ناسا لە بوونی ژیان لەسەر هەسارەی زوهرە دەکۆڵێتەوە
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی “ناسا” ڕایگەیاند، بەشدارییان لەو بەدواداچوونە نەکردووە لەبارەی بوونی ژیان لەسەر هەسارەی زوهرە، بەڵام بڕوایان بە پرۆسەکە هەیە و مەبەستیانە کاری لەسەر بکەن”.
ئاژانسی ناسا لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ” بەم دواییە، توێژینەوەیەك دەربارەى (كیمیا لەسەر هەسارەى زوهرە) لەنێو گۆڤارى (Nature Astronomy) دا بڵاوكراوەتەوە كە ئێمە وەك (ئاژانسی ناسا) تیایدا بەشدار نەبووینە، بۆیە تا ئێستا ناتوانین راستەوخۆ قسەمان هەبێ دەربارەى ئەنجامەكانى، بەڵام لەهەمان كاتدا ئێمە بڕوامان بە پرۆسەکانی لێكۆڵینەوەكە و چۆنییەتى پێداچوونەوەى شارەزایان دەربارەیەوە هەیە و هیوادارین كە گفتوگۆیەكى قووڵ و تێروتەسەلى لەبارەوە بكەین و دەرەنجامەكانیشی بڵاوبكەینەوە”.
ئەوەش هاتووە” بەرنامەیەكى (بایۆلۆژیی – فەلەكیی) فراوانمان هەیە دەربارەى گەڕان بەدواى ژیان بە چەندین رێگاوە، چ لەناو سنوورى سیستەمى خۆر یان لە دەرەوەیدا، وە لەماوەى 20 ساڵى رابردوودا، توانیمان دۆزینەوەى نوێمان هەبێ، كە كۆی دەرەنجامەكانى ئاستێكی بەرزى ئەگەرى دۆزینەوەى جۆرێك لە ژیان لەنێو گەردوونمان پێدەدات”.
ناسا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هەمان حاڵەتەكانى دۆزینەوەى هەسارەى نوێ لە دەرەوەى سنوورى سیستەمى خۆردا، (هەسارەى زوهرە – Venus) دەیسەلمێنێ كەوا نێوەندێكی زۆر سەرنجڕاكێشە بۆ لێكۆڵینەوە و دۆزینەوە، سەرەڕاى ئەوەى تاوەکو ئێستا نەبووەتە بەشێكی گرنگى دۆسییەی گەڕان بەدواى ژیانى دەرەكی لەبەر بەرزیی لە رادەبەدەرى پلەى گەرمیی رووەكەى و پێكهاتەى ئاڵۆزى بەرگە هەوایەكەى و چەندین فاكتەرى فەلەكی دیكە.
ناسا مەبەستییەتی گەشتەکانی داهاتووی بۆ نزیک ئەو هەسارەیە بێت، لەوبارەشەوە دەڵێ” دوو لەو چوار گەشتەى داهاتوو لەنێو چوارچێوەى (پڕۆژەى دیسكەڤەرى) كە (ئاژانسی ناسا) ئەنجامى دەدات، تایبەت كراون بە هەسارەى (زوهرە)، هەروەها ئاژانسی بۆشاییگەرى ئەورووپی ESA ش پڕۆژەى (EnVisiosn) ى ئامادەكردووە بۆ دۆزینەوەى ئەو هەسارەیە كە (ئاژانسی ناسا) ش لەگەڵیدا بەشدارە.
ناسا دەشڵێ” هەسارەی زوهرە (ڤینۆس) نزیکە لە زەوییەوە، ئێمە دەتوانین لە رێگەى كەشتى بچووكیش لێی نزیك ببینەوە و لە رێگەى (زانستی ژیانزانیی – فەلەكیی)یەوە، نهێنییەكانى زیاتر ئاشكرا بكەین”.
دوێنێ دووشەممە زانایانی ئەمریکا و بریتانیا رایانگەیاند، توانیویانە گازی فۆسفین لە بەرگە هەوای هەسارەی زوهرە بدۆزنەوە، کە گازێکی بایەلۆژییە و ئەوەش بەڵگەیە لەسەر گریمانەی بوونی ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە.