سەرۆکی ئیمارات لەگەڵ خانمی یەکەمی ئۆکرانیا کۆبووەوە
شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ئۆلینا زێلێنسکا، خانمی یەکەمی ئۆکرانیا کۆبووەوە و فەرمانی داوە بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی بۆ منداڵانی ئۆکراینا دابین بکات.
ئاژانسی هەواڵی WAM بڵاویکردەوە، ئۆلینا زێلێنسکا – هاوسەری ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرۆکی دامەزراوەی زێلێنسکا – سەردانی ئیمارات دەکات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی فۆربێس ٣٠/٥٠ لە ئەبوزەبی لەم هەفتەیەدا.
سەرۆکی ئیمارات بریاریدا کە 4 ملیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ چاودێریکردنی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک پشتگیرییەک لە یەکێک لە پڕۆژەکانی دامەزراوەکە، هەروەها ئیمارات بەشداری دەکات لە دروستکردنی 10 باڵەخانە.
شێخ محەمەد پابەندبوونی ئیمارات بە گەلی ئۆکرانیا لە ڕێگەی هاوکارییە مرۆییە بەردەوامەکانەوە دووپاتکردەوە، هاوکات جەختی لە گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کردەوە کە ئامانجیان گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسییە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی.
زێلێنسکا سوپاسی شێخ محەمەدی کرد بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی مرۆییەکانی.
لە سەردانەکەیدا خانمی یەکەمی ئۆکرانیا لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی ئۆکراینی دانیشتووی ئیمارات کۆدەبێتەوە.