ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی سووتەمەنیدا گرت

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران رۆژی دووشەممە 31-10-2022 ڕایانگەیاند، هێزی دەریایی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی بیانیدا گرتووە کە دەڵێن سووتەمەنی بە قاچاخ لە کەنداوی عەرەبی گواستووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی تەسنیم، موجتەبا غەهرەمانی، سەرۆکی دادوەری پارێزگای هورمزگان وتی: هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، دەستی بەسەر تانکەرێکی بیانیدا گرتووە کە 11 ملیۆن لیتر سووتەمەنی قاچاخی هەڵگرتبوو.

تا ئێستا نازانرێت کەشتییەکە کەی دەستی بەسەردا گیراوە و لە کام وڵاتەوە هاتووە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێران چەندین ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجگرتنی قاچاخی سووتەمەنی لە کەنداوی عەرەبی ڕاگەیاندووە، کە بڕێکی زۆر لە نەوتی جیهان لەوێ بەرهەمدەهێنرێت و دەنێردرێت.

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاندبوو، دەست بەسەر کەشتییەکی دیکەی بیانیدا گرتووە کە 757 هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاخی لە هەمان ناوچەدا هەڵگرتبوو.

ھەواڵی زیاتر