ئەمریکا 100 کەشتی سەربازی لە ئاوەکانی کەنداو جێگیر دەکات

لەکاتی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند، ئەمریکا کار بۆ بنیاتنانی ژێرخانی بەرگری ئاسمانی و دەریایی “یەکگرتوو” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

مەکگۆرک هەروەها لە کۆنفرانسی ساڵانەی “دیالۆگی مەناما” لە بەحرەین، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی سەرنجی لەسەر ڕێگریکردنە لە “هەڕەشە نزیکەکان” لە ناوچەی ستراتیژی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە.

“هەڕەشەکانی ئێران”
مەکگۆرک وتی: وڵاتەکەی ئێستا کار لەسەر بنیاتنانی پێکهاتەیەکی یەکگرتووی بەرگری ئاسمانی و دەریایی لەم ناوچەیەدا دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، “شتێک کە ماوەیەکی زۆرە باسی دەکەین ئێستا لەڕێگەی هاوبەشی داهێنەرانە و تەکنەلۆژیای نوێ جێبەجێ دەکرێت”.

جێگیرکردنی ١٠٠ کەشتی ئەمریکی
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، لە میانی کۆنفرانسەکەدا، دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، هێزێکی دەریایی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا تا ساڵی داهاتوو زیاتر لە 100 کەشتی بە فڕۆکەوان لە ئاوەکانی کەنداو جێگیر دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە دەریاییەکان.

هەر لەو دانیشتنەدا، ئیال هۆلاتا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ئێرانی بە “بەرچاوترین هەڕەشەی ئەمنی بۆ سەر ئیسرائیل” وەسف کرد.

جێگای سەرنجە کە ئەمە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل و ئەمریکا ئێرانیان بە بەرپرسیارزانی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەناراوەکانی عومان لەم هەفتەیەدا کە بەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر کەوت کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێوەدەبرا کە خاوەنەکەی بازرگانێکی ئیسرائیلی بوو.

ھەواڵی زیاتر