ڕۆژی چوارشەممە 06-05-2026، لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان تابلۆیەکی نوێ لەسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی دانرا و زمانی کوردی لەسەر نەبوو، تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی ئاماژەی پێکرا بوو، ئەوە ناڕەزایەتیی خەڵکی شارەکەی لێکەوتووەتەوە و تابلۆکەیان هێنایە خوارەوە.
هەڵکێشانی تابلۆ بێ کوردییەکە و کاردانەوەی جەماوەری
گرژییە سیاسی و نەتەوەییەکانی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە سەریان هەڵدایەوە؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، تابلۆیەکی نوێیان لەسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی شارەکە جێگیر کرد کە زمانی کوردی فەرامۆش کرابوو، تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەستەواژەی باڵەخانەی دادی حەسەکەی لەسەر نووسرابوو، ئەم هەنگاوە دەستبەجێ کاردانەوەی توندی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکی جەماوەریدا تابلۆکە لەسەر باڵەخانەکە هێنرایە خوارەوە، چونکە بە لادان لە بنەماکانی پێکەوەژیان و ناسنامەی ناوچەکە لەقەڵەم درا
پێداگری دیمەشق لەسەر دەستوور و تاکە زمانی فەرمی
لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی حکومەتی سووریا هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە لەوەی، بەپێی دەستوور تەنیا زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی کۆماری عەرەبیی سووریایە، ئەم یاسایانە لە قۆناغی ئێستادا جێگیرن و ڕێگە بە تێپەڕاندنیان نادرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر گۆڕانکارییەک لە پێگەی زمانەکاندا یان دان پێدانان بە زمانێکی دیکەدا پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستووری و یاسایی هەیە، کە دەبێت لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکان و پەرلەمانی سووریاوە یەکلایی بکرێتەوە کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەکانی دەستپێبکاتەوە
چارەنووسی ڕێککەوتننامەی نێوان هەسەدە و حکومەت
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 2026ی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە حکومی و خزمەتگوزارییەکان بۆ ناو وەزارەتەکانی دیمەشق دەستی پێکردووە، بەڵام پرسی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی وەک یەکێک لە بەربەستە هەرە گەورەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە ماوەتەوە.
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەوڵەی حکومەتی سووریا بۆ سەپاندنی زمانی عەرەبییە لە دامەزراوە فەرمییەکاندا، کە دەبێتە هۆی زیاترکردنی مەودای نێوان پێکهاتەکان و تێکدانی ئەو کەشە سیاسییەی بڕیار بوو لە ڕێگەی ڕێککەوتنە نوێیەکەوە بەرەو سەقامگیری هەنگاو بنێت