کوردستان

بەڕێوەبەری کارتی زانیاری هاتە دەنگ لەبارەی یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی

23-11-2026
بەڕێوەبەری کارتی زانیاری هاتە دەنگ لەبارەی یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی
قەبارەی نووسین:
A A 21px


بەڕێوەبەری کارتی زانیاری لە ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا سەرقاڵی دیراسەکردنی بەئەلیکترۆنیکردنی کارتی زانیارین نەک یەکخستنی لەگەڵ کارتی نیشتمانی و پێش سەری ساڵیش وەڵامی بەغدا دەدەنەوە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی دەکەن، بەرپرسانی ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان ڕوونی دەکەنەوە کە بابەتەکە بە هەڵە ڕۆیشتووە و ئەگەر سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، هاوشێوەی بەغدا نابێت و نووسینگەکانی کارتی زانیاری وەکوو خۆیان دەمێننەوە.

دکتۆر مەهدی نوورەددین، بەڕێوەبەری کارتی زانیاری لە ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان: ئێستا سەرقاڵی دیراسەکردنی پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی کارتی زانیارین، پرۆسەکەش یەکخستنی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی نییە و بە هەڵە ئەم بابەتە ڕۆیشتووە؛ واتە ئەگەر سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت وەکوو بەغدا نابێت.

بەڕێوەبەری کارتی زانیاری لە ڕەگەزنامەی گشتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە بدات، ئەوا هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارتی زانیاری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارتی نیشتمانیدا دەبێت و داتا و زانیارییەکانیان بە ئەلیکترۆنی بۆ دەنێرن، واتە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی کارتی زانیاری وەکو خۆیان دەمێننەوە.

هاوکات گوتیشی، لەم بابەتەدا کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ناوچەکانی ماددەی 140 چارەسەر کراوە و بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گواستنەوەیەکی کارتی زانیاری ناکرێت.