ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، 90٪ـی پڕۆسەی تێکەڵبوونی سەربازیی هەسەدە جێبەجێکراوە، ئێمەش لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا مافەکانمان لە دەستوور جێبەجێ دەکەین.
ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە دیدارێکی تایبەت ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێشتا لە قۆناغی تێکەڵبووندان، پڕۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ دیمەشق قۆناغی باشی بڕیوە و لە 90%ـی پڕۆسەی تێکەڵبوونی سەربازیی جێبەجێکراوە، لەم هەنگاوانەی تێکەڵبووندا مافەکانی کوردیش دەدرێن و کورد لە بواری سەربازیی، ئیداری و بەڕێوەبردن لە سووریا بەشدارە، لەو چوارچێوەیەشدا مەڕسومەکانی پەیوەست بە کورد بناغەی جێگیرکردنی مافەکانیانە.
ئیلهام ئەحمەد باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد، لەوانە:
- هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە هاوکاریکردنی ڕۆژئاوا.
- لە زۆربەی پارێزگاکانی سووریا بۆشایی ئەمنی هەیە، تایبەت بە بارودۆخی حەسەکەش پارێزگار و بەرپرسانی ئەمنیی بەرپرسیارن لە دۆخی ناوچەکە.
- گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام یەکێک لەو کێشانەی لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خانەوادەی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین ماون، لە بەرانبەر پێدانەوەی خانووی ئاوارەکان، چەکدارەکان داوای پارە لە ئاوارەکان دەکەن.
- دەربارەی ئاوارەکانی سەرێ کانی چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بگەڕێنەوە
- پڕۆسەی ئاشتیی پەکەکە و تورکیا لەم کاتەدا زۆر گرنگە، ئێمە تا ئێستا هیچ دیدارێکمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەبووە، بەو بە هیواین سەردانی تورکیا بکەین.
- زۆر هەوڵمان دا تەواوی سیستمی خوێندن لە ڕۆژئاوا بەکوردی بێت، بەڵام ئەو خواستەی ئێمە بەدی نەهات، هاوکات ئێمە تەئکید لەوە دەکەینەوە پێویستە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن لە ڕۆژئاوای کوردستان.
- لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا مافەکانمان لە دەستوور جێبەجێ دەکەین.