لەسێدارەدانی ئەفکاری، سەردانەکەی زەریفی بۆ ئەوروپا هەڵوەشاندەوە
بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی وڵاتانی ئەوروپا بکات و لەسەر داهاتووی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و گەمارۆکانی ئەمریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بریتانیا و فەرەنسا کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی لەسێدارەدانی وەرزشوانی بەناوبانگی ئێرانی نەوید ئەفکاری، سەردانەکە هەڵوەشێندرایەوە.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپی سەردانەکەی جەواد زەریفیان بەهۆی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی وەرزشکاری ئێرانی، نەوید ئەفکاری هەڵوەشاندۆتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هەڵوەشانەوەکەی راگەیاند و سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەڵوەشانەوەی سەردانەکە پەیوەندی بە کێشەی کۆرۆنا هەیە.
رۆژی شەممەی رابردوو، کۆماری ئیسلامی ئێران گەنجێکی وەرزشکاری بەناوی نەوید ئەفکاری لەسێدارەدا کە بە کوشتنی فەرمانبەرێکی حکومەت تۆمەتبار کرابوو.