داهات ڕەوانەی بەغداد کرا و خشتەی مووچە ڕادەگەیەندرێت

بڕی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی چوار، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێر بانکی ناوەندیی فیدراڵ.

لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوەش، نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بۆ خێرا راپەراندنی کارەکان تا پێش ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەردانی سعوودییە بکات؛ رێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو بکات.

ئەم بڕە داهاتەش دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی لێکگەیشتنی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگەش 120 ملیار دینار نانێرین چونکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران کێشەی داهاتی نانەوتی هەبوو و هەردوو حکوومەتیش لەسەر ئەم بابەتە لێکگەیشتنیان هەیە.

سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند “هەر کاتێک پارەکەی بەغدا بگاتە سەر هەژماری وەزارەتمان، راستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنین.”

ھەواڵی زیاتر