ئابووری

فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی

07-10-2026
فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەندامێکی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، جێگیر کراوە کە 63 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش دەکرێنە هەمیشەیی

سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی رەئووف، ئەندامی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24، زانیاریی نوێی سەبارەت بە چارەنووسی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ساڵی 2027 ئاشکرا کرد.

"پێمان راگەیەنەراوە کە لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، بڕیار دراوە 400 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست لە سەرانسەری عێراقدا بکرێنە هەمیشەیی، کە لەو ژمارەیە 63 هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و دەکرێنە هەمیشەیی".

ئەو ئەندامەی دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لەم بڕیارە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و پێویستە، چونکە چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا پرۆسەی دامەزراندنی فەرمی راگیراوە و ئەمەش لێکەوتەی زۆری لەسەر کەرتی وەزیفی و بژێویی هاووڵاتییان دروست کردووە.