مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی “مزگەوتی گەورەی بارزانی” دادەنێت. کە شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا دەبێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و لە رێگەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و راسپاردنی ئەندازیار گۆران رەشید فەتاح، سەرۆکی تیمی “گراف” وەک تیمێکی خۆماڵی، دیزاین کراوە.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سروشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندی بارزانی نەمرە، کە قۆناخ بە قۆناخ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت. هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، و شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا.
بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە 1 ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.
لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆکەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی و نەقش و نیگاری کوردەواری دامزراوە؛ باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی “رەشماڵی کوردی” و باڵەخانەکانی تر لەسەر شێوازی “خێوەتی کوردی” دیزاین کراون.
بەشەکانی مزگەوت:
– هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی 9,000 کەس دەبێت و لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە.
– حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە 700,000 کەس دەبێت.
– هۆڵی بۆنە ئایینییەکان.
– گەورەترین کاتژمێری رۆژی.
– گەورەترین نافوورەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان.
– بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان.
– 4 منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر.
– گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان.
– کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان.
– هۆڵی کۆنفرانس.
– مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی.
– قوتابخانەی ئایینی.
– هۆڵی نانخواردنی گشتی.
– هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان.
– گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد.
– گەورەترین پارک.
– بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی.
– شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.