Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
02-10-2026

ئێران داوایەک لە عێراق دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە بەغدا دەکات، پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی ئاسمانیی ئەو وڵاتە نەبێت. باڵیۆزی عێراقیش لە تاران دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان دەستپێدەکەنەوە. شەوی پێنجشەممە 01-10-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا سەپاندنی سزاکانی ئەمریکای بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەدا بە ''نایاسایی و نامرۆڤانە'' وەسف کرد و رایگەیاند: ''ئەوە پیلانگێڕییەکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان''.  وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوەکەدا داوای لە عێراق کردووە، بە هیچ شێوەیەک پابەندی سزاکانی ئەمریکا نەبێت و بۆ ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان هەنگاو بنرێت. هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ''وێڕای رێزگرتن لە پەیوەندیی برایانەمان، سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکان دژی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەو دوو وڵاتە دەزانین''. بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ''سزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، جیا لە دروستکردنی کێشە بۆ سەتان هەزار گەشتیار، زیارەتکار، نەخۆش و خوێندکار، دژایەتیی ئاشکرای پەیوەندیی ستراتیژی و دۆستانەی هەردوو وڵات دەکات''.  هەر دوێنێ فەرزانە سادق، وەزیری رێگەوبانی ئێران لەگەڵ یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران کۆبووەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاران و بەغدا تاوتوێ کران. بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا یاسر حەجاج ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی بەدواداچوون دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران. باڵیۆزی عێراق لە تاران ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەستپێدەکەنەوە. لە هەفتەی رابردووەوە و بەهۆی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران، چەندین فرۆکەخانەی جیاواز لە ناوچەکە و جیهاندا گەشتەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. رۆژی سێشەممە 29ـی ئەیلوول، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی کاتی و سنوورداری دایە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێران. مۆڵەتەکە تەنیا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و گواستنەوەی "زیارەتکارانی ئێرانی"یە و واشنتن هۆشداری داوە کە ئەمە بە واتای هەڵگرتنی گشتیی سزاکان نییە، بەڵکو تەنیا رێگەپێدانێکی کاتییە. وەک فەرزانە سادق دەڵێت، بەهۆی سەپاندنی سزاکانەوە، (رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی) سکاڵایان دژی ئەمریکا تۆمار کردووە

هەواڵ
02-10-2026

دژەتیرۆر سەردانی دوو شەهیدەکەی کەرکووک دەکات

دوای شەهید کردنی دوو هاووڵاتیی کورد لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژ بە چەکدارانی داعش لە ناحیەی پردێ، شاندێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆری عێراق گەیشتنە ناوچەکە و لایەنە فەرمییەکانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەشیان بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان پێکهێناوە  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، فەریق یوسف هاشم، جێگری فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی باڵا، سەردانی ناحیەی پردێیان کرد، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی دڵنەوایی و هاوخەمی بۆ بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەهید کران، ئەو شاندەی دژەتیرۆر سەردانی ماڵی هەردوو هاووڵاتییەکەیان کرد. دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدبوونی ئەو دوو هاووڵاتییە دەربڕی، کە لە 27-9-2026، لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی گەمارۆدانی دوو چەکداری داعش لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی قەرەباڵغدا، شەهید کران. دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ڕاگەیاند، پێکدادانەکە لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنی چەکدارەکاندا ڕوویداوە کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێژکراوی پێبوە، لە ئەنجامیشدا دوو هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون و چوار ئەندامی دژەتیرۆریش بریندار بوون، پرۆسەکەش بە کوژرانی یەکێک لە تیرۆریستەکان و دەستگیرکردنی ئەوی دیکەیان کۆتایی هاتووە. دەزگای دژەتیرۆر جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل هێڵی سوورە، بۆیە دەستبەجێ بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە و لەسەر ئاستی دەزگاکەش لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان پێکهێنراون، تاوەکو هۆکاری شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتییە ئاشکرا بکرێت و ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

هەواڵ
29-09-2026

ئەمڕۆ تیروپشک بۆ ناوی حاجیان دەکرێت

ئەمڕۆ پرۆسەی تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی ساڵی 2027 و سەرجەم حاجیانی ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت. بڕیارە "کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پرۆسەی تیروپشکی حاجیان دەستپێدەکا و تیروپشکەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هاووڵاتیان پەخش دەکرێت." بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، ئەم تیروپشکە تایبەتە بە تەواوکەری ناوی حاجیانی ساڵی 2027 و هەروەها سەرجەم حاجیانی ساڵی 2028.  بە گوتەی کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: 116 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج تۆمار کردووە. ساڵی رابردوو پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەمەبەستی بەجێهنانی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیەیان کردبوو. لەو ژمارەیە 2 هەزار و 752 کەسیان پیاو و 2 هەزار و 368 کەسیشیان ئافرەت بوون.

هەواڵ
28-09-2026

مەرجی سەرەکی کارکردن لە زاخۆ زمانی کوردییە

بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی زاخۆ، لە چوارچێوەی گرنگیدان و پاراستنی زمانی کوردی، پێدانی مۆڵەتی کارکردنی بەستووەتەوە بە زمانی کوردی. مەرجی سەرەکیی بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە زاخۆ دەست بە کارێکی نوێی بازرگانی بکات و مۆڵەتی پیویست بێت، دەبێت مەرجی زمانی کوردی جێبەجێ بکات. بەگوێرەی ئەم رێکارە، هەر بازرگان یان کاسبکارێک داوای مۆڵەت بۆ دووکان یان پڕۆژەیەکی تایبەت بکات، ناچارە ناونیشانێکی رەسەنی کوردی بۆ شوێنەکەی هەڵبژێرێت، بە پێچەوانەوە مامەڵەکەی رەت دەکرێتەوە و مۆڵەتی پێ نادرێت. ئەم بڕیارە ئێستا بە رێژەی 100%ـی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی ئەم هەنگاوە نەهێشتنی دەستەواژە بیانییەکانە لەسەر تابلۆی کاسبکاران و پاراستنی شکۆی زمانی دایکە لە کایەی بازاڕ و بازرگانیدا.

هەواڵ
27-09-2026

مەسروور بارزانی: بە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستە...

رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی بەریتانی ئەمڕۆ سێشەممە 9/27، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە چەند لێدوانێکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە. بە داخەوە نووسەری ڕاپۆرتەکە، دەقی لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی وەکوو خۆی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکوو زیاتر بۆچوون و لێکدانەوەکانی خۆیەتی نەک دەقی قسەکانی سەرۆکی حکومەت .  ئەمەش دەقی گرنگترین لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتە بۆ ڕۆژنامەکە : * کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە. * هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی موشکی و درۆنی بووەتە.  * بە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە . * بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی.  * ئێمە دۆست و هاوپەیمانیی ئەمەریکاین، بەڵام لە هەمانکاتدا دەمانەوێ پەیوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان لە نێویشیاندا ئێران هەبێت.  * پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و هەمیشە دووپاتمان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نییە لە شەڕ و ململانێ و مایەی هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەک.  * هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئێرانی ساڵانێکی زۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن کە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی سەددام حوسێن دەگەڕێتەوە. * پشتیوانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ عەلی زەیدی دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور. * ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان.  * هەوڵ و گفتۆگۆکانی کاراکردنەوە پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
27-09-2026

لە ڕیازی پایتەختی سعودیە خوێندن کرا بە ئۆنلاین

پرۆسەی خوێندن لە ڕیازی پایتەختی سعودیە، بۆ یەک هەفتە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت، ئەمە دوای ئەو مەترسییانە دێت کە حوسییەکان لەسەر شارەکە دروستیان کردووە.. بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی سعودیە کە دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە رێگەی ئیمەیڵەوە سەرپەرشتیاری قوتابیانیان لە ریاز ئاگادارکردەوە، دەرگای قوتابخانەکان بەدرێژایی هەفتە دادەخرێن. ئەم رێکارە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەی کەنداو بەرز بوونەتەوە و سعوودیە رووبەڕووی هێرشی ئەو گرووپانە بووەتەوە کە سەر بە حووسییەکانی یەمەنن. بەڵام لەم بارەیەوە دەسەڵاتدارانی سعوودیە هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتە روو. شەممەی رابردوو، هاوپەیمانیی سەربازی بۆ پشتیوانی حکوومەتی یەمەن بە سەرکردایەتی سعوودیە رایگەیاند، دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە کە حووسییەکان بەرەو ریاز ئاراستەیان کردبوون. هەروەها دوو مووشەکی بالیستییان لە ئاسمانی خەمیس موشەییت لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە تێکشکاندووە، کە بنکەیەکی ئاسمانی گرنگی تێدایە.

هەواڵ
24-09-2026

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق ئەرێنی بووە

ئەمڕۆ شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاری، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەکی بواری بودجە لەبارەی پرسی بودجە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆبوونەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوو. داواکارییەکانی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، بابەتەکانی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی لەخۆگرتبوو؛ هەموو ئەو داواکارییانەش رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراون. رەشنووسی داواکارییەکانی هەرێم بۆ بودجەی ساڵی 2027 پێشکەش کرا. هەروەها تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق تێگەیشتنێکی باشیان بۆ رەشنووسەکە هەبووە. "تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمی سەبارەت بە داواکارییەکان نەدراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە سەفەری واشنتن بگەڕێتەوە تاوەکو رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دواتر رێککەوتنی لەسەر بکرێت."  

هەواڵ
24-09-2026

بەغدا گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەهۆی سزا نوێیەکانی ئەمریکاوە بۆسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرت. لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد و بڕیاریدا بانگهێشتی وەزیری گواستنەوە و بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی بڕیارەکە. مونا غورابی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "داواکارییەک پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەناکاو و لێکۆڵینەوە لە لێکەوتە و کاریگەرییە ئابوورییەکانی لەسەر عێراق." پێشتر، عێراق و ئێران مانگانە نزیکەی 500 گەشتی ئاسمانیان لەنێواندا هەبوو. راگرتنی گەشتەکان ناڕەزایەتیی لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێرانی لێکەوتووەتەوە. میقداد خەفاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی حقوق، گوتی: "ئێمە ئەو بڕیارە رەتدەکەینەوە، بڕیارێکی ناڕەوایە بەرامبەر بە ئێران. هەڵوێستەکانی ئێران لە ساڵانی رابردوو بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی داعش جوامێرانە بووە و ژمارەیەک شەهیدیان بۆ بەرگری لە عێراق داوە." جگە لە راگرتنی گەشتەکان، کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی زەوینی 'مێنسز' و 'ناس' لە فڕۆکەخانەی بەغدا، لە ترسی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، خزمەتگزاریکردنی فڕۆکە ئێرانییەکانیان راگرتووە. ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان بەغدا و شارەکانی ئێران، بەتایبەت لە کاتی زیارەتە ئایینییەکاندا، رۆژانە دەگەیشتە 15 بۆ 20 گەشت، بەڵام ئێستا خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ ئێران بەتاڵە تاوەکو ئەو کاتەی سزاکانی ئەمریکا هەڵدەگیرێن.

هەواڵ
24-09-2026

هاووڵاتییان لە دەرمانی ساختە ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان (KMCA) هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و دەرمانخانەکان لە بوونی باچێکی ساختەی دەرمانی "تاڤانیک" و ڕایدەگەیەنێت کە تەنانەت ستیکەری فەرمیی دەرمانەکەش ساختە کراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی ئاگادارییەکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی (KMCA)، باچێکی دەرمانی تاڤانیک بە ناوی زانستی و بازرگانیی (TAVANIC 500 mg tab) بە ژمارەی باچی «3LG5A» و بەرواری بەسەرچوونی «10/2027» ساختەیە. لەبارەی چۆنیەتی ئاشکراکردنی ساختەکارییەکە، بەڕێوەبەراتییەکە روونی کردووەتەوە، لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو ئامێرە تایبەتەی لە سەرجەم دەرمانخانەکاندا جێگیرکراوە توانراوە دەرمانە ساختەکە ئاشکرا بکرێت؛ بە جۆرێک کاتێک موگناتیسی ئامێرەکە ئاراستەی چوارگۆشە رەشەکەی سەر ستیکەرەکە کراوە، رەنگەکەی نەگۆڕاوە بۆ سەوز، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ستیکەرە نانۆتەکنەلۆجییەکەی سەر دەرمانەکە لە بنەڕەتدا ساختە کراوە. هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، دوای پشکنینی سیستەمی ئەلیکترۆنیی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەرکەوتووە ئەو ژمارە باچە بەو بەرواری بەسەرچوونەوە بوونی نییە و بەرهەمەکە بە تەواوی نایاسایی و ساختەیە. لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA سەرجەم دەرمانخانەکان، کۆگاکانی دەرمان و هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەو دەرمانە بەو ژمارە باچە نەکڕن و مامەڵەی پێوە نەکەن، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات لەکاتی کڕینی هەر دەرمانێک لە دەرمانخانەکان، داوا لە دەرمانساز بکەن بە ئامێری موگناتیسیی دژەساختە پشکنین بۆ چوارگۆشە ڕەشەکەی سەر ستیکەرەکە بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە رەسەنایەتییەکەی.

هەواڵ
24-09-2026

چارەنووسی 10 کۆچبەری کورد نادیارە

چارەنووسی 10 گەنجی کۆچبەری کورد کە لە رۆژی 05-08-2026، لە لیبیا بێسەروشوێنن، نادیارە و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، کەسوکاریانی نیگەران کردووە. سەردار عەبدوڵڵا، دانیشتووی قەزای رانیەیە و باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە. ئەو دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تەرمێک دەرکەوتووە کە تاتۆیەکی هاوشێوەی کوڕەکەی لەسەر سنگیەتی، دڵنیا نییە کە ئەوە کوڕی ئەو بێت. سەردار عەبدوڵڵا رایگەیاند: "راستە تاتۆیەکی لەسەر سنگ بوو، بەڵام شێوازی جەستەی بە کوڕەکەی من ناچێت. پرسە دانانێم، چونکە تاوەکو ئێستا دڵنیا نیم و تەرمی کوڕی خۆمم نەبینیوەتەوە." کەسوکاری گەنجە کۆچبەرەکان، دەنگۆی گیانلەدەستدانی رۆڵەکانیان رەتدەکەنەوە و دەڵێن، قاچاخچییەکە پێی گوتوون کە ناویان لەنێو لیستی گیراوانی زیندانەکانی لیبیادایە. زرار خالید، یەکێک لە کەسوکاری کۆچبەرەکان دەڵێت: "نەچوونەتە نێو ئاوەوە تاوەکو بخنکێن، بە دڵنیاییەوە گیراون." ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپاوە، زانیاریی زیاتر لەبارەی دەستگیرکردنیان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئەوان بەڵگەیان لەبەردەستە کە لە زیندانێکن بەناوی 'تاجورا' و لەلایەن لیوای 111، فەوجی 51ـەوە دەستگیرکراون." بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی راپەڕین، لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕین بوون.

هەواڵ
24-09-2026

شاندێکی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات

سەرچاوەیەک لە بەغدا رایگەیاند، شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم. چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان کۆبوونەوەکانی نێوان شاندەکەی هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە سبەینێوە دەستپێدەکەن. ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تاوتوێکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2027 و رێککەوتنە لەسەر لایەنە دارایی و تەکنیکییەکان. هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەری بەشی بودجە، بەڕێوەبەری بەشی ژمێرکاری، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند شارەزایەکی بواری بودجە پێکدێت. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان لە رووی تەکنیکییەوە تایبەت دەبێت بە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، هاوکات خستنەڕووی تێبینی و داواکارییەکانی هەولێر لەپێناو جێکردنەوەیان لەنێو رەشنووسی یاساکەدا پێش ئەوەی رەوانەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بکرێت.

هەواڵ
24-09-2026

فوئاد حوسێن و عێراقچی لە نیویۆرک کۆبوونەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کارەکانی خولی 81ـەمینی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگیی هاوبەش کردەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان و پشتیوانیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکەدا. لەو چوارچێوەیەشدا فوئاد حوسێن جەختیکردەوە لەسەر بایەخی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنیان. لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی کورتەیەکی لەبارەی ئەو پەیوەندی و گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیانە خستەڕوو کە لە رێگەی وڵاتێکی نێوەندگیرەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان تاران و واشنتندا دەستیانپێکردووە، بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی دەریاییدا. هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە کرا کە بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، عێراق، ئوردن، سووریا، لوبنان، میسر و تورکیا بەڕێوەچوو، هاوکات تیشک خرایە سەر رۆڵی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی ئارامکردنەوەی رەوشەکە. لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوو وەزیر پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ راگرتنی پەرەسەندنەکان و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بکات.

1 2 3 4 5 6 ... 1142 1143