دوای تێپەڕبوونی 9 رۆژ لە گەڕانی چڕ و بەردەوام، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە توانییان تەرمی ئەو کچە منداڵە بدۆزنەوە کە لە هاوینەهەواری زەڵم لە دەڤەری هەورامان کەوتبووە ناو ئاو و خنکابوو.
لە رۆژی 9ـی حوزەیرانی 2026، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری کەربەلاوە بۆ گەشتکردن سەردانی هاوینەهەواری زەڵمیان کردبوو، کەوتە ناو ئاوەکەوە و بەهۆی خێرایی و زۆریی ئاوەکەوە خنکا.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە رایگەیاند: “دوای هەوڵێکی زۆر و بەکارهێنانی چەندین شێوازی جیاوازی گەڕان لەلایەن تیمەکانمانەوە، سەرەنجام تەرمی کچە گەشتیارەکە لەناو ئاوەکەدا دۆزرایەوە.”
ئاماری خنکان لە هەرێمی کوردستان: سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 29 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون و زۆرترین رووداویش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تۆمار کراوە.