“ئەو شارەی کە ناخەوێت”

لە ئاسمان هیچ کەس نەخەوتووە، هیچ کەس هیچ کەس. بوونەوەرانی مانگ بۆنی کوخەکانیان دەکەن و خۆیانی بۆ مەڵاس دەدەن.

ئیگوانا زیندووەکان دێن و گاز لەو پیاوانە دەگرن کە خەون نابینن، پیاوە دڵشکاوەکە پەلەیەتی و لە سوچێکی شەقامەکە تیمساحێکی نامۆ دەبینێت کە لە ژێر نەرمی گازاندەی ئەستێرەکاندا ئارامی گرتووە.

هیچ کەس لە جیهان دا نانوێت، هیچ کەس 

هیچ کەس

هیچ کەس نەخەوتووە

لە گۆڕستانێکی دوورەدەست، تەرمێک هەیە سێ ساڵە گلەیی دەکات، چونکە خاکێکی ڕووتەن بەسەر ئەژنۆکانیەوەیە،

وە ئەو منداڵەی ئەمڕۆ ناشتیان، بە کوڵ گریا

تا سەگەکانیان بانگ کرد بۆ بێدەنگکردنی

ژیان خەونێک نیە، وریابە، وریابە، وریا

ئێمە لە پلیکانەکانەوە دەکەوین تا لە زەوییە شێدارەکان بخۆین

ئێمە لەگەڵ دەنگی دالیا مردووەکاندا بە لێواری چەقۆئاسای بەفردا سەردەکەوین،

نە لەبیرکردن هەیە، نە خەون

وریابە، وریابە، وریا 

ئەوەی هەیە جەستەی سەرشارە لە ژیان

لە بێشەڵانی شادەمارە نوێیەکاندا، 

ماچ زمانمان گرێ دەدات.

ئەوەی بەدەست برینێکەوە ئازار دەچێژێ، تا هەتایە پێیەوە دەناڵێنێ

ئەوەی لە مەرگیش بترسێت، دەبێت وەک بارێک لەسەر شانی هەڵی بگرێت

ڕۆژێک ئەسپەکان لە مەیخانەکان دا دەژین 

مێروولە توڕەکانیش خۆیان دەخەنە ئەو ئاسمانە زەردانەی کە لە چاوی مانگاکاندا پەنایان گرتووە

ڕۆژێکی تر؛

پەپوولە مردووەکان لە مردن دەگەڕێنەوە 

هێشتا بەسەر دەشتی ئیسفەنجییە خۆڵەمێشییەکان و کەشتییە ماتەکاندا ڕێ دەکەن

دەبینین ئەنگوستیلەکانمان دەبریسکێنەوە و لەسەر زمانمان بەهار چرۆی نوێ دەردەکات

وریابە، وریابە، وریا

ئەوانەی هێشتا سیمبوولی تۆقین و دڕندەییان هەڵگرتوە

ئەو کوڕەی کە دەگری، چونکە دەربارەی بوونی پردەکان هیچی نەبیستووە

ئەو تەرمەش کە ئێستا تەنیا خاوەنی سەر و پێڵاوەکانیەتی

هەموو ئەوانە دەبێ ببرێنە پاڵ دیوارەکە 

لەو شوێنەی کە ئیگوانا و مارەکان چاوەڕێن

لەو شوێنەی کە ددانی ورچەکان چاوەڕێن

لەو شوێنەی کە دەستی مۆمیاکراوی کوڕەکە چاوەڕێیە و مووی حوشترەکەش بە موچڕکێکی توند گرژ دەبێ

هیچ کەس لە ئاسماندا نانوێ 

هیچ کەس، هیچ کەس

هیچ کەس نانوێ

ئەگەر یەکێکیش چاوەکانی لێکنا 

بەرقامچی بدەن، کوڕینە بەر قامچی!

با لێگەڕێین ئەوێ ببێتە ئاخی چاوەکراوەکان 

ئاخی برینەگڕگرتووەکان

کەس ناخەوێت لەم جیهانە دا

کەس، کەس

پێشتر ئەمەم وتووە

کەس ناخەوێت

ئەگەر شەوێک لەسەر لاجانگی کەسێک کەڕوو بە چڕی گەشەی کرد

دەرگا نهێنیەکەی بۆ واڵا بکەن

تا لەژێر تریفەی مانگە شەودا 

پێکە خەستەکان و ژەهر و کەللەسەری شانۆکان ببینێت.

فیدریکۆ گارسیا لۆرکا

لە ئینگلیزییەوە دەراو عەزیز

ھەواڵی زیاتر