نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ ناوی 500 هەزار فەرمانبەر کراوە و نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەریش زەوییان وەرگرتووە.

سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ ناوی 500 هەزار فەرمانبەر کراوە کە رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە. داوا لە شارەوانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ و سەرجەم شارەکان کراوە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خێرا بکەن و هەنگاوەکان جدیتر کراون.

باس لەوەش دەکات: ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ وەرگرتنی زەوی بەگوێرەی مەرجەکان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێی رەزامەندین، هەر کاتێکیش رەزامەندی وەرگیرا پرۆسەی وردبینی لە ناوەکانیان دەستپێدەکات.

سەبارەت بە مەرجی ساڵانی خزمەت، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە مەرجەکان 8 ساڵ خزمەت بوو، بەڵام داواکارییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان 7 ساڵە زەوییان پێبدرێت، ئەو بابەتەش ئێستا لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندندایە، چونکە بەشێک لە فەرمانبەران تەنیا چەند مانگێکیان ماوە مەرجی 8 ساڵ خزمەت بییانگرێتەوە.

لە 27ی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوونە دەرچوو،  دواتر بڕیارەکە لە 28ی ئایاری 2024 لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

ھەواڵی زیاتر