لوقمان حەوێز ئەندامێكی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس بۆ باڵكێش: جیهان لەبەردەم گۆڕانكاریی ژینگەییدایە

ئەندامێكی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس، لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتتدا لەگەڵ تۆڕیی میدیایی باڵكێش، باس لە گۆڕانكاریی و دۆخی كەشوو هەوا و زەوی و هەروەها ئەو گۆڕانكارییە گەردوونیانەدەكات كە لە پێش و دوایی كۆرۆناوە روو لە جیهان دەكات

باڵكێش:: گۆڕانكاریەكانی گەشو هەوای جیهان لەچ ئاستێكدایە ئایا پلەی گەریمی زەوی چەند و بۆچی بەرز بوەتەوە؟؟

لوقمان حەوێز: لەدوای شۆڕشی پیشەسازیەوە بەهۆی زۆربوون و تەقینەوەی کار و چالاکیەکانی مرۆڤ و زۆربوونی کارگەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە و دواتر دروستکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پەنا برایە بەر بەکارهێنان و سوتانی سوتەمەنیە بەبەردبووەکان کە خۆی لە خەڵوزی بەردین و نەوت و گاز دەبینێتەوە، ئەمەش بووە هۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی ئێجگار زۆر لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە تایبەتی و کۆمەڵێک گازی تر کە هەموویان دەبنە هۆی قەتیسبوونی گەرمی لە نێو بەرگە هەوای زەوی، ئەمەش بووە هۆی دەرکەوتنی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە بەشێوەیەکی سەرەکی خۆی دەبینێتەوە لە بەرزبوونەوەی تێکرای پلەکانی گەرما لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی، لە ئێستادا تێکڕای پلەکانی گەرما نزیکەی یەک پلە و نیو بەرزبۆتەوە، ئەمە تێکڕای بەرزبوونەوەکەیە واتە لە هەندێک ناوچە زیاترە وەکو جەمسەری باکور، لە هەندێک ناوچەی تریش کەمترە، بەداخەوە لە ئێستادا هەنگاوێکی جیددی نەگیراوەتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە، ووڵاتە هەرە کاریگەرەکان وەکو ئەمەریکا و ڕووسیا و چین و هیندوستان و بەرازیل جۆرێک لە بێباکیان تیادا دەبینرێت لەو ڕووەوە، بۆیە بەداخەوە داهاتووێکی باش نابینرێت لە ئێستادا سەبارەت بە کۆنتڕۆلکردنی ئەم دیاردە ترسناکە، ئەگەر هەر بەم شێوەیە بەردەوام بین لە بەرهەم هێنانی ئەو گازانە ئەوا تاوەکو ناوەڕاستی ئەم سەدەیە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەدەست دەردەچێت و تا کۆتایی سەدەش دیاردەکە دەگاتە قۆناغێکی زۆر ترسناک.

باڵكێش: ئایا سروش بەهۆی هێرشەكانی كۆڕۆناوە گۆڕانكاریی تێدا هاتووە چۆن و بۆچی؟؟

لوقمان حەوێز: بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکیەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان و مانەوەی زۆربەی مرۆڤەکان لەماڵەوە لە مانگەکانی شوبات و ئادار و نیسان هەروەها تا ڕادەیەک مانگی ئایاریش، لەو کاتانەدا لە سەرانسەری جیهان لەشارە گەورەکان بەتایبەتی هەوای شارەکان زۆر ڕوونتر و پاکتر بۆوە، بڕی گازە ژەهراویەکان کە بەهۆی پیشەسازیەکان و هۆکارەکانی هاتووچۆوە دەردەچوون زۆر کەمبوونەوە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا بە گشتی دۆخەکە گەیشتەوە ئاستی جارانی، بە بۆچوونی من ئەم ڕووداو و دیاردەیە پێی ووتین ئەگەر واز لە سوتاندن و بەکارهێنانی سوتەمەنیە دژە ژینگەییەکان بهێنین و سەرچاوەی نوێبووەوە بەکاربێنین وەکو بۆ نمونە وزەی خۆر ئەوا بەرگە هەوای گۆی زەوی و ژینگەش بەگشتی پاک دەبێتەوە و دەبوژێتەوە، ئەمەش بێ گومان کاردانەوەی ئەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر تێکڕای سیستەمی ژینگەیی و هەموو زیندەوەران و ڕووەکەکان بێ گومان بە مرۆڤیشەوە.

باڵكێش: سیستمی ژینگەیی  جیهانی لە ئاست  گەشەی دانیشتوان و ژیانی خەڵكدایە؟

لوقمان حەوێز: لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی مرۆڤ گەیشتووە بە نزیکەی هەشت ملیار مرۆڤ، پێداویستیەکان بە تایبەتی لەڕووی خۆراکی پێویست و هەروەها پێداویستیە سەرەکیەکانی تریش کە لەڕێگەی کارگەکان و پیشەسازیەکانەوە دابین دەکرێن، هەروەها بەرهەمهێنانی ووزە لە بەرزبوونەوەیەکی زۆر خێرادایە، سەرچاوەکانی ئاوی سازگار لەگەڵ ئەوەی زۆرن بەڵام بەهۆی پیسبوون ئەوانەی بەکەڵک دێن لەکەمبوونەوەن، بۆیە لەئێستادا پاڵەپەستۆیەکی زۆر لەسەر هەموو ئەو سەرچاوە ژینگەییانەیە کە بۆ پێداویستیەکانی مرۆڤ بەکاردەهێنرێن، بەڕاستی ئەگەر لەلایەک بەرزبوونەوەی دانیشتوان هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و لەلایەکی تریشەوە پیسبوونی ژینگەش بەردەوام بێت ئەوا ئەگەری دروستبوونی قەیرانی گەورە و ترسناک لەئارادایە بەتایبەتی لەڕووی دابینکردنی خۆراکە بنەڕەتیەکان هەروەها ئاوی سازگاری پێویست بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵە خۆماڵیەکان، دەبێت مرۆڤ بۆ چەند دە ساڵێکی داهاتوو کۆمەڵێک پلانی سەرتاسەری جیهانی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی باشترین ڕێگاکان بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتیەکان، هەروەها کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا، ئەگەر ئەوە نەکات ئەگەری سەرهەڵدانی کورتهێنان هەیە لەبەروبومەکان ئەمەش لەوانەیە قەیرانی کۆچکردن و هەڵگیرسانی شەڕی لێبکەوێتەوە.

باڵكێش:  ئێستا زۆربەی وڵاتان كەشتی گەل دەنێرنە بۆشای ئاسمان و سەرمانگ هۆكاریی ئەمە چییە؟؟

لوقمان حەوێز: پشکنینەکانی بۆشایی ئاسمان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، ئەویش قۆناغی بەبازرگانیکردنی بۆشایی ئاسمانە، لەم چوارچێوە کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمەریکی وەکو سپەیس ئێکس و ڤیرجین گالاکتیک و بلو ئۆریجین دەیانەوێت لە دە بۆ پانزە ساڵی داهاتوو بەشێوەیەکی بەربڵاو گەشتیار بنێرن بۆ بۆشایی ئاسمان، هەروەها سوود وەربگرن لە دەرهێنانی کانزا لە هەسارۆکەکانی نێو کۆمەڵەی خۆر، حکومەتی فیدڕالی ئەمەریکا بەر لە چەند مانگێک فەرمانێکی دەرکرد بەو پێیە دەستی ئەو کۆمپانیایانە واڵا دەکات بۆ ئەوەی هەرچی پێیان دەکرێت لەم ڕووەوە بیکەن.

هەرچی گەشتەکانە بۆ سەرمانگ کە ناسا لە بەرنامەیدایە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەستیان پێبکاتەوە و تا ساڵی ٢٠٣٠ پتر لە ١٠ گەشت بکات بە مرۆڤەوە بۆ سەر ڕووی مانگ بۆ ئەوەیە بنکەیەکی بەردەوام دروستبکەن لەسەر مانگ بۆ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە و بەکارهێنانیشی لە گەشتی مرۆڤ بۆ هەسارەی مەریخ کە لە پلانی ناسادایە بۆ ناوەڕاستی سیەکانی ئەم سەدەیە واتە نزیکەی پانزە ساڵ دوای ئێستا.

ووڵاتی چینیش هەمان ئامانجەکانی ناسای هەیە لەئەنجامدانی ئەو گەشتە ئاسمانیانەی ئێستا ئەنجامی دەدات، بەهەمان شێوە هیندوستان و ئیسرائیل، هەموو ئەو ووڵاتانە دەیانەوێت پێگە و بەشیان هەبێت لەم بەبازرگانی کردنەی بۆشایی ئاسمان لە داهاتووێکی نزیک.

باڵكێش: ژینگە و سیستمی وڵاتە دواكەوتوەكان  بۆچی لە ئاستێكی خراپدایە و چۆن دەبێت چارەسەر بكرێت؟؟

لوقمان حەوێز: بە بۆچوونی من ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، یەکەم نەبوونی سەقامگیری سیاسی لەو ووڵاتانە، ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێک کێشەی تر وەکو گەندەڵی و شەڕە ناوخۆییەکان، بێ گومان هەموو ئەمانە کاردەکەنە سەر ئەوەی بواری گرنگیدان بە ژینگە ببێتە بوارێکی زۆر لاوەکی.

هۆکاری دووەمیش بریتیە لە خەمساردی ووڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکان لە یارمەتیدانی ووڵاتە هەژار و دواکەوتووەکان بۆ گرنگیدان بە بواری ژینگە بە تایبەتی، لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی پڕۆسەی ڕیسایکلینگ یان دووبارە بەکارهێنانەوە لە زۆربەی ووڵاتە هەژارەکان، بەداخەوە دەبینین ئەو ووڵاتانە بوون بە شوێنی خاشاکی کاڵای ووڵاتە پێشکەووتووەکان.

باڵگێش: ئایا ناسا توانیویەتی لە گەشتە ئاسمانییەكانیدا بە  ئاو خاك بگات لەسەر مانگ؟

لوقمان حەوێز: بەبێ هیچ گومانێک ناسا لەچوارچێوەی گەشتەکانی ئەپۆڵۆ بۆ سەرمانگ لە نێوان ساڵی ١٩٦٩ بۆ ساڵی ١٩٧٢ شەش گەشتی بە مرۆڤەوە ئەنجامدا بۆ سەر ڕووی مانگ، وەکو بەڵگەیەکی لایەنی سێیەمیش بۆ دڵنیاییکردنەوە لە ئەنجامدانی گەشتەکانی ناسا بۆ سەر مانگ لەم چەند ساڵەی دواییدا مانگی دەستکردی کاگۆیای ژاپۆنی کەبۆ دوو ساڵ بە دەوری مانگ سوڕایەوە و نەخشەیەکی سێ لای وردی بۆ هەموو ڕووی مانگ دروستکرد،  توانی پاشماوەی گەشتەکانی ئەپۆڵۆ لەسەر مانگ بدۆزێتەوە و کۆمەڵێک وێنەی ئەو پاشماوانەی گەشتەکان بڵاو کردەوە.

باڵكێش: نوێترین پلانی ناسا بۆ چونە دەرەوەی گۆیی زەوی چییە ؟

لوقمان حەوێز: ناسا لە دوای ساڵێ ٢٠٢٤ دەست بە گەشتەکان دەکاتەوە بۆ سەر مانگ و لە هەر گەشتێکدا چەند کەشتیەوانێک دەنێرێت بۆ ئەوێ، تا ساڵی ٢٠٣٠ بنکەیەکی بەردەوام لەسەر مانگ دروست دەکات، لە ناوەڕاستی سیەکانیش بەتەمای ناردنی مرۆڤە بۆ سەر هەسارەی مەریخ، بیرۆکەی دروستکردنی بنکەیەکی بەردەوامیشی هەیە لەسەر هەسارەی مەریخ تاوەکو ناوڕاستی ئەم سەدەیەش، هەروەها ئامانجی درێژایەنیش ئەوەیە کە چەند کۆمەڵگایەکی بچوکی مرۆڤ دروستبکات لەسەر هەسارەی مەریخ و مانگی تایتان کە مانگێکی هەسارەی زوحەلە، تا ئەو کاتەش بێ گومان بەرنامەکانی پشکنینی هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆر هەر بەردەوام دەبن.

باڵكێش:  زیاننە سروشتی و جۆگرافیای و ژینگەیەكانی   تەكنەلۆژیای فایف جی چییە و چۆنە؟؟

لوقمان حەوێز: بە دڵنیاییەوە بابەتی زیانەکانی تۆڕی مۆبایلی نەوەی پێنجەم سەدا سەد هەڵبەستراوە و هیچ بنەمایەکی زانستی نیە، تیشکەکانی ئەو تۆڕە هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ تۆرەکانی نەوەی دووەم و سێیەم و چوارەم.

باڵكێش: پلەی گەرما لە هەرێمی كوردستاندا زۆر بەرزەو ژینگەو سروشتیش باش نییە دەبێت چۆن  لەمە بڕوانین و نوێترین پلان بۆ ئەمە چییە؟

لوقمان حەوێز: لە کوردستان پێویستە کۆمەڵێک هەنگاو بگیرێتە بەر بۆ پاراستن و چاککردنی دۆخی ژینگە ئەمانە گرنگترینیانن، یەکەم: پاککردنەوەی شار و شارۆچکەکان لە خاشاک و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک وێستگەی کاریگەر و بەتوانا بۆ ڕیسایکلینگ واتە دووبارە بەکارهێنانەوە و دروستکردنەوە لە خاشاک .

دووەم: کەمکردنەوەی دوکەڵ و گازە زیانبەخشەکانی هۆکارەکانی هاتووچۆ لەڕێگەی ئەنجامدانی پشکنینی ساڵانە یان لایەنی کەم دوو ساڵ بۆ هەموو ئۆتۆمبیل و ماشێنەکان بەتایبەتی بارهەڵگرەکان.

سێیەم: دورخستنەوەی کارگەکان و وێستگەکانی پاڵاوتنی نەوت لە شار و شارۆچکەکان.

چوارەم: گلدانەوەی سەرچاوە ئاویەکان بە دروستکردنی بەنداو ئەگەر بچوکیش بن هەروەها پاراستنی ئەو سەرچاوانە لە پیسبوون.

پێنجەم: لەهەمووی گرنگترهەڵمەتی بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەییە، لەو هەڵمەتە کە پێوسیتە بەردەوام بێت لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکان و قوتابخانەکانەوە پێویستە جەخت بکرێت لەسەر زۆرکردنی سەوزایی و ڕێزگرتن لە دار و درەخت و گرنگیدان بە ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان هەروەها پاک ڕاگرتنی ژینگە.

هەروەها پێویستە ساڵانە ڕۆژێک لەلایەن حکومەتەوە تەرخان بکرێت وەکو ڕۆژی ژینگە کە تایبەت بێت بە کوردستان، لە دوەری ئەو ڕۆژە بۆ ماوەی دوو هەفتە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە چڕتر بکرێنەوە، دەتوانرێت لە ڕۆژەشداهەڵمەتی پاککردنەوەی هەموو کونجێکی شار و شەقامەکان لە هەموو شار و شارۆچکەکان و ڕوواندنی نەمام ئەنجام بدرێت، پێویستە هەوڵ بدرێت هەموو هاووڵاتیان بەشداری پێبکرێن لەم هەڵمەتە بەتایبەتی قوتابیان، پێویستە بەرپرسانیش لە هەرە بەرزترین ئاستدا بەشدار بن لەو هەڵمەتە و ئەوانیش لەگەڵ هاووڵاتیان بەشدار بن لە پاکرکدنەوەی کوچە و شەقامەکان وڕواندنی نەمام.

ھەواڵی زیاتر