زاناکانی ڕوسیا مژدەیەکی نوێیان لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە ڕاگەیاند
زانایانی روسیا یەکەم راپۆرتیان لەسەر ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغەکانی کۆتاییاندا، ئاماژەی دروستبوونی بەرگری جەستەی خۆبەخشەکانیان بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێگەیشتووە.
ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتهوه، زانایانی ڕوسیا ڕاپۆرتێکیان لەسەر ئەو ڤاکسینە بڵاوکردووەتەوە، کە بەم دواییانە تەندروستی ئەو وڵاتە ڕەزامەندی لەسەر نیشاندا و تێیدا هاتووە: “هەموو ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە، دژە تەنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکردووە و هیچ کاریگەرییەکی خراپیشی نەبووە لەسەریان”
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی تەندروستی روسیا باسیان لەوەکردووە، کە سێ هەزار لەو خۆبەخشانەی وەڵامدانەوەی باشیان بۆ ڤاکسینەکە هەبووە دەستنیشان کراون بۆ قۆناغی داهاتووتر، کە قۆناغی پێش خستنە بازاڕەوەیە.
هاوكات، هەندێک لە شارەزایانی بواری ڤاکسین نیگەرانییان لەبارەی پەلەکردنی ڕوسیا دەربڕیووە و دەڵێن: “تاقیکردنەوەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان بۆ سەلماندنی کاریگەری و سەلامەتی ڤاکسینەکە، بەڵام مۆسکۆ ئەنجامەکانی وەک وەڵامێک بۆ ڕەخنەگران بڵاوکردووەتەوە”.
کێبڕکێی وڵاتان لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەوامە و لە ئێستاشدا چەندین ڤاکسین لە قۆناغەکانی تاقیکردنەوەدان، هەفتەی ڕابردووش زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی ڕایگەیاند: “ڤاکسینەکەیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووهتە قۆناغی کۆتایی و بە ڕێژەی ٨٠٪ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە .
لە مانگی ئابدا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا سەرکەوتنی یەکەم ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، بەوەش بووە یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، تەندروستی عێراق رایگەیاند، کە ئەگەر ڤاکسینەکەی روسیا بە تەواوی سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەیهێنن و بە خۆڕایش بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەکەن.