دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای خەلیفان بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە دەستیپێکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا تەواوی قەزاکانی دیکەی سنووری ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ لە خەلیفان 600 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی قەزای خەلیفان دابەشکرا، هەڵکەوت شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باس لەوە دەکات: “بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ توانرا نەخشەیەکی رێک و پێک ئامادە بکرێت و بەشێک لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای خەلیفان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.”
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جەختی لەوە کردەوە کە دادپەروەرییەکی تەواو رەچاو کراوە و دەڵێت: “مافی هەموو فەرمانبەران بەگوێرەی ساڵانی خزمەتیان دەبێت و ئەولەویەت بۆ ئەو کەسانەیە کە خزمەتیان زۆرترە. پرۆسەکە بە شێوەیەکی سیستەمی و ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی مافی کەس پێشێل نەکرێت.”
هەڵکەوت شێخ نەجیب هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە لە ناوەندی سۆرانیش کارکردن لەسەر ئامادەکردنی زەوی و نەخشەکان تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.