مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 09-05-2025، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوە، وزە، بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگريی تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

سەرۆکوەزیران ستایشی ڕۆڵی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.

پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکومەت پشتگیری بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.

ھەواڵی زیاتر