لە عێراق هیچ کەسێکی توشبوو بە ڤایرۆسی هانتا تۆمار نەکراوە
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند کە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا تۆمار نەکراوە و چاودێریش دەکەن، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست و پێشوەختە بگرنەبەر.
سیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە، بەڵام بە بەردەوامی چاودێری دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەکرێت و وەزارەت بەردەوامە لە بەدواداچوونی پێشهاتەکان و هەموو ئامادەکارییەک کراوە.
بەدر لە راگەیەندراوەکە دەڵێت، هاتنا ڤایرۆسێکی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەکاندا، بەڵام گوێزرانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ پەیوەستە بە شوێن و رەنگە لە هەندێک کات و شوێندا رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە پەتایەکی توند و مەترسیدار. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری کراوە بۆ رێنمایی زانستی بە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە تەندروستییەکان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی.
لە 2ی ئەم مانگەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بەریتانیا ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە تۆمارکردنی چەند حاڵەتی هەناسەتەنگی توند لەنێو سەرنشینانی کەشتییەکی گەشتیاری پێگەیشتبوو، دواتر لە 4ی ئایاردا لە باشووری ئەفریقا پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستی کردەوە کە نەخۆشێکی تووشبووی ڤایرۆسی هانتا تۆمارکراوە، بەمەش کۆی تووشبووان گەیشتوونەتە حەوت کەس.
هەر چەندە ئەمە ترسێکی جیهانی نییە، چونکە تەنها چەند کەسێک تووشی بوون و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بە ئاسایی وەسفیکردووە، بەڵام ئامادەکاری پێشوەختە دەکرێت.