کۆمەلەچیرۆکی ”هۆڤ” بڵاو دەبێتەوە 

کتێبی هۆڤ بڵاو دەکرێتەوە و بەم زووانەش مەراسیمی ناساندنی بۆ دەکرێت.

بەڵێن سابیر، نووسەری کتێبەکە بە باڵکێشی ڕاگەیاند، ”هۆڤ” پێکهاتووە لە هەشت چیرۆک، هەر چیرۆکێک فەزایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لە هەموو چیرۆکەکان دۆخێک هەیە، کە وەک ئەوەیە دوای ئاوازێکی بزربوو بکەوێت، سوودفەی دەنگی شکانی ئێسک و پێکەنینی خنکاو بکەیت. سارد و ڕاڕا، یەک چرکە وێنەی خۆت زووم بکەیت، زۆر شت نەبینیت، تەنیا هەر خۆت و ژوورێک، خۆت و تاریکییەک، خۆت و هەزار چیرۆک.

نووسەر وتیشی: کارەکە هەوڵ نییە بۆ کردنەوەی هیچ گرێیەک، بەڵکوو کۆشانە بۆ دۆزینەوەی گرێیەکان، ئەو گرێیانەی دەکرێ قوڕگ بگرن و لە قسەمان بخەن، ئەو گرێیانەی ڕەنگە نامەی مەرگمان بن. لەم دنیا ئاڵۆزکاوەدا، واز لە هەموو شتێک دەهێنن، دێین لە مەتبەخ بەیەکەوە، تووڕەبوون بە چەقۆیەکی تیژ قاش دەکەین و پێکەنینیش دەشارینەوە. ترسی گەورەی ناو چیرۆکەکان ئەوەیە ژیان بەو جۆرە نەبینین، کە دەمانەوێت.

بەڵێن سابیر ئاماژەی بەوەشدا، لەناو چیرۆکەکان تێکەڵ بە مۆنۆلۆگى زانین و نەزانین دەبین. بەردەوام كەسێك پرسیار لەخۆى دەكات، یان لە زمانى كەسێكى ترەوە پرسیار لەخۆى دەكات و بەردەوامیش “نازانێت”.

هۆڤ کە دیارە ناونیشانی چیرۆکەکانە. وشەیەكى خنكاوە، وشەیەك كە هێشتا نەهاتۆتە دەرەوە. بەڵام هەیە. لێرە لە باشووری کوردستان، لە ناوچەی بادینان بەکاردێ. بە مانای وەحشییەت.

بەڵێن سابیر لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٢ی هەولێرە. براوەی خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بووە بۆ چیرۆکی” چەند تەقەیەک و سەد پلیکانەی…” ساڵی ٢٠١٨، چەندان چیرۆکی لە بڵاوکراوەکان بڵاو کردووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر