یانەی بارسێلۆنا لە یارییەکی پڕ لە شۆک، دواکەوتنی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەری بەرامبەر میوانەکەی ڤیاڕیال کردە بردنەوەیەکی سەرنجڕاکێش بە ئەنجامی (3-2)، لەو رووبەڕووبوونەوەیەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر یاریگای 'سپۆتیفای کامپ نو'، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 13ی خولی ئیسپانیا (لالیگا) وەرزی 2026-2027 بەڕێوەچوو.
یارییەکە بە دەستپێکێکی چاوەڕواننەکراو بۆ میوانەکان دەستی پێکرد؛ تاجون بوکانان لە خولەکی 5 بە لێدانێکی بەهێز تۆڕی گۆڵی خاوەن یاریگای هەژاند، تەنیا دوای دوو خولەکیش تانی ئۆلواسی ئەنجامەکەی دووهێندە کرد و یانە کەتەلۆنییەکەی خستە ژێر گوشارێکی زۆر.
بارسێلۆنا هەوڵی دا زوو بگەڕێتەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە و لە خولەکی 23 هەلێکی زێڕینی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکە بۆ رەخسا، دوای ئەوەی ناوبژیوان بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای ڤار (VAR) لێدانێکی سزای بۆ ئەستێرەی لاو لامین یامال هەژمار کرد، بەڵام یامال لێدانەکەی لەدەستدا لە نێوەڕاستی کەشوهەوایەکدا کە بایەکی بەهێز کاریگەریی لەسەر رێڕەوی تۆپ لە گێمی یەکەمدا هەبوو.
لە گێمی دووەمدا، بارسێلۆنا کۆنترۆڵی تەواوی یاریگای گرتە دەست و تەنیا لە ماوەی 10 خولەکدا دۆخەکەی بە تەواوی پێچەوانە کردەوە؛ جیرارد مارتن لە خولەکی 57 جیاوازییەکەی بە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم کەمکردەوە، دواتر لە خولەکی 61 فێرمین لۆپێز گۆڵی یەکسانکردنەوەی تۆمار کرد.
خاوەن یاریگا لە گوشارە هێرشبەرییەکانی بەردەوام بوو تاوەکو لە خولەکی 67 گۆڵی سێیەم و پێشکەوتنی تۆمار کرد، کە بە هەڵە و لەلایەن باو ناڤارۆ، بەرگریکاری ڤیاڕیالەوە لەخۆیانی تۆمارکرد.
بەم بردنەوەیە بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 36 خاڵ و پێش ریال مەدریدی دووەم کەوت کە خاوەنی 33 خاڵە، لە بەرامبەردا ڤیاڕیال لە پلەی نۆیەمدا مایەوە و خاڵەکانی لە 15 خاڵدا وەستا.