بەریتانیا.. حکومەت ناچارە بڕیاری سەختی ئابووری بدات

ئۆلیڤەر داودن، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی بەریتانیا دەبێت بڕیاری گرنگ و قورس بدات سەبارەت بە باج و خەرجییەکان، لەکاتێکدا هەوڵی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دەدات، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە ڕێوشوێنەکان ئاشکرا بکات.

ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیران و جێرمی هانت، ڕاوێژکاری گەنجینەی ئەمریکا پلانەکانیان دادەڕێژن بۆ پڕکردنەوەی کەمیی لانیکەم ٤٠ ملیار پاوەند (٤٥.٥٠ ملیار دۆلار)، بڕیارە یەکەم پلانی بودجەیان لە ١٧ی ئەم مانگە پەردە لەسەر لابدرێت.

بەرپرسان دەڵێن، بەپێی گوتەی ڕاوێژکاران بێت هیچ بژاردەیەک نییە، جگە لە درێژکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکانی وزە و کەمکردنەوەی لێخۆشبوون لە باجی کۆمپانیاکان.

داودن بە “سکای نیوزی” وتووە: ڕاستە بڕیاری قورس دەدەین… بەڵام دەبێت بۆ ئێوە و بینەرانتان ڕوون بکەمەوە کە بەداخەوە بڕیاری زۆر قورستر لە بەیاننامەی پایزدا دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت ناچار بووە بڕیاری قورس لەبارەی باج و خەرجییەکان بدات، لە هەمان کاتدا گرنگی بە پاراستنی گروپە لاوازەکان دەدات.

لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لیز تێراس، سوناک سەرکردایەتی پارتی پارێزگاران و سەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستهێنا، سوێندی خوارد بەریتانیا لە قەیرانی قووڵی ئابووری دەربهێنێت و متمانە لە سیاسەتەدا دروست بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر