ڕۆمانی پژمین بڵاوکرایەوە
-ڕۆمانی “پژمین” لە نووسینی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا.
تەوەر یاخود دۆخی سەرەكی ڕۆمانی پژمین، پەتای كۆرۆنایە و بیرۆكەی نووسینیشی بۆ سەروەختی كەرەنتینە لە مانگی سێی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە و هەر لە مانگیشدا تەواو بوو، واتە دەستپێكی نووسینی لە 12/3/2020 بوو،
لە 30/3/2020یشدا كۆتایی هات و هەر ئەوكاتیش هەوڵی نووسینی یەكەمین رۆمان لەسەر پەتای كۆرۆنا لە ماڵپەڕ و پەیجەكان و تەنانەت لە وشەش بڵاو كرایەوە، بەڵام بە هۆكاری كەرەنتینە و هەندێ بابەتی دیكە كە رێگربوون لە بە چاپگەیاندنی، چاپكردنی پژمین بۆ ئەمساڵ دواكەوت، بۆیە دەتوانین بڵیین پژمین یەكەمین رۆمانی كوردییە كە تەوەرە سەرەكییەكەی پەتای كۆرۆنا بێت، چونكە ئەوكات دۆخێكی ترسناك بوو، هەمووان بە چڕی لە پەتاكە دەترسان و ژیانی ئاسایی خەڵكیش گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەسەردا هاتبوو، ئەمەش كاریگەری دەروونی لەسەر خەڵكی بە گشتی دروستكرد و بۆشاییەكی فراوانیش كەوتە نێوان مرۆڤەكانەوە كە لە پژمیندا بە دیقەت و وردییەوە ئەو بۆشاییە ئیشی لەسەر كراوە و بە شێوەیەكی هونەری ستۆری بۆ دروستكراوە.
پژمین، بەرهەمی ئەو كاریگەرییە دەروونییەیە كە ئەوكات دووچاری مرۆڤی كورد و جیهانیش بووەوە، بە بەڵام تێكەڵكردنی چەندین تەوەری دیكە یاخود ستۆری دیكەی وەك عیشق و خۆشەویستی و جەنگ و ململانێ و هەروەها گفتوگۆی ئایینی و غەیرە ئایینی لەسەر پەتاكە، لەگەڵ نۆستالیجیا و حەزی گەڕانەوە بۆ زێد و چەندین تەوەری دیكەش كە هەموویان بە یەكەوە پژمین پێك دەهێنن، لێرەدا حەز ناكەم هەموو شتێك لەسەر رۆمانەكە ئاشكرا بكەم، بەڵكوو ئەوە بۆ خوێنەران جێدەهێڵم و سەرپشكیان دەكەم چۆنچۆنی كۆدەكانی رۆمانەكە دەكەنەوە و خوێندنەوەیان بۆی چی و چۆن دەبێت، گرنگ ئەوەیە هەر رۆمانە و جۆرێك تایبەتمەندی و روئیای تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەوە دەڵێن، دۆخی سەرەكی پژمین، وەك ئەوە وایە وێنەی مانگی سێی ساڵی رابردووی چركاند بێت، ئەویش بە تێكەڵكردنی خەیاڵ و چیرۆكگەلێكی هونەری، نەك تەنیا ئامارەكانی گواستبێتەوە.
پژمین، ئێستا بڵاوکراوەتەوە و لە ڕێی ماڵی وەفایی بەسەر کتێبفرۆشەکان دابەش دەکرێت.