لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی بڕیاری نوێی دەرکرد
هەواڵ
لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پێنج بڕیاری نوێی دەرکرد سەبارەت بە دەوامی فەرمانگەکان، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، لادانی زیادەڕۆییەکان و کارکردنی مووەلیدە ئەهلییەکان لە خوێندنگەکان لەکاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12.
لە راگەیەندراوێکی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 9-7-2020) هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەقی بڕیارەکانی ئاشکرا کردووە. بەپێی بڕیارەکانیش لە رۆژی یەکشەممە 12ـی 7ـی 2020 دەوام لە گشت دامودەزگاکانی حکومەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان تایبەتە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەنێو بازاڕی سلێمانی کە ئەویش لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە ئاسایی دەکرێتەوە.
دەقی بڕیارەکان:
بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ، (٢٠٢٠/٧/٩) لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (٤٢)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:
١- بەردەوامبوون لەسەر ئەو خاڵانەی لە گشتاندنی ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٣)ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دیاریکراون، (جگە لەو خاڵانەی لەم گشتاندنەدا دیاریکراون).
٢- لە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/٧/١٢)وە دەوامی فەرمیی گشت دامودەزگا حکومیەکان بەپێی بڕیارو مەرج و ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانی پێشتر ڕاگەیەندراون، دەستپێدەکاتەوە.
٣- هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/١٢)وە بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان ئاسایی دەکرێتەوە.
٤- سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن.
٥- لە ڕۆژی شەممە (٢٠٢٠/٧/١١)وە تاقیکردنەوە وەزارییەکانی (١٢)ی ئامادەیی دەستپێدەکات، بۆ باش بەڕێوەچوونی کەشی تاقیکردنەوەکان و لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، بەسوپاسەوە موەلیدە ئەهلیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبای پێویست لە ڕۆژو ماوەی دیاریکراوی تاقیکردنەوەکاندا بۆ خوێندنگاو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین دەکەن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٠٢٠/٧/٩