەهرداد ئەخلاقی ببرێتە پەرلەمان و دەنگی پێبدەن.

هەواڵ
07-10-2026

ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەدات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری بە دامەزراوە داراییە بیانییەکان دەدات، ئەگەر بەردەوام بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران یان کەرتی دارایی ئەو وڵاتە، ئەوا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت. بەپێی ئاگادارییەکی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە (OFAC) کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەیە و لە رۆژی دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026 [سێشەممە بەکاتی هەولێر] دەرچووە، ئەو دامەزراوە داراییانەی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە سزادراوەکانی ئێران دەکەن، رەنگە لە هەر کاتێکدا بکرێنە ئامانج و دەبێت دەستبەجێ ئەو جۆرە چالاکی و پەیوەندییانە رابگرن. ئاگادارییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو ئۆپەراسیۆنە ئابوورییەی کە لە 24ـی ئابی 2026 لەلایەن سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا راگەیەندراوە. لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مەترسیی سزاکانی فراوانتر کردووە بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی 13902 بۆ ئەو کەس و قەوارانەی پاڵپشتیی کەرتەکانی سەرمایەی دیجیتاڵی، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانیی ئێران دەکەن. لە ماوەی رابردوودا ئەمریکا چەندین بانکی لەم چوارچێوەیەدا سزاداوە، لەوانە: - لە 28ـی ئابدا بانکی میسر لە ئیمارات سزادرا کە خاڵێکی گرنگ بوو بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە دۆلاری ئەمریکی. - لە 4ـی ئەیلوولدا بانکی (Golden Global Bank) کە بنکەی لە تورکیایە، بەهۆی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لقەکانی سزادران. - لە 14ـی ئەیلوولدا بانکی (VTB) بەهۆی تێوەگلانی لە چالاکییەکانی خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر بانکەکانی ئێران، سزادرا. وەزارەتی گەنجینە هۆشداریی داوە، ئەو دامەزراوانەی ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی ئێران دەستی بە سیستمی دارایی جیهانی بگات (لە نێویاندا دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ بانکە ئێرانییەکان یان لقەکانیان لە وڵاتی سێیەم)، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە. هەروەها رەنگە رووبەڕووی سزای مەدەنی و تاوانکاری ببنەوە، ئەگەر مامەڵەکانیان ببێتە هۆی ئەوەی دامەزراوە یان کەسانی ئەمریکی سزاکان پێشێل بکەن.  قەدەخەکردنی کردنەوە یان هێشتنەوەی هەژماری بانکی لە ئەمریکا یەکێکە لەو مەرجە تووندانەی کە رەنگە بەسەریاندا بسەپێندرێت. لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەمریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی دیکە کە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران بپچڕێنن، ئەگەرنا مەترسیی ئەوەیان لەسەرە لە سیستمی دارایی پشتبەستوو بە دۆلار بێبەش بکرێن.  

گشتی
07-10-2026

ئەستێرەکانی ئەرجەنتین لەبارەی مێسییەوە چی دەڵێن؟

ئەستێرە و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە جیا باس لە کاروانی یارییکردنی لیۆنێل مێسی و وازهێنانی ئەو ئەستێرەیە لە یاریی نێودەوڵەتی دەکەن. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە مێسی دوایین یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە ئەنجامدەدات و کاتژمێر 02:00 بەرامبەر هەڵبژاردەی بەنین یاریی ماڵئاواییکردنی دەکات. لەبارەی وازهێنانی لیۆ لە یاریی نێودەوڵەتی ئەستێرە و یاریزانانی ئەو وڵاتە باس لە لیۆنێل مێسی و کەسایەتییەکەی دەکەن، ئانخێل دیماریا، هاوڕێیەکی نزیکی مێسییە و دەڵێت "لە راستیدا نەمدەزانی من یەکەم ئەرجەنتینیم زۆرترین یارییم لەگەڵ مێسی کردووە، ئێمە ساڵی زۆرمان بەیەکەوە بەسەربردووە و شانازییەکی گەورەیە وەکو یاریزان لەلایەن مارادۆناوە مەشقم پێدراوە و لەگەڵ باشترینی مێژوو یارییم کردووە کە بۆ من مێسییە و چێژی زۆرم لێی بینیووە." دیماریا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای یاریی رۆزاریۆ سێنتراڵ و بانفیڵد قسەیکرد و گوتی "ئێمە نیوەی شەومان تێپەڕاندووە و بەفەرمی چووینە نێو ئەو رۆژەی کە کەس نایەوێت بێت، رۆژی ماڵئاواییکردن لە مێسی." ئانخێل لەبارەی ئەوەی لە یارییەکەدا ئامادەدەبێت گوتی "قسەیەکی کورتم لەگەڵ مێسی کردووە، پێمگوتووە لە یارییەکەدا ئامادەدەبم، کەواتە پێش یارییەکە دەیبینم." نیکۆلاس ئۆتامێندی، بەرگریکاری ئەرجەنتین وێنەیەکی خۆی لەگەڵ مێسی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "سبەی رۆژێکی زۆر تایبەتە، چونکە رۆژی گەورەترین یاریزانی هەموو سەردەمەکانە، شانازییەکی گەورەیە بەشێکم لە چیرۆکەکەت، ئەی بچووک." نیکۆ پاز، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبارەی لیۆنێل مێسییەوە دەڵێت "من یاریی بەرامبەر ئوردن بە سەرەکی یارییمکرد، مێسی هاتە لام، رەنگە بۆ ئەو ئاماژەیەکی سادە بووبێت، بەڵام بۆ من مانایەکی جیهانی بوو. پێیگوتم: وەرە، بڕۆ بۆی، زۆر متمانەم بە ئێوە هەیە. بەبێ ترس یاری بکە، هەروەک چۆن لە یانەکەتدا دەیکەیت. من سەرم سوڕما؛ بیستنی وشەی لەو جۆرە لە نموونەی باڵاتەوە باوەڕپێنەکراوە. لەوانەیە لەبیری نەبێت، لەوانەیە هەرگیز لەبیری نەبێت، بەڵام من ئەو ساتە بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەهێڵمەوە." کلاودیۆ تاپیا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین وێنەی دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "دوایین و لە دڵەوە". دانی، سەرتاشی تایبەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە و لەسەر وێنەی دوایین مەشقەکانی تیپەکە نووسیوویەتی "دوایین مەشقەکانی سەرکردە". جولیانۆ سیمیۆنی، وێنەی خۆی و مێسیی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ئامادەین" و وێنەی دڵێک و ژمارە 10ـی داناوە. رۆمان ڤیگا، یاریزانی ئەرجەنتینەوە و وێنەی خۆی و مێسیی داناوە و نووسیوویەتی "دوایین مەشق لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان، زۆر بەختەوەرم کە لێرەم، سوپاس بۆ ئەو شێوازەی نوێنەرایەتی ئەرجەنتینت پێی کرد." ئێنزۆ فێرناندێز، ناوەڕاستکاری ئەرجەنتین وێنەی خۆی و مێسیی داناوە و نووسیوویەتی "سوپاس بۆ هەمیشە". ڤالێن گۆمێز، یاریزانێکی لاوی ئەرجەنتینە و لەسەر وێنەی خۆی و مێسی نووسیوویەتی "هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات، ئەمڕۆ لەگەڵ تۆ بەشداری بکەم و بتوانم ئەم رۆژانەت لەگەڵ بەش بکەم لیۆ، سوپاس بۆ تۆ کە ئەرجەنتینیت." سانتیاگۆ کاسترۆ، یاریزانی لاوی ئەرجەنتین لەسەر وێنەی خۆی و مێسی نووسیوویەتی "ساتی لەبیرنەکراو، گەورەترین خەونم هاتەدی." ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتین وێنەی خۆی و مێسی داناوە و نووسیوویەتی "سبەی دەیبەینەوە و ماڵئاوایی لە باشترین دەکەین." لیۆنێل مێسی، خۆی وێنەکانی دوایین مەشقەکانی بەدرێسی ئەرجەنتینەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "ئەو ساتانەی دەزانم بیریان دەکەم."

گشتی
07-10-2026

لیۆنێل مێسی ماڵئاوای دەکات

لەوانەیە پێتوابێت چیرۆکی لیۆنێل مێسی دەزانیت، بەڵام تۆ هەڵەیت دەبێت ئەرجەنتینی بیت بۆ ئەوەی تێبگەیت تەوبەی میللەتێک بەرامبەر بە سوڵتانێک کە درەنگ بڕوای پێی هەبوو چەندە تایبەتە. بەرەبەیانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2026 لە یاریگا مێژوویی و دڵڕفێنەکەی مۆنۆمێنتال، لیۆنێل مێسی بۆ دوایینجار بە درێسی ئەرجەنتین پێ دەنێتە ناو یاریگا و کۆتایی هاتنی خۆشەویستییەک، خۆشەویستییەک کە دوو دەیەی خایاند، خۆشەویستییەکی پڕ لە توڕەیی و ڕق و دواجار پەرستنی ئەفسانەیەک، خۆشەویستییەک کە دواجار بووە هەتا هەتایی. ‫ ساڵانێک لەمەوبەر کەناڵێکی کەتەلۆنی مایکەکەی لە شەقامەکانی شاری بارسێلۆنادا گێڕا، بۆ ئەوەی کەسێک بدۆزێتەوە رەخنە لە مێسی بگرێت، زۆر ئاسایی بوو کە ئەم پلانە سەرنەگرێت و دواجاریش سەری نەگرت، ئەزانن بۆ؟ چونکە ئەو کات لیۆ لە لوتکەی سەرکەوتنەکانی بوو لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە، بەڵام ئەگەر هەمان کامێرا و مایکەکە بەرەو بۆینس ئایرس بڕۆیشتبا و لە شەقامەکانی کۆرینتس یاخود سەن تێلمۆ بسوڕابایەوە، هەر زوو سەدان کەسیان دەۆزییەوە کە زۆر بە ئاسانی ئامادەبوون بەرامبەر مایکەکە بوەستن و رەخنە لە مێسی بگرن و گاڵتەی پێ بکەن، لەو سەردەمەی لیۆ لە لوتکەی ئاستی خۆیدا بوو لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، زۆر بە بێزەییانە و بێ رەحمانە رەخنەگرانی لە زێدی خۆی هێرشیان دەکردە سەر. بەڵام ئەمڕۆ چیرۆکەکە تەواو جیاوازە و ئەگەر هەر ئەمڕۆ پەیامنێرێک لە شەقام و کۆڵانەکانی پشتەوەی شارەکانی ئەرجەنتین بۆ دوژمنێکی مێسی بگەڕێت، بە دڵنیاییەوە بە دەست بەتاڵی دێتە دەرەوە، ئەگەر دوژمنی مێسی بیت و بچیتە ئەرجەنتین بە دڵنیاییەوە دڵتەنگ دەبیت! رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یارییەکی تەواو جیاواز و لەسەر چیمەنی یاریگای ریڤەرپلەیت رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەنین دەبێتەوە، لەو یارییە مێسی بۆ هەتا هەتا پێڵاوەکانی هەڵدەواسێت و جارێکی دیکە بە درێسی تانگۆ نابیندرێتەوە، بێگومان ئەمە تاڵترین شەوی ئەرجەنتینیەکان دەبێت لە مێژوو، ماڵئاواییەک کە هەموو وڵات دەخاتە گریانەوە، مێسی نەک تەنها گەلی ئەرجەنتین، بەڵکو ملیاران لە هاندەر و خۆشەویستەکانی لەو شەوە تایبەتە دەخانە گریان. ئەگەر لە هاندەرێکی نۆرماڵ بپرسیت ئەو وەچەرخانە گەورەیە چی بوو بەرامبەر مێسی روویدا، لە کاتێکدا ساڵانێک لەمەوبەر هەمووان لە دژی وەستانەوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانی بەرامبەر چیلی لە یاری کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2016 براوە بێت، بێگومان هەمووان دەڵێت بردنەوەی جامی جیهانی، بەڵام ئایا هەر بەڕاستی بردنەوەی مۆندیالی 2026 خاڵی وەچەرخانی ئەم هەست و سۆزە و گۆڕانکاریە گەورەیە بووە؟ بێگومان هەرگیز مێسی ئەو رۆژانەی لەبیر ناچێت کاتێک نیوەی وڵاتەکەی بەهۆی روداوەکانی ساڵی 2016 بەرامبەریان کرد، بە هەر حاڵ ساڵانێک هاتن و رۆیشتن مێسی مایەوە و هەموو ئەوانەی بۆ رەخنەگرانی بردەوە کە چاوەڕێی بوون. مێسی دوو بەربەستی گەورەی هەبوو بۆ چوونە ناو دڵی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی یەکەم: هەموو ساڵانی پیشەگەری خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی بەسەر برد. دووەم: سێبەری قورس و گەوەرەکەی دیێگۆ مارادۆنا کە یادەوەری گەورەی بۆ هاونیشتیمانیەکانی هەبوو. هەمیشە ئەو گلەییە لە مێسی هەبوو وەکو پێویست ئەرجەنتینی نیە، رەخنەیان لە بێ دەنگی و کەم قسەکانی دەگرت و تانەیان لێدەدا کە مووچەکەی بە یۆرۆ وەردەگرێت و بەراوردیان دەکرد لەگەڵ مارادۆنایەک کە لە کۆڵانەکانی لافیۆریتۆ واتە لە دڵی کۆڵانە هەژارەکان و نەهامەتیەکانی وڵات گەورە بوو. دواجار مێسی بووە سیمبولی وڵاتەکەی و وایلێهات هەمووان خۆشەویستی دیێگۆی گەورەیان لەبیر کرد، مارادۆنا پێش مردنی هەمیشە ئارەزووی ئەوەی دەکرد جامی مۆندیال لەناو دەستەکانی مێسی ببینێت، بەڵام دواجار نە ئەو گەیشتە خەونەکەی و نە مێسی توانی ئەو خەونەی بکاتە راستی.

گشتی
07-10-2026

فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی

ئەندامێکی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، جێگیر کراوە کە 63 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش دەکرێنە هەمیشەیی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی رەئووف، ئەندامی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24، زانیاریی نوێی سەبارەت بە چارەنووسی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ساڵی 2027 ئاشکرا کرد. "پێمان راگەیەنەراوە کە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بڕیار دراوە 400 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست لە سەرانسەری عێراقدا بکرێنە هەمیشەیی، کە لەو ژمارەیە 63 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و دەکرێنە هەمیشەیی". ئەو ئەندامەی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لەم بڕیارە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و پێویستە، چونکە چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا پرۆسەی دامەزراندنی فەرمی راگیراوە و ئەمەش لێکەوتەی زۆری لەسەر کەرتی وەزیفی و بژێویی هاووڵاتییان دروست کردووە.

هەواڵ
07-10-2026

فەرماندەیەکی باڵای داعش دەستگیرکرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای سەربازیی رێکخراوی داعشی لە گوندەواری دیمەشق راگەیاند؛ ئەو تۆمەتبارە پلاندانەر و سەرپەرشتیاری سەرەکیی چەندین پەلامار بووە، لەنێویاندا تەقینەوە خوێناوییەکەی ساڵی رابردووی سەر مزگەوتێکی گەڕەکی عەلەوییەکان لە شاری حمس کە بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس. سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە گوندەواری دیمەشق، توانیویانە خالید رائید بەیرونی ناسراو بە ئەبو حەسەن دۆشکە دەستگیر بکەن، کە وەک فەرماندەی باڵای سەربازیی داعش لە ناوچەی حمس کاری کردووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بەیرونی بەرپرسیار بووە لە داڕشتنی پلان و سەرپەرشتیکردنی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە شاری حمس، لەوانە دروستکردنی بۆمبی چێندراو و هێرشی تایفی؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە تەقینەوەکەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025 کە مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیبی لە گەڕەکێکی زۆرینە عەلەوینشینی حمس کردە ئامانج و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون. ئەو هێرشەی ساڵی رابردوو، کە لەلایەن گرووپێکی توندڕەو بە ناوی سەرایا ئەنسارولسوننە کە شارەزایان بە باڵێکی داعشی دەزانن بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ گیرابوو، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لەنێو پێکهاتەی عەلەوییەکانی حمس دروست کردبوو. سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2019ەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی جوگرافیی هاتووە، بەڵام پاشماوە و شانە نووستووەکانی هێشتا لە ناوچە بیابانییەکانی سووریا چالاکن و ناو بە ناو هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان؛ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقیش بەردەوام ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ دەستگیرکردن و لەناوبردنی سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە ئەنجام دەدەن. هاوکات حاکمیە ئیبراهیم، بەرپرسی کەمپی رۆژ لە پارێزگای حەسەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، وێڕای رێککەوتنی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتی سووریا بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوەکان، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ئیدارەی کەمپەکەدا رووی نەداوە و هێزە ئەمنییەکانی کورد بە توندی پاسەوانیی دەکەن. ئاشکرای کرد کە لە کەمپەکەدا 729 خێزانی سەر بە داعش دەژین کە ژمارەیان لە دوو هەزار و 200 کەس زیاترە و خەڵکی پتر لە 50 وڵاتی جیاوازن، کە زۆرینەیان هاووڵاتیی رووسیان، لە پاڵ ژن و منداڵانی بەڕەگەز فەرەنسی، ئەڵمانی، تورک، تونسی و مەغریبی. کەمپەکە چەندین کەسایەتیی بەناوبانگی تێدایە، لەوانە شەمیمە بێگوم کە پێشتر هاووڵاتیی بەریتانیا بوو و بەهۆی چوونە نێو داعشەوە رەگەزنامەکەی لێ سەندرایەوە. سەبارەت بە هەڵوێستی دیمەشق، دوو بەرپرسی حکومەتی سووریا بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، دۆسیەی کەمپی رۆژ لە چوارچێوەی رێککەوتنی گشتیی نێوان کورد و دەوڵەتدایە، بەڵام پرۆسەی رادەستکردنی ئیدارەی کەمپەکە بە دەسەڵاتدارانی ناوەند کاتی دەوێت، چونکە رەهەندی هەستیاری مرۆیی و پەیوەندیی بە وڵاتانی بیانییەوە هەیە کە تا ئێستا زۆربەیان ئامادە نین هاووڵاتییە پەڕگیرەکانیان وەربگرنەوە. کەمپی رۆژ ئێستا وەک دوایین کەمپی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان ماوەتەوە، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپاوە کەمپی بەناوبانگی هۆل چۆڵکرا و دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە داخرا، هاوکات لە مانگی شوباتی رابردووشدا ئەمریکا زیاتر لە 5 هەزار و 700 زیندانیی داعشی لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەوە بۆ عێراق گواستەوە. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە مانگی ئابدا لەلایەن مەزڵووم عەبدی و دەستبەکاربوونی وەک راوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵات بە فەرمی دەستی پێکردووە.

هەواڵ
07-10-2026

حکومەت بەنیازە ئەپڵیکەیشنی وەیز قەدەغە بکات

حکومەتی عێراق بەنیازە ئەپڵیکەیشنی وەیز [شۆفێران بۆ دۆزینەوەی لۆکەیشن و شوێن بەکاریدەهێنن] قەدەغە بکات. وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە سەرتاسەری دەبێت و هەموو عێراق دەگرێتەوە.  ئەپڵیکەیشنی وەیز کە لەناو خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە وازی ناسراوە، ساڵی 2008 لەلایەن ئیسرائیلەوە دروست کراوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆر بڵاوەوە و خەڵک زۆر بەکاری دەهێنن، بەهۆی ئەوەی سادەیە، مواسەفاتی زۆرە، بەپێی بارودۆخ ئاسانترین ڕێگات بۆ دەستنیشان دەکات، بە دەنگ هەموو شتێکت پێدەڵێت، هەروەها شوێنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلت پێدەڵێت. مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ئەمڕۆ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مانگی 12ی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو بەفەرمی ئەپڵیکەیشنی وەیز قەدەغە دەکەین، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە دروست کراوە. دواتر لە لێدوانێکدا مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکە سەرتاسەری دەبێت و هەموو عێراق دەگرێتەوە. وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنەکە تاوەکو ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕۆڵێکی خراپیشی گیڕاوە لە شەڕی غەزەدا، بۆیە قەدەغەی دەکەین. - هەرچەندە وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت بڕیارەکە هەموو عێراق دەگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە حکومەتی کوردستان بە بڕیارەکە پابەند دەبێت یان نا. چونکە پێشتر زۆر بڕیاری لەمشێوەیە لەلایەن بەغدا دراون کەچی هەموویان لە کوردستان جێبەجێ نەکراون.  سەرچاوەیەک قسەی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کوردستان کرد، دەڵێن، "جارێ هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە نادەین".

هەواڵ
07-10-2026

شەش ڕۆژ پشووەکە کێ دەگرێتەوە؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی جەمای ئێزیدیان، شەش ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند و دەڵێت هەمووان ناگرێتەوە. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بە فەرمی ڕایگەیاند، شەش ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان بۆ کوردانی ئێزیدی دەبێتە پشوو، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، "هەموو خەڵک ناگرێتەوە و تەنها تایبەتە بە کوردانی ئێزدی، سبەینێ دەوام هەیە و پشوو نییە".  ئەمەش دوای ئەوەهات، لە چەند پەیجێک و سۆشیاڵ میدیایەک هەواڵی ئەوە بڵاوکراوەتەوە پشووەکە بۆ ماوەی ڕۆژێک هەموو خەڵکی کوردستان دەگرێتەوە و سبەی چوارشەممە پشووی فەرمی و سەرتاسەرییە. سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نەخێر پشووەکە هەموو خەڵک ناگرێتەوە و تەنها تایبەتە بە کوردانی ئێزدی، سبەینێ دەوام هەیە و پشوو نییە.

هەواڵ
07-10-2026

هۆشداریەک لە بەرگری شارستانیەوە

شەپۆلێکی خۆڵبارین بەغدا، ئەنبار و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراقی گرتوەتەوە. کەشناسیی عێراق دەڵێ، پێشبینی دەکرێ خۆڵبارینەکە تاوەکو کاتژمێرەکانی درەنگانی ئەمشەو بەردەوام بێت. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق هۆشداری دەدات و چەند رێنماییەکی لەبارەی خۆڵبارین بڵاوکردەوە. عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند: "ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە ئەنجامی کاریگەریی بەرزەپەستانێکی کەشە." بە گوتەی عامر جابری، سەرەتا پێشبینی دەکرا کاریگەریی خۆڵبارینەکە زیاتر لەسەر ناوچەکانی رۆژئاوا و پارێزگای سەلاحەدین بێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی خێرایی و ئاراستەی با، کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە بەغدا، نەجەف، کەربەلا و ناسریە. عامر جابری گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ئەم دۆخە تاوەکو کاتژمێرەکانی داهاتووی ئەمشەو بەردەوام بێت".  سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند: "هیچ ئاماژەیەک نییە کە خۆڵبارینەکە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. خۆڵبارینەکە کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر رۆژئاوا، نێوەڕاست و باشووری عێراقە." لای خۆیەوە، ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەندێک کاتی جیاوازدا تەپوتۆز لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام کاریگەرییەکی کەم و سنووردار بوو، چونکە شەپۆلی خۆڵبارینەکە زیاتر ناوچەکانی رۆژئاوا، نێوەڕاست و باشووری عێراقی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئێوارەی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا چەند رێنماییەکی بۆ هاووڵاتییان لە کاتی خۆڵباریندا بڵاوکردەوە و داوای کرد، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانیان، پابەندی رێنماییەکان بن. بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هاووڵاتییان دەڵێ، لەبەر ئەگەری پچڕانیان و بوونی تەزووی کارەبا تێیاندا، نابێت لە وایەری کارەبا نزیک بکەونەوە؛ هەروەها پێویستە خۆتان لە باڵەخانە تەواونەکراوەکان و ئەوانەی مەترسیی رووخانیان لەسەرە بەدوور بگرن، چونکە ئەگەری هەیە بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەوە پارچەیان لێ ببێتەوە. لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا بۆ هاووڵاتییان هاتووە: "مەچنە ژێر دارە گەورەکان و لە ژێریاندا مەوەستن، چونکە ئەگەری هەیە بەهۆی بای بەهێزەوە بکەون یان لقەکانیان بشکێن؛" هەروەها داوا لە شۆفێران کراوە، لەکاتی لێخوڕیندا ئاگاداربن، چونکە بەهۆی خۆڵبارینەوە مەودای بینین کەم دەبێتەوە و پێویستە پابەندی هێما و رێنماییەکانی هاتووچۆ بن. بۆ پاراستنی کەلوپەلی نێو ماڵ، پێویستە دەرگا و پەنجەرەکان بە باشی دابخرێن؛ هەروەها دڵنیایی بە منداڵان بدرێ و لەبارەی سرووشتی خۆڵبارینەکە هۆشیار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێیان کەم بێتەوە، بەتایبەتی کە دەنگی بەهێز لەگەڵ بادا دەبێت. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کردووە، لەکاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان ئاگادار بن، بەتایبەتی بە شەواندا، چونکە خۆڵی چڕ مەودای بینینی شۆفێران کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەو کەلوپەلانەی ئەگەری بابردنیان هەیە، لە سەربان و باڵکۆنەکان لاببرێن، بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا نەکەون. لە رێنماییەکاندا ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە هاووڵاتییان لەژێر تابلۆ گەورەکانی رێکلام و ئەو پێکهاتە کانزاییانەی ئەگەری کەوتنیان هەیە، نەوەستن. جگە لە کاری زۆر پێویست، گەشت و هاتووچۆ نەکرێ و لە کاتی ناچاریدا گڵۆپی ئاگادارکردنەوە (چواری) هەڵبکرێ.

هەواڵ
06-10-2026

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی: کابینەی نۆیەم نموونەیەکی جوانی حکوومڕانییە

نووسینگەی قوباد تاڵەبانی  کابینەی نۆیەم نموونەیەکی جوانی حکوومڕانی بووە, ساڵی رابردوو بڕی 564 ملیار دیناری بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای سلێمانی خەرجکردووە. هاوکات لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، لە قۆناخی دوای ساڵی 2021ـەوە، هەزار و 178 پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن. نووسینگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی سەر بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند: بەگوێرەی داتاکان، تەنیا لە کەرتی تەندروستیی ناوچەکەدا 78 ملیار دینار خەرج کراوە. لە پارێزگای هەڵەبجە لە کۆی 386 پڕۆژەی دیاریکراو، 215 پڕۆژە جێبەجێ کراون. لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش 336 پڕۆژە هەبوون کە 199 پڕۆژەیان تەواو بوون، هاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە کۆی 450 پڕۆژە، 286 پڕۆژە جێبەجێ کراون. سەبارەت بە کەرتی شارەوانی لە پارێزگای سلێمانی، لەدوای ساڵی 2022ـەوە 344 پڕۆژە دەستنیشان کرابوون کە 210 پڕۆژەیان تەواو بوون. لەمساڵیشدا 390 هەزار مەتر دووجا شەقامەکان قیرتاو کراون. کەرتی کارەبادا سلێمانی داهاتەکەی 8٪ـی تێچووی پڕۆژەکان دابین دەکات، 760 پڕۆژە هەبوون کە 657 پڕۆژەیان تەواو کراون، ئەمەش بە واتای تەواوبوونی نزیکەی 86٪ـی پڕۆژەکانی ئەو کەرتەیە. سەرەڕای ئەمانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بڕی 43 ملیار دیناری دیکەی بۆ کەرتی کارەبا تەرخانکردووە.

هەواڵ
06-10-2026

مەسعود پزیشکیان: هەر کات دەچینە سەر مێزی دانوستان، ئەمریکا هێرشمان دەک...

دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان لێدوانی دژبەیەک دەدەن و سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "ئامادەی دانوستانی ڕاستەوخۆین" لە بەرانبەردا پزیشکیان دانوستان ڕەتدەکاتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا دەڵێت "ئەمریکا ئامادەی دانوستانی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ ئێران، بەڵام مەترسی هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکەش لە لایەن ئێرانەوە چاوەڕوانکراوە" مەسعود پزیشکیا، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت "کێشەی سەرەکییان لەگەڵ ئەمریکا ئەوەیە کە هەرکاتێک دەچنە سەر مێزی دانوستان، دەستبەجێ جەنگیان بەسەردا دەسەپێنرێت. دەشڵێت "تاوەکو ئێستا سێ جار دوای گفتوگۆ هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوان بە دوای دانوستانەوە نین، بەڵکو ئامانجیان رووخاندنی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە" لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش پزیشکیان جەخت لەوە دەکاتەوە "تاران بەردەوام نییەتباشی و راستگۆیی خۆی سەلماندووە و زۆرترین چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەسەر وڵاتەکەی بووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەرکاتێک پشکنەرەکان هاتوونەتە ئێران، ناوەندە ئەتۆمییەکان و زاناکانمان دەستنیشان کراون و دواتر ئەو ناوەندانە بۆردومان کراون یان زاناکانمان تیرۆر کراون"

1 2 3 4 5 6 ... 1142 1143