سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی میری قەتەر(شێخ تەمیم بن حەمەد) دەکات، بەهۆی کۆچی دوایی باوکیان ( شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی).
ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوخەمی قووڵی خۆیانی بەهۆی کۆچی دوایی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، کە بە میری باوک لە قەتەر ناسراوە، راگەیاند، “بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی میری باوک، شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی (خوای گەورە لێی خۆش بێت)ـمان پێگەیشت”.
سەرۆکوەزیران دەڵێت، “لەم بۆنە خەمناکەدا، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی برامان، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر، بنەماڵەی بەڕێزی ئال سانی و گەلی برای قەتەری دەکەین”.
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە “لە خوای گەورە داواکارین کۆچکردوو بخاتە بەر رەحمەتی فراوانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، پاداشتی خێر و چاکەی هەموو ئەو خزمەتانەی بە وڵات و گەلەکەی پێشکەشی کردووە بداتەوە، و سەبر و ئارامی بە خێزان و کەسوکار و گەلی بەڕێزی قەتەر ببەخشێت”.
شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، بە میری باوک لە قەتەر ناسراوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو لە نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2013 دەسەڵاتی قەتەری بەدەستەوە بووە و بە ئەندازیاری قەتەری نوێ دەناسرێت. کۆچکردوو ساڵی 2013 بە ویستی خۆی دەسەڵاتی رادەستی شێخ تەمیم بن حەمەدی کوڕی کرد.