عێراق لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر وڵاتانی کەنداو پێکدەهێنێت

دوا بەدوای تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانە پێکبهێنێت کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو، هاوکات جەختی لە گرتنەبەری ڕێکاری توند کردەوە بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندجارێک لە ناو خاکی عێراقەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرش کرایە سەر خاکی سعوودیە و ئیمارات. ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی توندی ڕیاز، ئەبوزەبی و سەرجەم وڵاتانی تری کەنداوی لێکەوتەوە؛ هاوکات هەردوو وڵاتەکە هۆشدارییان دا کە بێدەنگ نابن و ڕێکاری پێویست دژی ئەو هێرشانە دەگرنەبەر.

لەسەر ئەم بابەتە، باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمیی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق بەفەرمیی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەنادات خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

عەوادی ئاماژەی بەوەش کرد بەغدا بە بەردەوامیی کار دەکات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە، لەو چوارچێوەیەشدا عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریداوە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەم لایەنانەدا پێکبهێنرێت:

وەزارەتی بەرگری

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان

یەکە سەربازییەکانی سەر سنوور

ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە لێکۆڵینەوە دەبێت لە سەرچاوەی هێرشەکان، هاوکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش لەسەر خەت دەبن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری.

وتەبێژی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو کە عەلی زەیدی، خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی کارەکانی ئەم لیژنەیە و دەرئەنجام و ڕێکارەکانی دەکات. ڕوونیشیکردەوە کە حکومەت هەموو ڕێکارێکی گونجاو بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەبەر، متمانەی خۆشی بە هێزە ئەمنییەکان دەربڕی کە خاوەنی توانا و تەکنەلۆژیای هاوچەرخن بۆ بەدواداچوونی گۆڕانکارییەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

ھەواڵی زیاتر