کوردستان

حکومەت بەنیازە ئەپڵیکەیشنی وەیز قەدەغە بکات

07-10-2026
حکومەت بەنیازە ئەپڵیکەیشنی وەیز قەدەغە بکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

حکومەتی عێراق بەنیازە ئەپڵیکەیشنی وەیز [شۆفێران بۆ دۆزینەوەی لۆکەیشن و شوێن بەکاریدەهێنن] قەدەغە بکات. وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت، بڕیارەکە سەرتاسەری دەبێت و هەموو عێراق دەگرێتەوە.

 ئەپڵیکەیشنی وەیز کە لەناو خەڵک لە هەرێمی کوردستان بە وازی ناسراوە، ساڵی 2008 لەلایەن ئیسرائیلەوە دروست کراوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆر بڵاوەوە و خەڵک زۆر بەکاری دەهێنن، بەهۆی ئەوەی سادەیە، مواسەفاتی زۆرە، بەپێی بارودۆخ ئاسانترین ڕێگات بۆ دەستنیشان دەکات، بە دەنگ هەموو شتێکت پێدەڵێت، هەروەها شوێنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلت پێدەڵێت.

مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ئەمڕۆ ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مانگی 12ی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو بەفەرمی ئەپڵیکەیشنی وەیز قەدەغە دەکەین، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە دروست کراوە.

دواتر لە لێدوانێکدا مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکە سەرتاسەری دەبێت و هەموو عێراق دەگرێتەوە.

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئەپڵیکەیشنەکە تاوەکو ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕۆڵێکی خراپیشی گیڕاوە لە شەڕی غەزەدا، بۆیە قەدەغەی دەکەین.

- هەرچەندە وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەڵێت بڕیارەکە هەموو عێراق دەگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە حکومەتی کوردستان بە بڕیارەکە پابەند دەبێت یان نا. چونکە پێشتر زۆر بڕیاری لەمشێوەیە لەلایەن بەغدا دراون کەچی هەموویان لە کوردستان جێبەجێ نەکراون.

 سەرچاوەیەک قسەی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کوردستان کرد، دەڵێن، "جارێ هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم بابەتە نادەین".