لە کاتێکدا پێنج ڕۆژ بەسەر کارەساتی کەوتنی ئۆتۆمبێلی خێزانێکی خەلیفانی بۆ ناو ڕووباری گەلی عەلی بەگ تێپەڕ دەبێت، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندان و هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانییە تاڵەکانی بنەماڵەی قوربانییان.
دوایین پێشهات: دۆزینەوەی لەوەندی حەوت ساڵان
دوای نزیکەی 100 کاتژمێر لە گەڕان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، کاتژمێر 5:50 خولەک، تیمی گەڕان توانییان تەرمی لەوەند خورشیدی تەمەن حەوت ساڵان لە ناو جەرگەی ڕووبارەکەدا بدۆزنەوە و ڕادەستی کەسوکاری بکەنەوە.
وردەکاریی شێوازەکانی گەڕان
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە بە شەش ڕێگەی جیاواز بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی هیچ شوێنێک بەبێ پشکنین نەمێنێتەوە، بەکارهێنانی تیمی غەواس بۆ شوینە قووڵەکان و بەکارهێنانی موگناتیس، قولاب، هەروەها گەڕانی مەیدانی و پیادەڕۆیی بە درێژایی کەناراوەکانی ڕووبارەکە و بەکارهێنانی حەفارە بۆ لادانی بەربەستەکان و دروستکردنی شەپۆلی دەستکرد بۆ جوڵاندنی بنکەی ڕووبارەکە، گەڕان بەردەوامە.
ئامانجی ئێستای تیمەکان
ئێستا هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو قوربانییەی تری ڕووداوەکەیە کە بریتین لە، ئادەم خورشیدی، تەمەن سێ ساڵان و مینا عیسا، کچێکی تەمەن 17 ساڵان.
باکگراوندی ڕووداوەکە
شەوی 1ـی ئایار، خێزانێکی پێنج کەسی لە کاتژمێر 9:45 خولەک وەرگەڕا و کەوتە نێو ڕووباری گەلی عەلی بەگەوە، هەرچەندە دایک و باوکەکە بە سەلامەتی ڕزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بێسەروشوێن بوون.