گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی کراوە و بە هیچ بابەت و دۆسیەیەکی دیکەوە نابەسترێتەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع)، دڵنیایی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دا و دووپاتی کردەوە کە پرسی مووچە لە هەموو دۆسیە هاوبەش و ناکۆکییە سیاسییەکانی دیکە جیا کراوەتەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (واع)ـی ڕاگەیاند: دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گەرەنتیکردنی دەستکارینەکردنی بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، ڕێنمایی پابەندکاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
عەبوودی گوتیشی، دۆسیەی مووچە جیاوازە لە سەرجەم دۆسیە هاوبەشەکانی دیکە و ناکرێت مووچە بە هیچ گفتوگۆیەکەوە ببەسترێتەوە کە پەیوەندیی بە پرسی دیکەوە هەبێت.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگە و بەرنامەکەی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێکردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بۆ سەر سامانە نیشتمانییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا.