یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست دەکرێت

بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە کۆی گشتی ئەو 20 هەزار یەکەیەی دروست دەکرێت، شەش هەزار یەکەیان لە شاری هەولێر دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد هەرچەندە لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە. هەروەها دەڵێت “بەشیوەی قیستی درێژ خایەن بە هاوڵاتییان دەدرێت کە 15 ساڵە.

پڕۆژەکە بە هاوبەشی ئەنجام دەدرێت، بەڵام حکوومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، قوتابخانە و مزگەوت، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت ئەرکی دروستکردنی یەکەکان دەگرێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە جۆری یەکەکان، ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەکان خانوویان پێ باشترە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی سەرژمێری، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەکەی نیشتەجێبوون هەن، کە بەشێکی زۆریان بەتاڵن و رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش هێشتا کرێنشینن، لە ئێستاشدا زیاتر لە 100 هەزار یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

ھەواڵی زیاتر