عەلی زەیدی تەنیا 30 ڕۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی حکومەت
بڕیارە ئەمڕۆ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدەن. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی تەواوکردنی پێکهاتەی وزاریی حکومەتی نوێیە، ئەمەش دوای ئەوەی عەلی زەیدی بە فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەکە ڕاسپێردرا.
وادەی دەستووری و ململانێی کات
شەوی ڕابردووەوە وادەی دەستووریی زەیدی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکە دەستی پێ کردووە. ناوبراو تەنیا 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە (تاوەکو ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٦) بۆ ئەوەی کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و متمانەی پێ بدرێت.
میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکان
پرۆسەی دابەشکردنی وەزارەتەکان لەسەر بنەمای خاڵبەندی و شایستەی هەڵبژاردن دەبێت، کە نەریتێکی سیاسییە لە دوای ساڵی 2005ـەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت. بڕیارە پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت:
قۆناغی یەکەم: ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی لە نێوان لایەنە سەرەکییەکان (چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی، یەکێتی، تەقەددوم، عەزم و سیادە) بۆ دیاریکردنی پشکی هەر لایەنێک.
قۆناغی دووەم: پێشکەشکردنی ناوی بەربژێرەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو.
سیناریۆکانی بەردەم پەرلەمان
ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، عەلی زەیدی کارنامەی حکومەت و ناوی بەربژێرەکان دەباتە پەرلەمان، لەوێدا سیڤی هەر وەزیرێک بە جیا دەخرێتە دەنگدانەوە.