یانەی زەورا رایگەیاندووە، ئامادەیە دەست لە حەسەن عەبدولکەریم 'قوقیە'ی یاریزانی یانەکە هەڵبگرێت، ئەگەر یانەی هەولێر مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە بدات، کە زیاتر لە 900 ملیۆن دینارە.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، لوئەی سەڵاحی راهێنەری هەولێر، پەیوەندی بە قوقیەوە کردووە و داوای لێکردووە، پەیوەندی بەیانەکەیەوە بکات، ئەو یاریزانە بەچوون بۆ هەولێر رازییە، بەڵام بەربەستی بەردەم گواستنەوەکە، یانەی زەورایە.
حەیدەر شەنشول، سەرۆکی یانەی زەورا، رایگەیاند، زانیومانە کە راهێنەری هەولێر پەیوەندی بەو یاریزانەوە کردووە، بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، بەڵام ئەگەر یانەی هەولێر دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە بکات، پێویستە سەرەتا لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە قسە بکات.
سەرۆکی یانەی زەورا ئاشکرایکردووە، مەرجی ئەوان بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە، ئەوەیە کە یانەی هەولێر یان هەر یانەیەکی دیکە، بڕی مەرجی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بدات کە 900 ملیۆن دینارە.
قوقیە یاریزانی یانەی چۆروومی تورکییە، بەشێوەی خواستن لە یانەی زەورا یارییدەکات و گرێبەستەکەی تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵە.
قوقیە کە بەئومێدی دەرکەوتن و درەوشانەوە گەڕاوەتەوە یانەی زەورا، ئاشکرایکردووە لەگەڵ یانەکەی کێشەی هەیە. ئەو یاریزانە لە لێدوانێکی پێشتردا ئاشکرایکردبوو، کارگێڕیی یانەی زەورا دژایەتی دەکەن، ئەو دەڵێ، "دەستەی کارگێڕیی ئێستای یانەی زەورا، من لەسەر سەرۆکی پیشووی یانەکە فەلاح حەسەن هەژمار دەکەن، ئەوەش بەهۆی نزیکیم لە عەقیل مفتن، سەرۆکی ئێستای لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق و دژایەتیم دەکرێت".
ئەو یاریزانە کە وەرزی رابردوو لەگەڵ لوئەی سەڵاحدا لە زەورا پێکەوەبوون، رایگەیاندووە، "لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا، یانەکە بەجێدەهێڵم، چونکە هەرشتێک لە یانەکە روودەدات دەیخەنە سەر ئەستۆی من، راهێنەر دەڕوات من بە هۆکار دەزانن، راهێنەر دەهێنن دەڵێن قوقیە راهێنەر دەهێنێت، بەڕاستی بێزار بووم لە هەڵسوکەوتی یانەکە و ئەوان هۆکارن بۆ دابەزینی ئاستم و دوورخرانەوەم لە هەڵبژاردەی عێراق".
لای خۆیەوە، هەڵگورد مەلا محەمەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، بەر لە بەڕێکەوتنی لەگەڵ یانەکە بۆ کوەیت، لەپێناو ئەنجامدانی یاریی گەڕانەوە بەرامبەر یانەی کازمەی کوەیتی، لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا، بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاند، "زۆر یاریزانی وەک قوقیە و سەیف رەشید هەن کە لە پلانی ئێمەدان، ئێمە ناوەکان بۆ دەستەی کارگێری یانەکە بەرز دەکەینەوە، بەڵام بەهۆی تێچووی مافی دەستبەرداربوون، قورسە لەم کاتانەدا بتوانین گرێبەستیان لەگەڵدا بکەین".
قوقیە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە نۆ یاریدا لەگەڵ یانەی زەورا یارییکردووە، سێ گۆڵی هەیە و چوار ئەسیستی کردووە.