کوردستان

ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا

25-11-2026
ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

 ڕۆژی سێشەممە 24-11-2026، حکومەتی عێراق داوای دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی کرد. ئەم بڕیارانە کاردانەوەی تووندی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە؛ پارتی و یەکێتیی جەخت دەکەنەوە هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە. هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان داوا دەکەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڕێگەی ئاڤاوە داوای کرد جیاوازییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دەستوور چارەسەر بکرێن.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە25ی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.

 ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە.

- بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە. بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

- هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر ڕێکارێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی. داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت.

- هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەرێمی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە. 

- پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە. هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق ( مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت .

- ئەنجوومەنی وەزیران، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

- هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییە باڵاکان کوردستان ڕەفتاربکات و خەڵک هان بدات دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.