بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دانیشتنی تایبەت بە متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-05-2026، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ دانیشتنی دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاری نوێ تەواو کراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمان چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە بۆ دیاریکردنی کاتی وردی دانیشتنەکە، کە پێشبینی دەکرێت بکەوێتە ڕۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە.
لە سبەینێوە دەست دەکرێت بە ناردنی بانگهێشتنامە بۆ سەرکردە سیاسییەکان، دیپلۆماتکاران، نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە فەرمی کارنامەی وزاریی حکومەتەکەی ڕادەستی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کردووە، بڕیارە سبەی زانیاری و وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە کات و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە بڵاوبکرێتەوە.
جێی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوە دوای ماوەیەک لە گفتوگۆی سیاسی دێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و پەرلەمان هەوڵ دەدات وەک نەریتی هەمیشەیی بە ئامادەبوونی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پرۆسەی دەنگدانەکە ئەنجام بدات.