بەریتانیا بە درۆن سەرکردەیەکی داعش لە سووریا دەکوژێت

میدیای بەریتانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، رۆژی دووشەممەی رابردوو هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانیا لە رێگەی هێرشێکی درۆنییەوە سەرکردەیەکی داعشیان لە ناوچەی حەمام تورکمانی سەر بە گرێ سپیی رۆژئاوای کوردستان، کوشتووە. 

لە راگەیێندراوێکی هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانیادا کە لە میدیای ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “رۆژی دووشەممە، 10ی ئۆکتۆبەر، درۆنێک لە جۆری ریپەر و هەڵگری مووشەکی هێڵ فایەر،” لە نزیک حەمام تورکمان شوێن “تیرۆرستێک کەوت کە سواری ماتۆڕسکیلێک بوو،” و “کاتێک کە دۆخەکە سەلامەت بوو و مەترسی بۆ سەر خەڵکی سڤیل نەبوو،” درۆنەکە بە “سەرکەوتوویی” ماتۆڕسوارەکەی کردە ئامانج. 

هێزی ئاسمانیی بەریتانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “شەیدەر”، بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا. 

هەر لە 14ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێزە بەریتانییەکەیان لە هەبوونی ژمارەیەک چەکداری داعش لە باکووری تکریت ئاگادارکردەوە، درۆنێکی بەریتانی بە هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا و ژمارەیەک چەکداری داعشیان کوشت کە بە گوتەی هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا بە نیازی ئەنجامدانی هێرش بوون بۆ سەر خەڵکی عێراق. 

ئۆپەراسیۆنی “شەیدەر” چییە؟

ئۆپەراسیۆنی شەیدەر 9ی ئابی 2014 دەستیپێکرد کاتێک کە هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا دەستی بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کوردانی ئێزدی کە لە سەر چیای شنگال بەهۆی هێرشی داعش گیریان خواردبوو.

دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە گۆڕدرا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی و بووە بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. 

رووداو

ھەواڵی زیاتر