ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت کە لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەریکردوون.
گرژییەکی نوێ دروست بووە و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەم بڕیارانە کاردانەوەی تووندی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ پارتی و یەکێتیی جەخت دەکەنەوە هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە. هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان داوا دەکەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێگەی ئاڤاوە داوای کرد جیاوازییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دەستوور چارەسەر بکرێن، هاوکات ئامادەیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ نێوەندگیری هەولێر و بەغدا نیشان دا.
کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆخە نوێیە دەکرێت کە دوای بڕیارەکانی دوێنێ سێشەممەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتووەتە پێشەوە.