شۆفێران دەتوانن مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان بە موبایل هەڵگرن لە جیاتی کارت

بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لەسەر سەکۆی (KRDPass) پەسەند کرا. لەمەودوا مۆڵەتی دیجیتاڵی هاوشێوەی مۆڵەتی کارت، هێزی یاسایی دەبێت و لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆوە کاری پێ دەکرێت.

بە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوێک دەرچوو، تیایدا هاتووە: بەیانی ژمارە (11)ی ساڵی 2026 تایبەت بە “پەسەندکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی” راگەیەندرا. ئەم بڕیارە لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دراوە.

شوفێر دەتوانێت بە یەکێک لەم دوو شێوازە مۆڵەتەکەی بخاتە ڕوو:
1- مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی (کارت).
2- مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی (دیجیتاڵی) کە لەسەر سەکۆی (KRDPass) لەناو ئامێرە زیرەکەکاندا بەردەستە.

لە ماددەی سێیەمی بەیانەکەدا جەختکراوەتەوە کە مۆڵەتی دیجیتاڵی هەمان هێزی یاسایی و خەسڵەتی مۆڵەتی کارتی هەیە. فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری (BIT) بەرپرس دەبێت لە دیاریکردنی خەسڵەتە تەکنیکییەکان و دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستنی زانیارییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک لە ڕێگەی سیستەمی “پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی” (Electronic Verification).

ئەم بڕیارەلە 19ی ئایاری 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.

هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی تەنها یەک ئەپڵیکەیشنەوە (KRDPass) ناسنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانیان بە دیجیتاڵی هەڵبگرن و لە بازگە و خاڵەکانی پشکنینی هاتوچۆدا بەکاری بهێنن.

ھەواڵی زیاتر