مووچەی خانەنشینی کرێکاران زیاد دەکرێت

مانگی داهاتوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیاریدا کەمترین مووچەی خانەنشینی ئەو کرێکارانەی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون بۆ 500 هەزار دینار بەرز بکاتەوە، دەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە دەڵێت: بە ئەگەری زۆرەوە مانگی داهاتوو ئەو کرێکارانەی خانەنشین کراون و پێشوو مووچەیان 150 هەزار دیناربووە، لە مانگی داهاتووەوە مانگانە 500 هەزار دینار وەردەگرن..

مەریوان بەکۆگ دەشڵێت: لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسراوی فەرمی بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کرێکاران رەوانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکرێت و دواتر ئاراستەی وەزارەتی کار و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت.

هەروەها باس لەوە دەکات، ” نزیکەی 320 هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستبەرکراون و هەزار و هەشت کرێکاریش خانەنشین کراون و مووچەکانیان جیاوازبووە، بەڵام لە مانگی داهاتووەوە سەرجەم کرێکارانی خانەنشینکراو بڕی 500 هەزار دینار وەردەگرن”

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی 24 ـی حوزەیرانی 2026، بڕیار درا کەمترین مووچەی کرێکارانی خانەنشینی کەرتی تایبەت بکرێتە 500 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێشتر بەپێی ساڵانی خزمەت مووچەکانیان لە 150 هەزار دینارەوە دەستی پێدەکرد، هەروەها بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، هەر کرێکارێکی پیاو لە کەرتی تایبەت تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و خزمەتی 20 ساڵی هەبێت، هەروەها کرێکاری ئافرەت تەمەنی بگاتە 55 ساڵ و خزمەتی 20 ساڵی هەبێت، خانەنشین دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر