بەرپرسێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنێت، گواستنەوەی نەوتی سپی بۆ هەولێر و دهۆک دەستی پێ کردووە و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە سلێمانی و هەڵەبجە. هاوکات دابەشکردنەکە نرخی نەوتی لە بازاڕەکاندا دابەزاندووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان و وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 18ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەست کراوە بە گواستنەوەی نەوتی سپی بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک.
فەلاح مەولوود، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕی نەوتی سپی گەیشتوو بۆ هەردوو پارێزگاکە بەم شێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر: 50 تانکەری 36 هەزار لیتری (یەک ملیۆن و 800 هەزار لیتر).
- پارێزگای دهۆک: 20 تانکەری 36 هەزار لیتری (720 هەزار لیتر).
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوەش کرد، لە 19ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە، نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دابەش کراوە.
سەبارەت بە سنووری پارێزگاکانی دیکە، فەلاح مەولوود روونی کردەوە، نەوتی سپی تاوەکو ئەمڕۆ نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی و ئەگەری هەیە سبەی بگات. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین نەوتی سپی دابەش نەکراوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بەشە نەوتەکە، لەو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیانەش دەست بە دابەشکردن دەکرێت.
دەربارەی بڕی گشتیی نەوتەکە گوتی: "لەم قۆناخەدا تەنیا بڕیار لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی دراوە و چاوەڕوانی بڕیاری دابینکردنی 50 ملیۆن لیتری دیکە دەکەین لەلایەن بەغداوە؛ ئەگەر ئەو بڕە دابین بکرێت، نەوتی سپی لە سەنتەری شارەکانیش دابەش دەکرێت."
لەلای خۆیەوە، سەنگەری نەوتفرۆش، لە گۆڕەپانی نەوتفرۆشانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "نرخی نەوتی سپیی ماڵان بەراورد بە 4 بۆ 5 رۆژ پێش ئێستا دابەزیوە و نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە 375 هەزار دینارەوە بۆ 345 هەزار دیناری عێراقی دابەزیوە."
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە دابەشکردنی نەوتی ماڵان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرزانبوونی نرخەکە هەبووە و ئەگەر دابەشکردنەکە بگاتە سەنتەری شارەکانیش، نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا دەبێت.