بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و پاک راگرتنی شار و شەقامەکان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە سەرپێچیکارانی ژینگە راگەیاند.
دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ چیتر فڕێدانی زبڵ و خاشاک لەناو ئۆتۆمبێلەکانەوە بە “رەوا و ئاسایی” نابینرێت و لەمڕۆوە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
لە بڕیارەکەدا هاتووە هەر ئۆتۆمبێلێک، چ شوفێرەکەی بێت یان سەرنشینەکانی، زبڵ و خاشاک فڕێ بدەنە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، بە بڕی 40هەزار دینار سزا دەدرێن.
ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دروستکردنی “کوردستانێکی پاک و خاوێنتر”ە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان بن بۆ ئەوەی دووچاری سزای دارایی نەبنەوە و سیمای شارەکانیش بە جوانی بمێننەوە.