تۆم بەڕاک: سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە

لەکۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە هەولێر، هەر یەکە لە سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، جەخت کرایەوە لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و تۆم بەڕاک ئاماژەی بەوەدا، سەرۆک ترەمپ رێزێکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە .

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد.

لەکۆبوونەوەکەیاندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆم بەڕاک جەختیان لە گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا کردەوە.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری جۆشوا هاریس هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتکردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

باڵیۆز تۆم بەڕاک، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترەمپ رێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە .

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.

ھەواڵی زیاتر