کوردستان

گەورەترین خۆپێشاندان ئەنجام دەدرێت

25-11-2026
گەورەترین خۆپێشاندان ئەنجام دەدرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

پارێزگاری هەولێر راگەیاند، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکەکەی، سبەی پێشنیوەڕۆ لە باخی شار لە نزیک قەڵای هەولێر گەورەترین خۆپێشاندانی جەماوەری بەڕێوەدەچێت.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی خاکی کوردستان، سبەی کاتژمێر 10:30 لە نزیک قەڵات لە باخی شار گەورەترین خۆپێشاندانی جەماوەری دەکرێت."

لەبارەی رێکارەکان و بەشداربووانەوە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "ئەوەش دوای ئەوەی داواکارییەک لەلایەن نوێنەرانی چین و توێژەکان پێشکەشکرابوو بۆ مۆڵەت. خۆپێشاندانەکە سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکان لەخۆدەگرێت. بۆیە وەک لیژنەی ئەمنی جگە لە مۆڵەت هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هیوادارین جەماوەر و چین و توێژەکان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشداریی فراوان و کارایان هەبێت."

ئەم خۆپێشاندانە جەماوەرییە لە هەولێر لە کاتێکدایە کە رۆژی 24-11-2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لەبارەی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند.

راگەیێندراوەکە کاردانەوەی توندی سیاسی و جەماوەریی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڕیارەکان و بەکارهێنانی زمانی سەربازییان بە پێچەوانەی دەستوور وەسف کرد و رەتیانکردنەوە.