Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13822 بابەت
هەواڵ
25-11-2026

ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.  ڕۆژی سێشەممە 24-11-2026، حکومەتی عێراق داوای دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی کرد. ئەم بڕیارانە کاردانەوەی تووندی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ پارتی و یەکێتیی جەخت دەکەنەوە هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە. هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان داوا دەکەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێگەی ئاڤاوە داوای کرد جیاوازییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دەستوور چارەسەر بکرێن. چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە25ی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.  ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە. - بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە. بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. - هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر ڕێکارێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی. داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت. - هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەرێمی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە.  - پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە. هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق ( مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت . - ئەنجوومەنی وەزیران، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. - هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییە باڵاکان کوردستان ڕەفتاربکات و خەڵک هان بدات دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

هەواڵ
25-11-2026

چوار کەشتیی گواستنەوەی نەوت گڕیان گرت

سوپای پاسداران رایگەیاند: لە چەند کاژێری رابردوو چوار کەشتیی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتن، گڕیان گرتووە. ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە: "لە چەند کاژێری رابردوو چوار کەشتیی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیاندەدا بە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوی تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، بەر مینی دەریایی کەوتن و گڕیان گرت." سوپای پاسداران دەشڵێت: "کەشتییەکان نەوتهەڵگری گەورە بوون و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتبوو، بەهۆی تەقینەوە و گڕگرتنیانەوە لە ئاوەکانی باشووری کەنداو، نووقم بوون." لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکان ئاشکرا نەکراوە. سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆشدارییان داوەتەوە دوو کەشتی دیکە و لە شوێنەکە دوور کەوتوونەتەوە. دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج. لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.

هەواڵ
25-11-2026

گەورەترین خۆپێشاندان ئەنجام دەدرێت

پارێزگاری هەولێر راگەیاند، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکەکەی، سبەی پێشنیوەڕۆ لە باخی شار لە نزیک قەڵای هەولێر گەورەترین خۆپێشاندانی جەماوەری بەڕێوەدەچێت. رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکی کوردستان، سبەی کاتژمێر 10:30 لە نزیک قەڵات لە باخی شار گەورەترین خۆپێشاندانی جەماوەری دەکرێت." لەبارەی رێکارەکان و بەشداربووانەوە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەوەش دوای ئەوەی داواکارییەک لەلایەن نوێنەرانی چین و توێژەکان پێشکەشکرابوو بۆ مۆڵەت. خۆپێشاندانەکە سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت. بۆیە وەک لیژنەی ئەمنی جگە لە مۆڵەت هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هیوادارین جەماوەر و چین و توێژەکان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشداریی فراوان و کارایان هەبێت." ئەم خۆپێشاندانە جەماوەرییە لە هەولێر لە کاتێکدایە کە رۆژی 24-11-2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لەبارەی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند. راگەیێندراوەکە کاردانەوەی توندی سیاسی و جەماوەریی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیارەکان و بەکارهێنانی زمانی سەربازییان بە پێچەوانەی دەستوور وەسف کرد و رەتیانکردنەوە.

هەواڵ
25-11-2026

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارەکانی زەیدی تاوتوێ دەکا...

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت کە لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەریکردوون.گرژییەکی نوێ دروست بووە و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم بڕیارانە کاردانەوەی تووندی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ پارتی  و یەکێتیی جەخت دەکەنەوە هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە. هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان داوا دەکەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێگەی ئاڤاوە داوای کرد جیاوازییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دەستوور چارەسەر بکرێن، هاوکات ئامادەیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ نێوەندگیری هەولێر و بەغدا نیشان دا.کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆخە نوێیە دەکرێت کە دوای بڕیارەکانی دوێنێ سێشەممەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووەتە پێشەوە.

هەواڵ
24-11-2026

ڕێگای سەرەکیی سۆران-ڕواندز بە ڕووی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکدا دادەخرێت

ئەمڕۆ ڕێگای سەرەکیی سۆران-ڕواندز بەهۆی ئەنجامدانی کاری قیرتاوکردنەوە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بە ڕووی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکدا دادەخرێت و ڕێڕەوێکی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی شۆفێران دیاری کراوە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران هاووڵاتییان و شۆفێرانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە کە لە کاتژمێر حەوتی بەیانیی ئەمڕۆوە هاتووچۆی شۆفێران لەسەر ڕێگای سەرەکیی سۆران-ڕواندز ڕادەگیرێت و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بە داخراوی دەمێنێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران لە ئاگادارینامەیەکدا بڵاویکردەوە: بەهۆی ئەنجامدانی کاری قیرتاوکردنی ڕێگای سەرەکیی (سۆران - ڕواندز)، ئەمڕۆ هەر لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە ڕێگاکە دادەخرێت و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر بە ڕووی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکدا بە داخراوی دەمێنێتەوە. هاتووچۆی سۆران شۆفێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە لەو ماوەیەدا بۆ هاتووچۆ لە نێوان سۆران و ڕواندز، دەتوانن ڕێڕەوی جێگرەوەی (سۆران - جوندیان - کاولۆکان) بەکار بهێنن. هاوکات داوای لە شۆفێران و بەکارهێنەرانی ئەو ڕێگایە کردووە هاوکاریی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران و پۆلیسی هاتووچۆ بکەن و ڕێنماییەکانیان جێبەجێ بکەن.  

هەواڵ
23-11-2026

بەڕێوەبەری کارتی زانیاری هاتە دەنگ لەبارەی یەکخستنی کارتی زانیاری و کا...

بەڕێوەبەری کارتی زانیاری لە ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا سەرقاڵی دیراسەکردنی بەئەلیکترۆنیکردنی کارتی زانیارین نەک یەکخستنی لەگەڵ کارتی نیشتمانی و پێش سەری ساڵیش وەڵامی بەغدا دەدەنەوە. سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی دەکەن، بەرپرسانی ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕوونی دەکەنەوە کە بابەتەکە بە هەڵە ڕۆیشتووە و ئەگەر سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، هاوشێوەی بەغدا نابێت و نووسینگەکانی کارتی زانیاری وەکوو خۆیان دەمێننەوە. دکتۆر مەهدی نوورەددین، بەڕێوەبەری کارتی زانیاری لە ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان: ئێستا سەرقاڵی دیراسەکردنی پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی کارتی زانیارین، پرۆسەکەش یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی نییە و بە هەڵە ئەم بابەتە ڕۆیشتووە؛ واتە ئەگەر سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت وەکوو بەغدا نابێت. بەڕێوەبەری کارتی زانیاری لە ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە بدات، ئەوا هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارتی زانیاری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارتی نیشتمانیدا دەبێت و داتا و زانیارییەکانیان بە ئەلیکترۆنی بۆ دەنێرن، واتە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی کارتی زانیاری وەکو خۆیان دەمێننەوە.هاوکات گوتیشی، لەم بابەتەدا کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ناوچەکانی ماددەی 140 چارەسەر کراوە و بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گواستنەوەیەکی کارتی زانیاری ناکرێت.  

هەواڵ
23-11-2026

گوتەبێژی حکومەتی عێراق: مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان گەرەنتی کراوە

گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە و بە هیچ بابەت و دۆسیەیەکی دیکەوە نابەسترێتەوە. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع)، دڵنیایی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دا و دووپاتی کردەوە کە پرسی مووچە لە هەموو دۆسیە هاوبەش و ناکۆکییە سیاسییەکانی دیکە جیا کراوەتەوە. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (واع)ـی ڕاگەیاند: دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی دەستکارینەکردنی بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، ڕێنمایی پابەندکاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە. عەبوودی گوتیشی، دۆسیەی مووچە جیاوازە لە سەرجەم دۆسیە هاوبەشەکانی دیکە و ناکرێت مووچە بە هیچ گفتوگۆیەکەوە ببەسترێتەوە کە پەیوەندیی بە پرسی دیکەوە هەبێت. گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگە و بەرنامەکەی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێکردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بۆ سەر سامانە نیشتمانییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا.

گشتی
23-11-2026

یانەی زەورا داوای زیاتر لە 900 ملیۆن دینار لە هەولێر دەکات

یانەی زەورا رایگەیاندووە، ئامادەیە دەست لە حەسەن عەبدولکەریم 'قوقیە'ی یاریزانی یانەکە هەڵبگرێت، ئەگەر یانەی هەولێر مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە بدات، کە زیاتر لە 900 ملیۆن دینارە. بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، لوئەی سەڵاحی راهێنەری هەولێر، پەیوەندی بە قوقیەوە کردووە و داوای لێکردووە، پەیوەندی بەیانەکەیەوە بکات، ئەو یاریزانە بەچوون بۆ هەولێر رازییە، بەڵام بەربەستی بەردەم گواستنەوەکە، یانەی زەورایە. حەیدەر شەنشول، سەرۆکی یانەی زەورا، رایگەیاند، زانیومانە کە راهێنەری هەولێر پەیوەندی بەو یاریزانەوە کردووە، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، بەڵام ئەگەر یانەی هەولێر دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، پێویستە سەرەتا لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە قسە بکات. سەرۆکی یانەی زەورا ئاشکرایکردووە، مەرجی ئەوان بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە، ئەوەیە کە یانەی هەولێر یان هەر یانەیەکی دیکە، بڕی مەرجی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بدات کە 900 ملیۆن دینارە. قوقیە یاریزانی یانەی چۆروومی تورکییە، بەشێوەی خواستن لە یانەی زەورا یارییدەکات و گرێبەستەکەی تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵە. قوقیە کە بەئومێدی دەرکەوتن و درەوشانەوە گەڕاوەتەوە یانەی زەورا، ئاشکرایکردووە لەگەڵ یانەکەی کێشەی هەیە. ئەو یاریزانە لە لێدوانێکی پێشتردا ئاشکرایکردبوو، کارگێڕیی یانەی زەورا دژایەتی دەکەن، ئەو دەڵێ، "دەستەی کارگێڕیی ئێستای یانەی زەورا، من لەسەر سەرۆکی پیشووی یانەکە فەلاح حەسەن هەژمار دەکەن، ئەوەش بەهۆی نزیکیم لە عەقیل مفتن، سەرۆکی ئێستای لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق و دژایەتیم دەکرێت". ئەو یاریزانە کە وەرزی رابردوو لەگەڵ لوئەی سەڵاحدا لە زەورا پێکەوەبوون، رایگەیاندووە، "لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا، یانەکە بەجێدەهێڵم، چونکە هەرشتێک لە یانەکە روودەدات دەیخەنە سەر ئەستۆی من، راهێنەر دەڕوات من بە هۆکار دەزانن، راهێنەر دەهێنن دەڵێن قوقیە را‌هێنەر دەهێنێت، بەڕاستی بێزار بووم لە هەڵسوکەوتی یانەکە و ئەوان هۆکارن بۆ دابەزینی ئاستم و دوورخرانەوەم لە هەڵبژاردەی عێراق". لای خۆیەوە، هەڵگورد مەلا محەمەد، یاریدەدەری را‌‌هێنەری یانەی هەولێر، بەر لە بەڕێکەوتنی لەگەڵ یانەکە بۆ کوەیت، لەپێناو ئەنجامدانی یاریی گەڕانەوە بەرامبەر یانەی کازمەی کوەیتی، لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاند، "زۆر یاریزانی وەک قوقیە و سەیف رەشید هەن کە لە پلانی ئێمەدان، ئێمە ناوەکان بۆ دەستەی کارگێری یانەکە بەرز دەکەینەوە، بەڵام بەهۆی تێچووی مافی دەستبەرداربوون، قورسە لەم کاتانەدا بتوانین گرێبەستیان لەگەڵدا بکەین". قوقیە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە نۆ یاریدا لەگەڵ یانەی زەورا یارییکردووە، سێ گۆڵی هەیە و چوار ئەسیستی کردووە.

هەواڵ
23-11-2026

نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان دابەزی

بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنێت، گواستنەوەی نەوتی سپی بۆ هەولێر و دهۆک دەستی پێ کردووە و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە سلێمانی و هەڵەبجە. هاوکات دابەشکردنەکە نرخی نەوتی لە بازاڕەکاندا دابەزاندووە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان و وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، لە 18ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەست کراوە بە گواستنەوەی نەوتی سپی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک. فەلاح مەولوود، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕی نەوتی سپی گەیشتوو بۆ هەردوو پارێزگاکە بەم شێوەیەیە:  - پارێزگای هەولێر: 50 تانکەری 36 هەزار لیتری (یەک ملیۆن و 800 هەزار لیتر).  - پارێزگای دهۆک: 20 تانکەری 36 هەزار لیتری (720 هەزار لیتر). ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوەش کرد، لە 19ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە، نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دابەش کراوە. سەبارەت بە سنووری پارێزگاکانی دیکە، فەلاح مەولوود روونی کردەوە، نەوتی سپی تاوەکو ئەمڕۆ نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی و ئەگەری هەیە سبەی بگات. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین نەوتی سپی دابەش نەکراوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بەشە نەوتەکە، لەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانەش دەست بە دابەشکردن دەکرێت. دەربارەی بڕی گشتیی نەوتەکە گوتی: "لەم قۆناخەدا تەنیا بڕیار لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دراوە و چاوەڕوانی بڕیاری دابینکردنی 50 ملیۆن لیتری دیکە دەکەین لەلایەن بەغداوە؛ ئەگەر ئەو بڕە دابین بکرێت، نەوتی سپی لە سەنتەری شارەکانیش دابەش دەکرێت." لەلای خۆیەوە، سەنگەری نەوتفرۆش، لە گۆڕەپانی نەوتفرۆشانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "نرخی نەوتی سپیی ماڵان بەراورد بە 4 بۆ 5 رۆژ پێش ئێستا دابەزیوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە 375 هەزار دینارەوە بۆ 345 هەزار دیناری عێراقی دابەزیوە." ناوبراو جەختیشی کردەوە کە دابەشکردنی نەوتی ماڵان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرزانبوونی نرخەکە هەبووە و ئەگەر دابەشکردنەکە بگاتە سەنتەری شارەکانیش، نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا دەبێت.

گشتی
23-11-2026

دایکی کیلیان بەڕێوەبەری کاری یاریزانانە و دایکی لامین بەپارە وێنە لەگە...

قسەکانی دۆلۆریس ئاڤێری دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، جارێکی دیکە تیشکی خستەوە سەر کاری دایکی ئەستێرە دیارەکانی دونیای تۆپی پێ. پاشئەوەی هێرشی تووندی کردە سەر پۆرتوگالییەکان، بەهۆی رێزنەگرتن لە کوڕەکەی و دڵخۆشیی خۆی بەوە دەربڕی، پۆرتوگال بەبێ کریستیانۆ بەرامبەر دانیمارک دۆڕا. دۆلۆریس، رەخنەی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال گرت، پاشئەوەی تۆمەتباری کردن بەوەی رێزیان لە کریستیانۆ نەگرتووە و بەپێی پێویست پێزانینیان بۆی دەرنەبڕیوە. رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا، باسی لە دیارترین دایکی ئەستێرە گەورەکانی تۆپی پێ کردووە، ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری ئەوان، لە کاروانی کوڕەکانیان کردووە، لە رێگای بەڕێوەبردنی گرێبەستەکانیان، دانوستاندن و چوونە سەر هێڵ بۆ بەرگریکردن لێیان، هەروەها بایەخپێدانیان لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگا. دایکێک دەست لەهیچ هەڵناگرێت ڤیرۆنیک رابیۆ، دایکی ئەدریان رابیۆی ناوەڕاستکاری فەرەنسییە و بەڕێوەبەری کارەکانییەتی، ئەو بەکەسایەتی تووندی لە دانوستاندندا ناسراوە، بەدرێژایی کاروانی یارییکردنی کوڕەکەی، لەگەڵ چەندین یانەی جیاوازدا، ناکۆکی قووڵی هەبووە. دەستتێوەردانی ڤیرۆنیک لە کاروبارەکانی کوڕەکەی، بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، کاتێک رابیۆی لە ئەکادیمیای یانەی مانچێستەر سیتی دەرهێنا، دوای تەنیا لە شەش مانگ، لەمانەوەی کوڕەکەی لەو ئەکادیمیایە. ئەو پێیوابوو، سیتی بەرژەوەندییەکانی کوڕەکەی لەبەرچاو ناگرێت، هەر بۆیە لە یانەکە بردییە دەرەوە و دواتریش لەگەڵ پاریس سانجێرمان، کەوتە ناکۆکی قووڵەوە. هەندێک سەرچاوە گوتوویانە، شکستی چوونیی رابیۆ لە رۆماوە بو مانچێستەر یونایتد، هەر بەهۆی دایکییەوە بووە، پاشئەوەی لە دوای یۆرۆی 2020 دەستیخستە ناو دەستەوارەکەوە، پاشئەوەی لەگەڵ دایک و باوکی کیلیان ئێمباپێ و کەسە نزیکەکانی پۆل پۆگبا، کەوتە مشتومڕ و دەمەقاڵەی تووندەوە، بەهۆی دەرکردنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە. فایزە عەماری، خاوەنی دوایین قسە فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ، رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی کوڕەکەیدا هەیە. ئەو سەرپەرشتی کارە بازرگانییەکان و مافی وێنەی کوڕەکەی دەکات، هەروەها رۆڵی سەرەکی هەبوو لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کوڕەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە ساڵی 2022. فایزە هەروەها خاوەنی قسەی کۆتایی بوو، لە چوونی کوڕەکەی بۆ ریال مەدرید لە ساڵی 2024، کە تێیدا توانی پاداشتێکی گەورەی واژۆکردنی گرێبەست وەربگرێت، لەگەڵ سەپاندنی چەندین مەرجی جیاواز، لەبارەی مافی بەکارهێنانی وێنەی کوڕەکەی لە دەرەوەی یانەکە. فایزە هەروەها رۆڵی گەورەی هەبوو لە ململانێی نێوان ئێمباپێ و یانەی پاریس سانجێرمان، بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی کوڕەکەی کە لە کۆتاییدا، بەپێی بڕیارێکی دادگا، یانەکە ناچارکرا بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ بداتە یاریزانەکە. شیلا ئیبانا، ناوبانگ و پارە بەرامبەر وێنە شیلا ئیبانا، دایکی لامین یامال، تەنیا پشتگیری کوڕەکەی ناکات، بەڵکو سوودی زۆری لە ناوبانگی کوڕەکەی وەرگرتووە و بووەتە کەسێکی ناسراوی سۆشیال میدیا. ئەو خاوەنی ملیۆنان فۆڵۆوەرسە لە ئینستاگرام و تیک تۆک. شیلا دەستیکردووە بە بەشداریکردن لە هەندێک بۆنەدا، بەرامبەر بەوەرگرتنی پارە. ئەو ساڵی 2025 لە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتیدا کە نانخواردن و ئامادەبوون و هەندێک نمایشی خۆشبژێوی تێدابوو، بەرامبەر هەزاران پاوەند، رێگای بەبەشداربوواندا، لەگەڵیدا دەربکەون. دایکی لامین بەهۆی ئەو چالاکییەوە رەخنەی لێگیرا، بەڵام ئەو لە وەڵامدا گوتی، "نەک هەر من پێموایە بەناوبانگم، بەڵکو بەڕاستی من بەناوبانگم". دایکی جود هێشتا جێخەوی کوڕەکەی چاکدەکاتەوە دینیس بێلینگهام، دایکی جود بێلینگهامی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، بەرپرسە لە چەندین کاروباری کەسی و دارایی کوڕەکەی، پاشئەوەی یاوەریی کوڕەکەی کرد لە گواستنەوەی بۆ بۆرووسیا دۆرتمۆند لە تەمەنی 17 ساڵیدا، بەرلەوەی دواتر رووبکاتە ئیسپانیا. بێلینگهام لە مۆندیالی 2022دا ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا، دایکی جێخەوەکەی بۆ رێکدەخاتەوە، پێشتریش هەر خۆی دەیگەیاندە مەشقەکان و بەرپرسە لە رێکخستنی چەندین وردەکاری ژیانی ئەو. ئەستێرە ئینگلیزییەکە، دایکی بە "شاژنەکەم" ناوبردووە، هەروەها دەڵێ، "ئەو کۆڵەکەی پشتی منە". هاوکات باسی لە خاکەڕایی و ئارامیی ئەو کردووە، لە مامەڵەکردن لە گوشارەکانی دونیای تۆپی پێ. لە دایکایەتییەوە بۆ بەڕێوەبەری کار مارسیا لویس، دایکی مایڵز لویس سکیلی، یاریزانی یانەی ئارسیناڵ، بڕیاریدا لە تۆپی پێدا بخوێنیت، پاشئەوەی کوڕەکەی لە ئەکادیمیای یانەکە وەرگیرا لە تەمەنی 8 ساڵیدا، ئەوەش لەپێناو هاوکاریکردنی کوڕەکەی لە گەشەپێدانی کاروانەکەی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. مارسیا دواتر مۆڵەتی کارکردن وەک بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی وەرگرت، هەروەها بووە نوێنەری کاروبارەکانی کوڕەکەی و بەشداریکرد لە دانوستاندنی گرێبەستەکانی. دواتریش روویکردە خوێندنی ماجستێر لە بەڕێوەبەری کاروباری تۆپی پێدا. مارسیا ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی یاریزانە لاوەکان دروستکردووە، لەبارەی شێوەی مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەری کار و بەهرەدۆزەرەوەکانی تۆپی پێ، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن، لەگەڵ گوشارەکانی یارییەکە

گشتی
23-11-2026

بارسێلۆنا ریمۆنتادای ئەنجامدا

یانەی بارسێلۆنا لە یارییەکی پڕ لە شۆک، دواکەوتنی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەری بەرامبەر میوانەکەی ڤیاڕیال کردە بردنەوەیەکی سەرنجڕاکێش بە ئەنجامی (3-2)، لەو رووبەڕووبوونەوەیەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر یاریگای 'سپۆتیفای کامپ نو'، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 13ی خولی ئیسپانیا (لالیگا) وەرزی 2026-2027 بەڕێوەچوو. یارییەکە بە دەستپێکێکی چاوەڕواننەکراو بۆ میوانەکان دەستی پێکرد؛ تاجون بوکانان لە خولەکی 5 بە لێدانێکی بەهێز تۆڕی گۆڵی خاوەن یاریگای هەژاند، تەنیا دوای دوو خولەکیش تانی ئۆلواسی ئەنجامەکەی دووهێندە کرد و یانە کەتەلۆنییەکەی خستە ژێر گوشارێکی زۆر. بارسێلۆنا هەوڵی دا زوو بگەڕێتەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە و لە خولەکی 23 هەلێکی زێڕینی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکە بۆ رەخسا، دوای ئەوەی ناوبژیوان بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای ڤار (VAR) لێدانێکی سزای بۆ ئەستێرەی لاو لامین یامال هەژمار کرد، بەڵام یامال لێدانەکەی لەدەستدا لە نێوەڕاستی کەشوهەوایەکدا کە بایەکی بەهێز کاریگەریی لەسەر رێڕەوی تۆپ لە گێمی یەکەمدا هەبوو. لە گێمی دووەمدا، بارسێلۆنا کۆنترۆڵی تەواوی یاریگای گرتە دەست و تەنیا لە ماوەی 10 خولەکدا دۆخەکەی بە تەواوی پێچەوانە کردەوە؛ جیرارد مارتن لە خولەکی 57 جیاوازییەکەی بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم کەمکردەوە، دواتر لە خولەکی 61 فێرمین لۆپێز گۆڵی یەکسانکردنەوەی تۆمار کرد. خاوەن یاریگا لە گوشارە هێرشبەرییەکانی بەردەوام بوو تاوەکو لە خولەکی 67 گۆڵی سێیەم و پێشکەوتنی تۆمار کرد، کە بە هەڵە و لەلایەن باو ناڤارۆ، بەرگریکاری ڤیاڕیالەوە لەخۆیانی تۆمارکرد. بەم بردنەوەیە بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 36 خاڵ و پێش ریال مەدریدی دووەم کەوت کە خاوەنی 33 خاڵە، لە بەرامبەردا ڤیاڕیال لە پلەی نۆیەمدا مایەوە و خاڵەکانی لە 15 خاڵدا وەستا.

هەواڵ
23-11-2026

تاران هۆشداری توند دەدات

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی رووداوێک کەشتییەکی نەوت، لە کەنداوی عومان، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی سروشتی رووداوەکە بخەنەڕوو. یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم کەشتییەکان کردووە بە وریایییەوە مامەڵە بکەن و بەردەوام چاودێریی پێشهاتەکانی ژینگەی ئۆپەراسیۆنی ناوچەکە بکەن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە. لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی سوپای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی بەرکەوتنی دوو تانکەری نەوت بە مینە دەریایییەکان لە ناوچەیەکی قەدەغەکراو لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، ئاگر لەو دوو تانکەرە کەوتووەتەوە. ئەم رووداوانە لە کاتێکدان تاران بەردەوامە لە سەپاندنی سنووردارکردن بۆ سەر جموجۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز. ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات، تاران لە 12ـی تەمووز رایگەیاند، گەرووەکە دادەخات، ئەوەش لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا بوو کە ئەمریکا لە 8ـی هەمان مانگدا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردبوو. دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، هەر کەشتییەک لە دەرەوەی ئەو رێڕەوەی بۆیان دیاری کراوە بە گەرووەکەدا تێپەڕێت، یان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت هاتوچۆ بکات، دەیکەنە ئامانج.

1 2 3 4 5 6 ... 1151 1152