عێراق داوای کردووە کە لە وەرزی هاویندا کارەبایان پێ بدەن، کە پێدەچێت لە هاویندا پێویستیان بە 60 هەزار مێگاوات کارەبا هەبێت، بەڵام بەرهەمی ئێستایان 18 هەزار مێگاواتە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە کارەبایەک رەوانەی عێراق ناکڕێت. پێش رووداوەکان رۆژانە بە تێکڕا 1200 مێگاوات کارەبایان لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕی. لە هەندێک کاتیشدا دەگەیشتە 1800 مێگاوات کارەبا.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: “لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کارەبمان پێ بدەن”. هەروەها “پێشبینی دەکات لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا خواست لەسەر بەکاربردنی بگاتە 60 هەزار مێگاوات کارەبا”
ئەحمەد موسا عەبادی، باسی بەرهەمی ئێستا کارەبای عێراقی کرد و گوتی: “ئێستا نزیکەی 18 هەزار مێگاوات کارەبایە”؛ هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ “نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا؛ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی گاز”.