شاری نیویۆرک بەهۆی گوشاری کۆچبەرانەوە باری نائاسایی رادەگەیێنێت
شاری نیویۆرکی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا بەهۆی کۆچبەری زۆرەوە باری نائاسایی رادەگەیێنێت. کۆمارییەکان بە پاڵپێوەنانی کۆچبەران بەرەو ویلایەتە دیموکراتەکان تۆمەتبار دەکرێن.
ئێریک ئادەمز، سەرۆکشارەوانیی ویلایەتی نیویۆرک دەڵێت، بۆ وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی “قەیرانی کۆچبەران” ناچاربوون باری نائاسایی رابگەیێنن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا لە مانگی نیسانەوە 17 هەزار کۆچبەر لە سنووری باشووری ویلایەتی نیویۆرکەوە چوونەتە ئەو شارەی ویلایەتی نیۆیۆرک.
ویلایەتەکانی تێکساس، ئاریزۆنا و فلۆریدا بە ناردنی ئەو کۆچبەرانە بۆ ویلایەتی نیویۆرک تۆمەتبار دەکرێن، کە لە سنووری مەکسیکەوە روو لە ئەمریکا دەکەن. ویلایەتە کۆمارییەکانیش دەڵێن ئەو هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری کۆچبەرانە لەسەر ویلایەتەکانیان.
بە گوتەی سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک، لە مانگی ئەیلوولەوە هەموو رۆژێک تێکڕا پێنج بۆ شەش پاسی پڕ لە کۆچبەر چوونەتە شاری نیویۆرک. ئادەمز دەشڵێت، لە هەر پێنج کەس کە لە “سیستمی پەناگە”ی شارەکەدا تۆمارکراون “یەکێکیان پەناخوازە.”
سەرۆکشارەوانیی نیویۆرک ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەکی زۆری ئەوانەش دەچنە شارەکەوە، خێزانن و منداڵی تەمەنی قوتابخانەیان لەگەڵدایە، کە وەکو خۆی دەڵێت پێویستییان بە چاودێریی تەندروستییە.
ویلایەتی تێکساس بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە پاسی خۆڕایی بۆ کۆچبەران دابیندەکات بۆئەوەی بیانگوازێتەوە بۆ شارەکانی نیویۆرک لە ویلایەتی نیویۆرک و شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی.
ئادەمز باس لەوە دەکات، “خەڵکی نیویۆرک تووڕەن، منیش پەستم. ئێمە داوای ئەمەمان نەکردووە. هەرگیز رێککەوتنێکی لەو جۆرە نەبووە کە ئێمە هاوکاریی هەزاران پەناخواز بکەین.” گوتیشی، توانای ئەوان بۆ یارمەتیدانی پەناخوازان “سنووردارە.”
وا مەزەندە دەکرێت شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەمساڵی دارایی یەک ملیار دۆلار خەرجی بخاتە سەر شارەکە و سەرۆکشارەوانییش داوا لە حکومەتی فیدراڵی و ویلایەتەکەی دەکات لە دابینکردنی خەرجییەکە یارمەتیی شاری نیویۆرک بدەن.
زۆربەی کۆچبەران بۆ دەستکەوتنی ژیانێکی شایستە، لە مەکسیک و وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتینەوە دەچنە ئەمریکا. بەگوێرەی ئامارەکانی ئەمریکاش، لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو ملیۆن کۆچبەر داواکاریی پەنابەرێتییان پێشکێشی وڵاتەکە کردووە و لەو ژمارەیەش هێشتا 743 هەزار و 250 کەس چاوەڕێی راییکردنی مامەڵەی کەیسەکانیانن.
رووداو